دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژێک دوای ئەوەی لە تویتێکدا هێرشی کردە سەر ئێران، دەرگای وتووێژەکانی بۆ ئێراندا بە کراوەیی هێشتەوە و گوتی: ئامادەین ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی ببەستین.
سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی ڕابردوودا بە توندی هێرشی کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و، هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئەمریکا بکەنەوە ئەوا ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی خراپ دەبنەوە.
بەڵام ماتیس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کالیفۆرنیا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە ڕەفتارەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی ، لەوانەش پشتیوانیکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریە لە شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە و پشتیوانیکردنی حوسییەکانی یەمەن کە لەدژی دەوڵەتی ئەو وڵاتە شەڕ دەکەن .
هەروەها ماتیس گوتی ” ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئێران ڕەفتارەکانی باش بکا و بیسەلمێنێ کە وڵاتێکە هەست بە بەرپرساێتی دەکا. ناکرێ هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێ و لە ناوچەکەدا بەردەوام پشتیوانی لە تیرۆر کەمینە توندڕەوەکان بکا.”
لە لایەکی دیکەش دوای هەڕەشەکانی حەسەنروحانی لە ئامریکا ، رێبەری نیزام پشتیوانی لێکرد و مانشێتی رۆژنامەی کەیهان سەر بە بەیت ڕێبەری ، لە زاری وتەبێژی “ئەنساروڵڵا” بە ڕاشکاوی باسی لە مووشک بارانی وڵاتانی کەندا و هاوپەیمان لەگەڵ ئامریکا کرد و نووسیویەتی: سارۆخەکان بەرەو دوبەی، ئەبووزەبی و ڕیاز لە ڕێدان، چۆڵیان کەن” کارناسانی سیاسی ئەوە بە بانگەشەی شەڕی ئاراستە کراو لە لایەن خامنەییەوە دەزانن.
بەرانبەر بە هەڕەشەی دەمڕاستەکانی دەوڵەتی ئێران، سەناتوور لیندزی گراهام لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا دەوڵەتی ئێرانی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاشتی جیهان لە قەڵەم داو، بەرپرسانی ئێرانی بە توندڕەو و سەرەرۆ باس کرد و ڕایشگەیاند: گۆڕانی رێژیمی تاران تەنیا ڕێگای دەربازبوونی رۆژهەڵاتی ناڤینە لە شەڕو ئاژاوەی هەمیشەیی.