هەرچەند دەتوانین پێشینەی دەسەڵاتی خەڵکسالاری و دێموکراسی لە یۆنانی کۆنیشدا بدۆزینەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لەو سەردەمیشدا کەسانێکی وەک ئەفلاتوون ڕەخنەگری ئەو شێوازە لە بەڕێوەبەری بوون و پێیان وابوو کە زۆرینەی خەڵک شایانی ئەوە نین بڕیار لەسەر دۆخی سیاسییان بدەن و کەڵکوەرگرتن لەو شێوازە لە بەڕێوەبەری دەبێتە کۆسپێک بۆ پلاندانان و بڕیاری دروست و ڕێگای پێشکەوتن دژوار دەکا.
دیارە لەوانەشە ئەو بۆچوون و بیرۆکەیە لە زەمانی ئەفلاتووندا بە هۆکاری جیاوازی نائاگایی کۆمەڵانی خەڵک و هەزار و یەک بەڵگەی دیکە پاساوهەڵگر و گونجاو بووبێ، چونکە بە کردەوە لەوکاتەوە هەتا ئەو چەند سەد ساڵەی ڕابردوو زۆر بەدەگمەن شوێنەوارێک لە دەسەڵاتێکی دێموکراتیک لە مێژوودا بیندراوە و زۆربەی کاتەکان دیکتاتۆرەکان شەرعییەتی خۆیان لە زەبروزەنگ و خوێن و پارە وەرگرتووە و حوکمڕانییان کردووە.
خاڵی سەرنجڕاکێشی مێژوو ئەوەیە: لە زۆرینەی ئەم دەورانەشدا، بەرزترین ئاستی گەشەی ئەدەبی و هونەری و ئابووریی وڵاتان هاوکات بووە لەگەڵ دەسەڵاتداریی دیکتاتۆرە بەهێزەکان کە بەجۆرێک بۆچوونەکەی ئەفلاتوون پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام بە درێژایی مێژوو دەرئەنجامی گشتیی ئەم شیوازە لە حوکمڕانی، پێشاندەری بێسەرهوبەری، ئاژاوە و ستەم لە سەرجەم چین و توێژەکانی نەتەوەکانە، هەر بۆیەش لەو ماوەیەدا ئێمە شاهیدی گەشە و پێشکەوتنی بیرۆکە و شێوازی نوێ بۆ پێناسەکردنی ژیان و دەسەڵاتدارەتی بووین کە شەرعییەتی خۆی لە دین و ئایین وەردەگرت و وای دەنواند کە لەبەر ئەوەی لە وەها مۆدێلێکی حوکمڕانیدا، حکومەت بەڕێوەبەری فەرمانی خودایە، ئەوا دادپەروەرانەترە و توانایی گەیاندنی مرۆڤ بە کەماڵ زیاتر دەکا. بەڵام زۆر زوو ئاشکرا بوو کە ئەم بیرۆکەیە بووەتە ڕووکەشێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی دیکتاتۆرییەکی زۆر قورستر و بێنرختر لە مۆدێلی پیشوو. بە شێوەیەک کە تەنانەت شانسی خەڵک بۆ دژایەتیکردنی حاکمی ستەمکار، بەهۆی ئەوەی وەک دوژمنایەتیکردنی خودا و ئایین لێک دەدرایەوە، کەمتر لە جاران بوو و لە مێژوودا ڕەشترین سەردەمەکان ئەو کاتانەن کە وەها مۆدێلێکی حوکمڕانی جێبەجێ کرا.
ئەو ڕەوتە هەروا درێژەی هەبوو هەتا سەردەمی ڕێنیسانس لە ئورووپا کە خەڵک بە جێی پشتبەستن بە بیروبۆچوونی پێشینیانی خۆیان و پەروەردەی ئایینی، ڕوویان کردە لێکدانەوەی عەقڵانیی پرسی حوکمڕانی و زۆر زووتر لەوەی کە پێشبینی دەکرا، تێگەیشتن کە ئەوەی لە ئاییندا بنچینەی عەقڵانیی هەیە جێی پەسند و ئەوەی بنچینەی عەقڵانیی نییە لە لاوە وەرگیراوە، یان بابەتی حوکمڕانی نییە و ئەگەریش بدرێتە پاڵ حوکمڕانییەوە، ناتوانێ بەڵگەیەکی باش و گونجاو بێ بۆ حوکمڕانی.
لوتکەی ئەو ڕەوتە کە بەکردەوە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە پێناسه سیاسییهکان بوو بە ڕوانگەکانی جان لاک کە وەک باوکی شێوازی ئەزموونگەرایی ئاوێتە دەبێ کە بۆ مرۆڤ بەدەر لە نژاد و ڕەگەز و … مافی ژیان، تەندروستی، ئازادی و خاوەندارێتی بە مافی سرووشتی مرۆڤ دەزانێ و بە پشتیوانی لەوان، ئەرکی دەوڵەت وەک سەقامگیریی ئاسایش بە تایبەت لەهەمبەر مەترسییە دەرەکییەکان، بەڕێوەبردنی یاسا و گرەنتیکردنی مافی سرووشتیی مرۆڤەکان و لە کۆتاییدا ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە بەرژەوەندی کەسییان تێدا نییە وەک: پارێزگاری لە ژینگە و … چڕ کرایەوە. هەر کەسە و مافی ئەوەی هەبوو بە پێی بارودۆخی خۆی و بەو لێکدانەوەیە کە مافی سرووشتیی سەرجەم مرۆڤەکان نەخاتە ژێر پێ، بۆ گەیشتن بە ژیانێکی بەختەوەرانە هەنگاو هەڵبگرێ.
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، دوو بیرۆکە هەوڵیان دا لەسەر بنەمای پاشخانە کۆنەکان خۆیان دەگەڵ زانستی نوێ ڕێک بخەن و سیمایەکی نوێ لە خۆیان نیشان بدەن کە یەکیان کۆمۆنیزم بوو و ئەوی تریان سەروەریی خەڵک لە ئاییندا بوو. هەر دووی ئەو عەقڵییەتانە ئیدیعایان دەکرد لەسەر بنەمای بەشداریی مرۆڤ لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی، مرۆڤ دەگەیەننە کۆتا مەنزڵگە و، کەرامەتی شیاوی خۆی پێ دەبەخشن. یەک لەوانە ڕەگ و ڕیشەی لە خواناسیدا بوو و ئەوی تریان لە زانست و لە دیالیکتیکی مێژووییدا. لە پێوەندی لهگەڵ کۆمۆنیزمدا، لە دوای ڕووخانی سۆڤییەت و هەڵگەڕانەوەی وڵاتی چین لە بناخە و بنچینەکانی بازاڕ و سەرمایە و لە کۆتاییدا سیما جۆراوجۆرەکانی حوکمڕانیی دێموکراتیک لەگەڵ بنچینەکانی سۆسیالیزم، دەکرێ بڵێین لە هێندێک بابەتدا جیاوازیی چینایەتی هەموو ئەو پێداویستییانەی بازاڕی سەرمایە ناگرێتە خۆ بەڵام لە ڕەوشی تایبەتدا قەبوڵ دەکرێ؛ بەڵام دەسەڵاتدارییەتی لە شێوەی ئیدئۆلۆژیکی خۆیدا جێگای بەرگری نییە و دەکرێ بڵێین دواجار دەبێتە دیکتاتۆری و یان جگە لە لەبەریەکهەڵوەشان چی تری لێ چاوەڕوان ناکرێ. لە پێوەندی لەگەڵ سەرەوەریی خەڵک لە ئاییندا، ئەو بابەتە لە سەردەمی مەشرووتەخوازی لە ئێران دەستی پێکرد و ژمارەیەک لە ئیمانداران پێیان وابوو؛ مەشرووتییەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجەکانی ئایینی جێگای پەسند نییە و مەشرووتییەت ئەو پێشوازییە گەرمەی لێ نەکرا و سەرلەنوێ وڵاتی ئێران تووشی جۆرێک لە دیکتاتۆری بوویهوه کە ڕواڵەتێکی مەشروتەخوازانەی لەخۆ گرتبوو. ئەو بابەتە نەبوو بە پێوانەیەک کە لایەنگرانی عەقڵییەتی سەرەوەریی خەڵک لە ئاییندا دەست لە ئیدیعاکانی خۆیان هەڵگرن و بەردەوام لەسەر بۆچوونەکانی خۆیان پێداگرییان دەکرد. لە ماوەی پەنجا ساڵدا هەوڵیان دەدا سیمای سەروەریی خەڵک لە ئاییندا بە کارتێکەریی ئەندێشەی کەسانی وەک شەریعەتی و هەوڵە بە ئاکام نەگەیشتووەکانی کەسانی وەک ئایەتوڵڵا موتەهەری، پێناسە بکەن. بە داخەوە لە ساڵی ٥٧دا هەر ئەو کەسانە بە پشتبەستن بە زێهنییەت و فیکرییەتی ئایینیی خەڵکی ئێران کە دیکتاتۆڕی لە ئێراندا قەت بۆ ڕۆژێ لە ڕۆژان ئیزنی ناسینی مەکتەب و بیرۆکەکانی دیکەی پێ نەدابوون، هاتن و بە بێئەوەی بزانن ئایا خولیا و ئاواتەکانی ئەوان بەو شیوەی کە دەبێ دەگەڵ بناژۆخوازیدا یەک دەگرێتەوە یا نا، بەڵێیان بۆ کۆماری ئیسلامی گوت و ئەو وڵاتەیان تووشی سەرلێشوان و قەیران کرد. ئەو تاقمە ئەزموونێکیان لە ئێراندا دووبارە کردەوە کە ٣٠٠ ساڵ پێشووتر تاقی کرابۆوه و تێکەوەپێچرابوو. ساڵەکانی سەرەتای شۆرش لە ئێران بە یەکترسڕینەوە، دەرپەڕاندن و خەڵک تۆقاندن دەستی پێ کرد و دواتر بە شەڕی بێئاکامی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق درێژەی کێشا. بێگومان لەم دەمودەستەدا کەس چاوەڕوانی وەدیهاتنی خولیا و ئاواتە لەمێژینەکانی خۆی نەدەکرد. هەر ئەوەی کە نیزامی دەسەڵاتدار لە ئێراندا توانیبووی لە بەرانبەر ئەو هەموو شەڕ و نەهامەتییەدا لەسەر پێ بوەستی و درێژە بە تەمەنی خۆی بدا، فەخر و شانازی بە خەڵکەکەی خۆی دەفرۆشت. لە دوای شەڕی ئێران و عێراق، سەرەڕای ئەو هەموو ڕق و کینەی کۆماری ئیسلامی دەرهەق بە ئیسرائیل و ئامریکا و سازکردنی دوژمنی خەیاڵی، دیسان کۆماری ئیسلامی نەیتوانی وەڵامی داخوازی و خولیاکانی خەڵک بداتەوە و ئیدی ئەو بیرۆکەی وڵاتی ئێران لە قۆناغی تێپەڕاندنی شۆڕش دایە و دەبێ ئەو قۆناغە هەستیارە لەبەر چاو بگیرێ، لە لایان خەڵکەوە چیدی پێشوازیی لێ نەکرا. قوناغی سازکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە کە لە ئێراندا بە ( دوران سازندگی) ناسراوە، بە هەڵگرتنی دروشمی سپاردنی ئەرک بە لێزان و پابەندبوون بە بنچینەکانی ئایینی ئیسلام دەستی پێکرد، بەڵام هەر دوای ماوەیەک دەرکەوت ئەوەی لەو قۆناغەدا کاری پێ ناکرێ و پشتگوێ دەخرێ، لێهاتوویی و بەرپرسایەتییە. لەو قۆناغەدا کەسانێک هاتنە سەرکار و جڵەوی بهڕێوهبهری و ئاوەدانکردنەوەی! ئەو وڵاتەیان گرتە دەست کە کەمترین شارەزاییان لە بوارەکاندا هەبوو و ئەگەریش لەو پێوەندییەدا ڕەخنەیەک گیرابا، ئەوا دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران لە جیاتی بەخۆداچوونەوە و بەهێندگرتنی ڕەخنە، رووی خۆی گرژ دەکرد و بە گژ ڕەخنەگراندا دەچووە. سەرەنجام دوای هەشت ساڵ خەڵک گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ئەو شێوە لە بەڕێوەبردنی وڵات بەکار نایە و دەبێ بیر لە شێوەیەکی دیکە بکرێتەوە. لەوکاتهدا گرووپێک بە دروشمی ڕێفۆرمخوازی پەیدا بوون و پێیان وابوو کە ئامانجەکان هیچ کێشەیان نییە، بەڵکوو خوێندنەوەی نادروست لە ئامانجەکان ئەو ئاکامەی داوەتە دەست و هەر بۆیە بزووتنەوەی ڕێفۆرمخوازی لە دایک بوو. کارنامەی ئابوورییش لەو خولەدا وەک پێشووتر زۆر جێگای تێڕامان نەبوو و ئەگەر لە هەق لانەدەین، لەو خولەدا وڵاتی ئێران تەنیا تا ڕاددەیەک کرانەوەی فەزای سیاسیی پێوە دیار بوو کە ئەویش لە ژێر چەتری تۆقاندن و تیرۆر و کوشتنی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیدا هەر وەبەر چاو نایە. هەر بۆیە خەڵک لە ئێران بەو ئاکامە گەیشتن کە خەڵکسالاریی دینی ئەو بیرۆکەیە نەبووه و ئەوە نەبوو کە لە سەرەتادا شۆڕشیان بۆ کرد و ئەو هەموو باجەیان بۆ دا. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە خەڵک لە ئێران لە نیزامی ئیسلامی و قەول و بەڵینەکانی ئەو نیزامە توندئاژۆیە وەڕەز ببوون و لە هەمبەر بیروباوەڕەکانی خۆیاندا بێتەفاوەت و پاسیڤ ببوون. لەو سەروبەندەدا جڵەوی دەسەڵات لە ئێران کەوتە دەستی کەسانێک کە باوەڕیان بە کۆماریخوازی نەبوو و بە بۆچوونی خۆیان هۆی پاشکەوتوویی ئەو وڵاتە ئەوە بوو خەڵک ڕووی لە ئیسلاحات کردووە و لە ئەسڵ و بناغەی ئیسلام دوور کەوتووەتەوە. ئەو خولە لە تەمەنی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە مەترسیدارترین خولەکانی تەمەنی ئەو ڕێژیمەیە لە بواری ئەخلاقی، ئابووری و سیاسیدا. دیپلۆماسی و پێوەندی دەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بوو بە تێکەهەڵچوون و بە گژیەکدا هاتن لە نێوخۆ و چەند دەستەیی و هەڕەج مەڕەج ساز بوو. گەندەڵی و ناکارامەیی گەیشتە چڵەپۆپە، چەند دەستەیی و دووبەرەکی تەنانەت لەنێو ئەو کەس و لایەنانەی کە خۆیان بە دڵسۆزی ئەو نیزامە دەزانی و جێگای متمانەی ئەو ڕێژیمە بوون، پەیدا بوو. تەنانەت دەستە و گرووپەکانی دەسەڵاتدار بە لەقاودانی یەکتر و ناوزەدکردنی یەکتر بە خائین، لادەر(انحرافی) و فیتنەش، لە یەکتریان سڵیان نەکردەوە. خەڵکی ئێران لەو نێوەدا دەیاندی کە غەیری حەزرەتی سوڵتان! کەس نەماوە پللارێکی وەبەر نەکەوێ. خەڵک لەو خولەدا بەو ئاکامە گەیشت کە تەمەنی بیرۆکەی خهڵکسەروەریی لە ئاییندا بە کۆتا مەنزڵی خۆی گەیوە و کەس ئیدی چاوەڕوانی قەومانی مۆجیزە نەبوو کە ڕوو بدا و ئەوان بە خولیا و ئاواتەکانی خۆیان بگەیەنێ. ڕەوتی حاکم و باڵادەست لە ئێران هیچ شانسێکی بۆ پێوەندی و تەعامول لە خەڵکدا نەهێشتەوە، تەنانەت ڕەوتی توندئاژۆ کە نکۆڵی لە دەنگی خەڵک و سەروەری خەڵک دەکرد، مەیلیان بەلای ڕەوتی میانەڕەوی نێو نیزام سووڕا و دەنگەکانیان خستە پاڵ دەنگی ئەوان بۆ ئەوەی بەڵکوو ئەوان بتوانن ئەو ڕێژیمە لە قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان ڕزگار بکهن. ئەوان بە ئۆمێدەوە دەنگیان خستە پاڵ دەنگی میانەڕەوەکان بەڵکوو ئەوان بتوانن دوایین پەلەقاژەکانی خۆیان بۆ ڕاگرتنی نێوەرۆکی ئەو نیزامە بکەن. ڕەوتی حاکم و باڵادەستی نیزام کە غەیری بیرۆکەی خۆیان سازانیان دەگەڵ هیچ تاقم و گرووپێک نەبوو، دەستیان دایە ڕکابەرایەتی و ڕەخنەگرتن لە دەوڵەت و کارشکێنی. هەر بۆیە دوایین دەنگەکانی خەڵک تیری خەڵاسێک بوو لە جەستەی حاکمییەتی باڵادەست و بە جۆرێک لە جۆرەکان «نا» گوتن بوو بە پڕۆژەی حاکمییەتی موتڵەقەی ئەوان. ئیدی لەمەوبەدوا حاکمییەتیش وەزن و سەنگی خۆی دەزانێ و باوەڕی بەوە هێناوە کە سیستمێکی کۆنەپەرەستە و هیچ بایەخێک بۆ دەنگ و بیروڕای خەڵک دانانێ. هەر بە سانایی وەزعکردنی یاسا و رێسا بۆ کپکردن و فیلتێرکردنی تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان کە زیاتر لە ٤٥ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی ئێران کەڵکی لێ وەردەگرن ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخا.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئاژاوەنانەوە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، سازکردنی قەیرانی ئاو، قاچاغی کەلوپەل، بەلاڕیدابردنی بیروڕای گشتی، کێشە سازکردن بۆ خەڵک لە هەمبەر چۆنیەتیی جلوبەرگ پۆشیندا و … خەڵکی تووشی سەرلێشێوان و ژیانی کۆڵەمەرگی کردووە و دەستەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە لە ژێرەوە خەریکی دزی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەن، هەر بۆیە بە شیوەی ڕواڵەتیش بێ دەزانن خەڵک لە ئێران چیتر ئەوانی ناوێ، بەڵام دەیانهەوێ لە دواساتەکانی تەمەنی ئەو نیزامە باشترین کەڵک وەرگرن و ئەسپی خۆیان لەو هەڕەج مەڕەجهدا تاو بدەن، چونکە بە تەواوبوونی تەمەنی نیزام یان تەواوبوونی سامان و سەروەت لە ئێران ئەو رەوتە ئەگەر رەهێڵیش بێ تازە بایەخی نامێنێ. بۆیە بژین ئەو کەسانەی دەنگیان دا بە «رووحانی» بۆ ئەوەی ئاخرین کارتی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموان ئاشکرا بێ و بخوێندرێتەوە و دوابزمار له تابووتی گهل سالاریی دینی بدرێ.
لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)