لاوێکی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بریتانیا گەورەترین خەڵاتی جیهانی فیڵدز ناسراو بە خەڵاتی نۆبڵی بیركاری بەدەست هێنا، کە هەر ٤ ساڵ جارێك بە زانای بواری بیركاری دەبەخشرێ.
خەڵاتی نۆبڵی بیركاری لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بێرزیل پێشكەشی ٤ زانای بیركاری كرا، یەكێكیان پڕۆفیسۆر فەرەیدوون درخشانی “کۆچەر بیرکار” بوو، كە كوردێكی خەڵکی ئاوایی “نێ”ی سەر بە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ساڵی ١٣٥٧ لە دایک بووە و ئێستا لە وڵاتی بریتانیا دەژی.
پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا گوتی “هیوادارم دڵی 40 میلیۆن کوردم خۆش کردبێ و بزەیەکم خستبێتە سەر لێوی زێدە بچوکەکەم”. جگە لە پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، ئەلسیۆ فیگالی، پیتەر شوڵتزێ و ئەکشای ونکاچیش لە بەرانبەر خزمەتەكانیان بە بواری بیركاری لە جیهاندا، خەڵات کران.
ناوبراو قوناغی دوکتورای لە زانستگەی ناتینگهام لە بریتانیا تەواو کردووە و لە ساڵی ١٣٨٥وە وەک پرۆفسۆری بیرکاری لە زانستگەی کەمبریج دەست بەکار بووە.
پڕۆفیسۆر کۆچەر ماوەی چەند ساڵە وەک پەنابەر چووەتە وڵاتی بریتانیا و ئێستا لە زانکۆی کمبریج لەم وڵاتەدا مامۆستایە. کۆچەر بیرکار جگە لە خەڵاتەکە، بڕی 15 هەزار دۆلاریشی پێبەخشرا، كۆچەر پێشتریش خەڵاتی لورهۆڵمی لە بواری بیركاریدا وەرگرتبوو.