دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئامریکا لە درێژەی گوشارەکانی بۆسەر ئێران ڕایگەیاند؛ ئامادەیە لەگەڵ حەسەن روحانی و دەوڵەتی ئێران دانیشتن بکات و چاوپێکەوتنی هەبێ، بەڵام نەک وەکوو ڕێککەوتنی بەرجام کە هەر کات بە فێرۆدان و کاغەز ڕەش کردنەوە بوو.
رۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژە بە کاتی واشنگتۆن دۆناڵد تڕامپ بە بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ جووزپە کوونتە سەرۆک وەزیری نوێی ئیتالیا بە باس کردن لە تیروریسم ئاماژەی بە کۆماری ئیسلامی داو، ڕایگەیاند کە هیچکات ڕێگە نادا ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.
سەرۆککۆماری ئامریکا لە وڵامی هەواڵنێرێک لە پێوەوندی لەگەڵ ئەگەری چاوپێکەوتن لەگەڵ حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران، لەو بارەوە گوتی: ئێمە ئامادەین بۆ دیدار، بەتایبەتی ئێستا کە دەوڵەتی تاران بارودۆخی باش نیە و، لە ئاکامدا هەر ئەوەش روو دەدا.
تڕامپ لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: ئامادەیە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ حەسەن روحانی، بەڵام تەنیا دیدارو چاوپێکەوتن عیلاج نیە، نامانهەوێ وەکوو ڕێککەوتنی بەرجام بێ، کە تەوافۆقێکی خراپ بوو، من ئامادەم بە بێ پێشمەرج بۆ ڕێککەوتنێکی باش، لەگەڵ حەسەن روحانی چاوپێکەوتن بکەم.
شیاوی باسی سەردانی سەرۆکوەزیری ئیتالیا بۆ ئامریکا، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پرسی گەمارۆکانی ئامریکا بۆسەر ئێران، چونکە ئیتالیا گەورەترین کڕیکاری ئورووپایی نەوتی ئێرانە.