تەنگەی”باب المندب” کە ئاوڕێگایەکی گرینگی نێونەتەوەییە، بەتایبەتی بۆ گواستنەوەی نەوتی وڵاتانی کەنداو، بە هۆی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر پاپۆڕەکانی عەڕەبستان نائەمن کرا.
بە پێی هەواڵی رۆیتێرز دوای ئەوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوویەمین کەشتی نەوتهەڵگری عەرەبستانی سەعوودی لە لایەن “ئەنساروڵلا”ی یەمەنەوە( حەوسییەکان) کرایە ئامانج و، زیانی لێکەوت، وەزیری نەوتی عەرەبستانی دوای ئەوەی باسی لە ڕاگرتنی تێپەڕینی کەشتیە نەوتهەڵگرەکانی ئەو وڵاتەی کرد بە تەنگەی “باب المندب”دا.
هیزەکانی ئەنساروڵڵا یان حەوسییەکانی یەمەن لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هاندراون و یارمەتییان دەکا بۆ ئاژاوەنانەوە بە دژی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی بەرەی عەرەبی بە سەرۆکایەتی عەرەبستانی سەعوودی.
تەنگەی “باب المندب” کە بە تەنگەی هورموزی دوویەمی ئێران باسی لێدەکرێ، ئاوڕێگایەکی گرینگە و، لە چەند ساڵی ڕابردوودا عەرەبستان هەوڵیداوە بە کۆنترۆڵ کردنی ئەو تەنگەیە پێش لە ناردنی چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ میلیشیاکانی یەمەن بگرێ.
دەگوترێ بە داخستنی “باب المندب” ئێران هەنگاوی بۆ جێبەجێ کردنی هەڕەشەکانی بەدژ ئامریکا و هاوپەیمانەکانی هەڵهێناوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوایین هەڕەشەکانی حەسەن روحانی بە دژی پێش گرتن لە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە، ناوبراو سەرلەنوێ هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورموزی کرد.