Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲۵ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۷ | 16/08/2018 | کاتژمێر:
ئەندیشە

د.ناهید حوسێنی: پێویستیمان بە پێکهێنانی بەرەیەکە بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلام

06/08/2018 | 20:32:03
+A
-A
دیمانە: ئازاد مستۆفی

خاتوو دوکتور ناهید حوسێنی لەدایکبووی شاری کرماشانە و لە بەریتانیا دەژی، توێژەری کاروباری ڕاهێنان و ئافرەتانە تایبەت بۆ ئێران. کارناسیی باڵا و دوکتۆرای «ڕاهێنان، ڕەگەز و گۆڕانکارییەکانیی نێودەوڵەتی»ی هەیە و خاوەنی چەند کتێب و بابەتگەلێکە لە بواری پەروەردە و ڕاهێنان و ڕۆڵی ئافرەتان لە گۆڕینی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا.
د. ناهید حوسێنی لێکۆڵەری سیاسیشە و هەر لەم ڕوانگەیەوە لەم دیمانەیەدا هەوڵ دەدرێ گۆشەنیگاکانی دۆخی ئێستەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەودا بێنینە ئاراوە:

سپاس بۆ بەخشینی کاتتان بە ڕۆژنامە «کوردستان» و پرسیاری یەکەمم لەوەوە دەست پێ دەکەم کە بەڕای بەڕێزتان کۆمەڵگەی ئێران ئێستە لە چ قۆناغێکی گۆڕانی کۆمەڵایەتی دایە؟
لەم دەساڵەی ڕابردوودا و هەلومەرجی ئێستەی ئێران، خەباتی خەڵک زۆرتر لە چوارچێوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان خۆی دەرخستووە، وەکو بزووتنەوەی ئافرەتان، بزووتنەوەی پاراستنی ژینگە، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شوناسخوازی، بزووتنەوەی کرێکاریی و هتد. هەندێجار بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە چەند قۆناغی جۆراوجۆر پێک دێن، سەرەتا بابەتێکی دیاریکراو کە گرفتی گرووپێکی تایبەتی کۆمەڵایەتییە لە ئاستی ئەوانەی بەرژەوەندییان تێدایە؛ دێتە گۆڕێ و پاشان لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ئاستی وڵاتدا دەخرێتە بەر ڕای گشتیی و بەهێز دەبێ و لەئاکامدا بەهۆی وەڵامدەرنەبوونێکی گونجاو لەلایەن ئۆرگانی پەیوەندیدارەوە، خواستە بەجێنەهێنراو و وەڵامنەدراوەکە دەبێتە دروشمێکی دیاریکراو و لە شەقامدا دەوترێتەوە. واتە ئەم پڕۆسەیە دوو قۆناغ لە بزووتنەوە لەخۆ دەگرێ و لە قۆناغی سێهەمدا کەمتاکورتێ ناڕازییەکان دەر دەکەون کە کێن و دەڵێن کە چییان دەوێ و چییان ناوێ. ئەم قۆناغە زۆر گرنگە چونکە ئەگەر بزووتنەوەکە سەرکوت نەکرێ، پێ دەنێتە قۆناغی چوارەم کە هەڵبژاردنی ڕێبەرانیەتی. پێموایە ئێستە بزووتنەوەکان لە قۆناغی سێهەم دان.
نابێ ئەوەشمان لەبەرچاو نەبێ کە لە ئەگەری ڕوودانی چەند خۆپیشاندان و مانگرتنێکی بەرینی تر، گۆڕەپان و هەلومەرجی گونجاو بۆ سەرهەڵدانی ڕێبەرانێک کە بتوانن لەلایەکەوە ئەو بزووتنەوانە بەشێوەیەکی نوێ ڕێک بخەن و لەلایەکیتریشەوە کۆڕ و حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە لە کاریگەریی بزووتنەوەکاندان بە لەیەک نێزیکبوونەوە بەپێی بنەمای هاوبەش، ناچار بکەن.

بابەتێکی بەڕێزتانم دیت کە ئاماژەیەکت بە دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران کردبوو هەربۆیە دەمویست بپرسم هۆکارەکانی شکستی سیاسی و ئابووریی ئێران چین؟
ئێران وڵاتێکی پڕپیت و دەوڵەمەندە بەڵام بەداخەوە بەهۆی بەڕێوەبەریی نەزانانە، ئێمە بەدەیان ساڵ لەو وڵاتانەی کە هاوئاستمان بوون، گەڕاوینەتە دواوەوە و خاوەنی ئابووریی داڕماو و دواکەوتووین. بەڕای من هۆکاری سەرەکیی وەها کارەساتێک جۆری ڕوانینی حکوومەتی ئێرانە بۆ ئەم جیهانە و وڵاتدارێتیی و بانگەشەی هەناردەکردنی بەربڵاوی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی_شیعیی خۆیەتی.
یەکێک لە ئاکامەکانی وەها ڕوانینێکی کارەساتبار، هەڵسەنگاندنی عەقیدەتیی هەر شتێکی بچووک یان گەورەیە کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەبێ. لە وەها دۆخێکدا ئیتر ئابووریناس و پسپۆڕ شوێنێکی نییە کە خۆی تێدا ببینێتەوە. پڕدیارە بەهۆی نەبوونی سەرپەرشتییەکی دروستەوە، دەسەڵاتداران دەبنە هۆی لەنێوچوونی سەروەت و سامانی وڵات و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ و، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێ و پێناخۆشبوونی وڵاتانی ناوچەکەی بەدواوە دەبێ. تەکنۆلۆژیا لە مۆدێڕنکردنی پیشەسازیی و ئابووریدا دەور دەبینێ بەڵام حکوومەتی ئێران بەهۆی جۆری جیهانبینییەکەیەوە، نەیتوانیوە لە وڵاتانی پێشکەوتووەوە بەدەستی بێنێ. کاتێک حکوومەتێ نەتوانێ لە گۆڕەپانی سیاسیدا لەگەڵ وڵاتانیتر تەعامولی هەبێ، هەلومەرجی ئابوورییەکەشی تووشی مەترسی دەکا.

بەسەرنجدان بە فرەنەتەوەییبوونی ئێران، نەتەوەکانی دانیشتووی ئەو جوغرافیایە دەتوانن چ ڕۆڵێکیان هەبێ لە سەقامگیریی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا؟
ڕاستە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە بەڵام نێوەڕۆکی سیستمی دەسەڵاتدارێتییەکەی لەسەر بنەمای دووچاوەگییە. خۆیی و ناخۆیی هەیە. شیعە و فارس بە شوناسی سەرتر دەزانێ و ئەم نابەرامبەرییەش بووەتە هۆی ئەوەیکە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران بۆ وەدەستهێنانی مافی خۆیان هەوڵی بەربڵاو بدەن و خوازیاریی دروستکردنی کۆمەڵگەیەک بن لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و مافی شارۆمەندی. تێکۆشەرانی ئەم بوارە خاوەنی ئەزموونی دەیان ساڵەن و بەشێکی بەرچاویان دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن و سیستمگەلی جۆراوجۆری وڵاتدارییان دیتووە. ئەوان ئێستە دەتوانن ئەزموون و زانستی خۆیان بۆ دروستکردنی هەلومەرجێکی یەکسان بۆ هەمووان و سەقامگیریی مافی مرۆڤ وەگەڕ بخەن. پێداویستیی بەجێهێنانی ئەم ڕۆڵە، نیزیکی و هاودڵییە و پاشان هەبوونی پلان و ڕێکخستن و هەروەها بوونی میدیایەکە بۆ گەشەی کولتووریی ئەمڕۆیی کە خوازیاریی بەرامبەریی یەکسانی هەموو خەڵک بێ. دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت و سامان دەتوانێ ڕکابەرێکی دروستکەر لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران بخوڵقێنی بۆ ئەوەی بەڵکوو دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیان بەشێوەیەکی مۆدێڕن، نۆژەن بکەنەوە.

لەم دواییانەدا هەندێ خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکانی ئێران ڕوویان دا، بەڕای بەڕێزتان چ کەموکوڕی و هەڕەشەگەلێ ئەو ناڕەزایەتییانەی بەرتەسک و سنووردار کردووەتەوە؟
دەکرێ وەڵامی پرسیارەکە بکرێتە دوو بەش. یەکیان ڕۆڵی حکوومەتە و ئەویتریان ئۆپۆزیسیۆنە. حکوومەت بەهۆی سەرکوتەوە نەیهێشتووە ناڕازییان ڕێکخستنیان هەبێ و کاناڵەکانی هەواڵیشی داخستووە و بەدامەزرانی ئەرتەشی سایبەری، چالاکان کۆنتڕۆڵ و بەرتەسک دەکاتەوە و گەشە بە بێمتمانەیی لە نێوان چالاکاندا دەدا.
ئیسڵاحتەڵەبەکانیش کە بەشێکن لە حکوومەت هێشتا ناتوانن هەڵوێستی خۆیان بەشەفافی ڕابگەیەنن و بەئومێدی پاراستنی حکوومەت و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، پشتگیریی بونیاتگەراکان دەکەن. بۆ نموونە ڕۆڵی خاتەمی، سەرکۆماریی پێشوو لەم هەلومەرجەی ئێستەدا زیان بەپڕۆسەی دێموکراسیخوازیی خەڵک دەگەیەنێ. هەروەها نابێ ڕۆڵی ئەم ئۆپۆزیسیۆنەش لە نائومێدکردنی خەڵک بە کەم بزانین. ئەم ئۆپۆزیسیۆنە خاوەنی حیزبگەلێکی کلاسیک و ڕێبەرانێکە هەمیشە نەفەری یەکەمن و بەشێوەیەکی سرووشتی ناتوانن خۆیان لەگەڵ پێویستییەکانی ئەمڕۆ و هەلومەرجی نوێ بگونجێنن.
لاوبوونی حەشیمەتی ئێران و جیاوازبوونی شێوازی خەباتیان، بێگومان مەودایان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن زیاد دەکا. کەشی ئازادیی دەرەوەی وڵاتیش نەیتوانیوە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لەسەر لانیکەمەکان یەکگرتوو بکا و ببنە پشتیوانی ناڕازییانی نێوخۆی وڵات. ئۆپۆزیسیۆن ئێستەش دەتوانێ کەڵک وەربگرێ لەم کەشە و لەسەر بنەماگەلێکی هاوبەش، بەرەیەکی فراوان بەمەبەستی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی پێک بێنێ. ئێستەش هەندێ لایەنی لایەنگری چەپی کۆمۆنیستی بە خەیاڵی دژەئیمپریاڵیستبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سیاسەتێکی ڕوونیان لەهەمبەریدا نییە و داکۆکیشی لێ دەکەن یاخود بەشێک لە هێزەکانی ڕاستی نەتەوەیی لەترسی بەسوورییەبوونی ئێران، پەنا بۆ قاسم سولێمانی دەبەن. ئەوە لەکاتێک دایە ترەمپ و پوتین بەیەکەوە لەسەر دابەشکردنی وڵاتان پلان دادەڕێژن. سەبارەت بەخەڵک دەتوانم بڵێم هێشتا هاوئاهەنگییەکی گونجاو لە نێوان بزووتنەوەکان و شارە جۆراوجۆرەکان نەهاتووەتەئاراوە و ئەمە خاڵێكی لاوازە. بۆ نموونە کاتێکی ئەو خەڵکە زۆرەی پارەیان لەلایەن بانکەکانەوە خورابوو چەند مانگ لە شەقامەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەهۆی فشاری دەسەڵاتەوە، گرووپە کۆمەڵایەتییەکان نەیانتوانی پشتیوانییەک لەو بارودۆخە بکەن. هەروەها لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردووشدا کاتێ خەڵکی بێکار خۆپیشاندانیان کرد، چینی مامناوەند کەمتر هاوکاریی کردن. ئەم لاوازییانە بەرتەسککردنەوەیەکی جیددین بۆ بردنەسەری ئاستی بزووتنەوەکان.

ئەگەر بمانەوێ ئەم باسە کۆبکەینەوە خاڵە لاوازەکان و دەرفەتەکانی بەردەم جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک کامانەن؟
سیستمی سیاسی و ئابووری حکوومەت کار ناکا و ئاستی ناڕەزایەتیش زۆر لەسەرەوەیە و تابۆی دەسەڵاتی مەزهەبی شکاوە و خەڵک لە هاتنەسەر شەقام ئیتر وەکوو جاران ناترسن. لەنێو ئۆپۆزسیۆنیشدا چالاکییەکان زیاتر بووە، حکوومەت ناتوانێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابخا و هەرچەند سەرکوت هەیە بەڵام بزووتنەوەکانیش هەر هەن. ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵک بووەتە ڕۆژانە. وڵاتانی پشتیوانی ئێرانیش پشتیان تێ کردووە و ڕووسیە لە ئیسرائیل و ئەمریکا نیزیکتر دەبێتەوە. چین و ژاپۆن ئاستی کڕینی نەوتی ئێرانیان کەم کردووەتەوە. هەلی باشیش هەیە کە دەکرێ کەڵکی لێ وەربگیرێ، وەکوو بوونی دوو دەسەڵاتی هاوتەریب لە وڵات، دەوڵەتی ڕووحانی و دامودەزگەی خامنەیی و سپای پاسداران. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ورد بێ دەتوانێ لەم دژبەرییە باشترین کەڵک وەربگرێ. ئێرانییەکان دەتوانن کەڵک لە کەشی ئازادی دەرەوەی وڵات وەربگرن هەم بۆ یەکگرتوویی و هەمیش بۆ دیالۆگێکی بونیاتنەر لەگەڵ هێزەکانی بێلایەن و هەروەها بانگەشەدەرانی ئیسڵاحخوازیی. ئاشکراکردنی نفووزییەکانی حکوومەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێ کۆڕ و کۆبوونەوە. بەڵام ئەو دەرفەتەی کە نابێ لە دەستی بدەین ئەوەیە کە پێنج میلیۆن ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتن و دەبێ بەشداریی کارایان لە کۆمەڵگەی سیاسیی ئێرانیی دەرەوەی وڵات بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگیی و بەرەیەکی فراوان بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێ و نابێ خۆببوێرن لە وەدینەهاتنی؛ چونکە دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەکانی خەڵک لە نێوخۆی وڵاتدا.

پێگە و بارودۆخی بزووتنەوەی ئافرەتان لە جووڵانەوە ئێعترازییەکانی ئەم دواییانەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئافرەتان هەمیشە پێشڕەوی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی بوون بەتایبەت بەدانی درووشمی «نا بۆ سەرپۆشی زۆرەملێ» داکۆکییان لە ئازادیی تاکەکەسی کردووە. شێوەی خەباتی ئافرەتان حیزبی نییە بەڵکوو بزووتنەوەییە و ئافرەتان لە هەموو بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بەشدار بوون. لە ناڕەزایەتیدەربڕینەکەی «کچانی شەقامی ئینقلابی تاران» کە شارەکانیتریشی گرتەوە، هەتا ئێستە ٢٩ کەس گیراون. یەکێک لە تۆمەتەکانی خاتوو نەسرین ستوودە کە ئێستە لە زیندانە داکۆکی لە مافی «کچانی شەقامی ئینقلاب» بووە. خاتوو نەرگس محەممەدی کە نەخۆشیشە خەریکی تێپەڕاندنی ١٥_١٦ ساڵ زیندانەکەیەتی. ئافرەتان بۆ گەیشتن بە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان هەوڵی جێی سەرنجیان داوە. هەزینەی زۆریشیان داوە و خەباتی ئافرەتان لە هەموو ئێرانە و تایبەت بە نوخبەکانی تارانەوە نییە. ئافرەتان لە هەموو شوێنێک هەن و ناکرێ چالاکیی ئەوان بە حیزب و ڕێکخراوەیەکەوە تایبەت بکەین بەڵکوو دەبێ ببینین چ کاریگەرییەکیان هەیە بەسەر گۆڕانی کۆمەڵایەتیی ئێراندا.

چ ڕێگەچارەیەکی گونجاو و بەکردەیی هەیە بۆ هاوکاریی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی وڵات؟
لەڕاستیدا ئێستە خەباتی سەرەکی لە شەقامەکانی ئێرانە و لێگەڕین ئەوان کاری خۆیان بکەن. ئۆپۆزیسیۆن بەڕای من بەدوای ئەواندا دەڕوا و ناڕەزایەتییەکان شرۆڤە دەکا، لەکاتێکدا خەڵکی ئێران هەنووکە پێویستیی بە پشتیوانە و دەبێ بۆ پشتگیرییان سەردانی ناوەندەکانی نێودەوڵەتی وەکوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لێبوردنی نێودەوڵەتی و هتد بکرێ. لۆبیگەریی لە دەرەوەی وڵات زۆر گرینگە بۆ نموونە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانمان داکۆکی وڵاتانی ئەورووپاییە لە ئێران. دەبێ لە ئاگەدارکردنەوەدا کارا بین و یا ئیسڵاحتەڵەبەکانیی دەسەڵات بە گفتوگۆ بەو قەناعەتە بگەیەنین کە ئەم حکوومەتە هیچکات ئەو کاڵایە نەبووە بە باڵای خەڵک بێ و بەبۆنلێدان و ڕوتووشکردنی ئیتر ناتوانن بۆگەنیوەکەی بشارنەوە.

وەکو دواپرسیار چ ئەڵتەرناتیڤێ دەتوانێ لەم کاتەدا پتر ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببێتەوە و خەڵک بەرەولای خۆی ڕابکێشێ؟
پێموایە لەم کاتەدا پێویستیمان بە پێکهێنانی بەرەیەکە بۆ تێپەڕێن لە کۆماری ئیسلامی بەڵام بۆ گەیشتن بەم مەبەستە سەرەتا پێویستیمان بە هاودڵییەکیی نەتەوەیی بەدانانی بنەمایەکە. بنەماگەلێکی وەکوو دێموکراسیخوازی، جیایی دین لە دەوڵەت و قبووڵکردنی جاڕنامەی مافی مرۆڤ. هەنووکە بەرەی نامتمانەیی، جیاوازیی بیروڕای نێوخۆیی و ترس لە یەکتر، دیوارەکەی بەرزترە. لەکاتێکدا ئەگەر سەرنج بدەینە گرفتی سەرەکیی کۆمەڵگەی ئێران کە درزی گەورە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی ئیستبدادیدا هەیە، ئەگەری گەیشتن بەهەلومەرجێ بۆ لابردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئۆپۆزیسیۆن پتر دەبێ. خەڵک لە نێوخۆ کاتێک بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین دەڕۆنە شەقامەکان لەیەکتر هیچ جۆرە پرسیارێ ناکەن چونکە دوژمنی سەرەکییان لەبەرچاوی خۆیان دەبینن. ئەگەر هەموو هێزەکان ڕەزامەند بن لەسەر ئەو تێپەڕینە و هەڵبژاردنی جۆری سیستمی دەسەڵاتدارێتی بۆ دوایی حکوومەتی ئیسلامی هەڵبژێرن، هەلومەرجێکی گونجاوتر بۆ بەیەکەوەبوون دەخوڵقێ.
لێرەدا پێویستە کە ئەم ڕەخنە لە حیزبەکانی کوردستان بگرم کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە دوژمنی سەرەکیی خۆیان دەبینن، بۆ یەکیەتییەکی بەکردەوەیی لانیکەمی، دەبێ واز لە ناکۆکی ڕا و حیزبییانەی خۆیان بێنن. کوردەکان بەسەرنجدان بەپانتایی جوغرافیایی و حەشیمەتی و ئەزموونی خەباتیان دەتوانن ڕۆڵی سەرەکییان لە سەقامگیریی دێموکراسی لە ئێراندا هەبێ. من ناتوانم لەوە تێ بگەم بۆچی بەشێکی گرینگ لەوان هێشتا بەم ڕۆڵە گرنگەی خۆیان نازانن؟

زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیەدا
سپاس بۆ ئێوەش

لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)