ڕۆژی دووشەممە ۱ی گەلاوێژ لە لایەن دەست و پێوەندییەکانی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێرانەوە ناوچەیەکی زۆر لە ژینگەو بەرزاییەکانی دەوروبەری شاری سەقز ئاگری تێبەردرا.
ئەو شوێنانەی کە ئاگری تێبەرداوە، ڕووبەرێکی بەرینی لە دەورووبەری بنکەی سەربازی ساڵح ئاوا تا بەرزاییەکانی جاقل کە پانتایەکی یەکجار زۆر و زەوی کشتوکاڵی هاوڵاتیان و لە زۆر شوێندا ژیان و ماڵی خەڵکی تێدا بووە.
جێگەی ئاماژەیە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە و ناوەندی ئاگر کوژێنەوەی ئەم شارە و ئەنجوومەنی ژینگە پارێزانی ساحێب بەڕێوە چوو، کە ئەنجوومەنی ژینگە پارێزانی شارۆچکەی ساحێب زۆربەی قورسایی و بەڕێوەبردنی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا بەڕێوە برد.
هەر لەو پێوەندییەدا حەتووی ڕابردو دادگای شۆڕشی شاری سنە لە بڕیارێکدا سزای ۱٦ مانگ زیندانی بەسەر هەر یەک لە ژینگەپارێزانی شاری مەریوان سەپاندووە .
سێ چالاکی بواری مەدەنی ژینگە پارێزی شاری مەریوان بە ناوەکانی، فاروق سەعیدزادە ، لایەق ئەحمەدی ، ئازاد ڕۆحی بە تۆمەتی کوژاندوەی ئاگر کە لە دارستان و لەوەڕگاکانی دەروبەری مەریوان بەردەرێت هەر یەک بە ۱٦ مانگ زیندان سزا دراون ..
ئاگر دانی دارستانەکان و چیاکانی زاگرۆس لە لایەن سپای پاسدارانی ڕژیمەوە هەموو ساڵێک ئەنجام دەدرێت و پەردپۆشی تاوانی تاوانبارانیش دەکرێت ،و بکەری تاوانی سوتاندنی ژینگەی کوردستان نەدۆزراوەتەوە و دیار نیە بەڵام ئەوکەسانەی کە دڵسۆزی ژینگەن و ئاگرەکان دەکوژێنەوە دەبێت سزا بدرێن.
ئەو سێ کەسە ژینگە پارێزە لە ساڵی ۱۳۹٤ی هەتاوی بە تۆمەتی ژینگەپارێزی و کوژاندنەوەی ئاگری تێبەردراوی جەستەی ژینگە و سەوزایی چیاکان هەریەک ۳۳ ڕوژ لە گرتوخانەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری سنە دەستبەسەر ولێکۆڵینەووەیان لێکرابوو.