Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 24/10/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

هەمیشە قاسملوو… هەمیشە…

23/07/2018 | 02:43:24
+A
-A
! شێرکۆ بێکه‌س

نه‌ ئاو كۆتایی‌ بۆ هه‌یه ‌‌و نه‌نووسین له‌سه‌ر ئه‌و
نه‌ مانگ له‌م ئاسمانه‌ ئه‌بڕێ‌‌ و
نه‌ شێعری‌ ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و
نه‌ هه‌ڵاڵه‌ سوورایی‌ ئه‌چێته‌وه ‌‌و نه‌ خوێنی‌ ئه‌و
قاسملوو به‌فرێكی‌ سووره ‌‌و… كلوو… كلوو
چوار وه‌رزه‌ به‌سه‌رماندا ئه‌بارێ‌…
جارێك ئه‌مانكا به‌ یاقووت ‌و
جارێكی‌ دی‌ به‌ دارهه‌ناری‌ به‌ر مانگه‌شه‌و
وه‌كوو زه‌رده‌خه‌نه‌ كاڵه‌كه‌ی‌
پڕمان ئه‌كات له‌ سروودی‌ نه‌رم نه‌رم
وه‌كوو قوڵپه‌ی‌ زنه‌ی‌ برینی‌ له‌ گه‌رووماندا
ئه‌بێته‌ لرفه‌ی‌ سروودی‌ گه‌رم گه‌رم
*
له‌ ماڵه‌كانماندا… قاسملوو
جوانترین دره‌ختی‌ حه‌وشه‌یه ‌‌و
نازدارترین گوڵدان ‌و ئینجانه‌یه‌‌ و
پاكترین شووشه‌ی‌ په‌نجه‌ره‌یه ‌‌و
یه‌كه‌مین ڕه‌فه‌ی‌ كتێبخانه‌یه ‌‌و
قوڵینه‌ی‌ نانه‌‌ و
قه‌ڵه‌م دانه‌‌و په‌رداخه‌‌ و
گڕوگاڵی‌ منداڵه‌كانمانه‌ … قاسملوو!
هه‌موو ساڵێ‌ له‌م ڕۆژه‌دا
ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ژووره‌كانمان
ئه‌بێته‌وه‌ به‌ هه‌تاوی‌ به‌ر هه‌یوان
به‌ په‌پووله‌ پاییزه ‌‌و
دێته‌وه‌ سه‌ر پێخه‌فه‌كانمان
وه‌لێ كه‌ دێته‌وه‌ به‌ ده‌ستی‌ به‌تاڵ‌
نایه‌ته‌وه‌ قاسملوو
ئه‌و له‌گه‌ڵ‌ خۆیدا به‌ باوه‌ش تریفه‌ دێنێته‌وه‌
شێعری‌ سه‌وز به‌ ده‌سته‌وه‌‌ و
سنگی‌ ئه‌بێته‌ پووره‌ هه‌نگ ‌و
هه‌نگوین له‌ قسه‌یدا ‌و به‌سه‌ر هه‌ژاراندا
ماڵ‌ به‌ ماڵ‌ ئه‌یبه‌خشێته‌وه‌
ئه‌و هه‌روا خۆی‌ ته‌نیا ناگه‌ڕێته‌وه‌
به‌ ئاوه‌ڵی‌ شه‌فه‌ق نه‌بێ‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌
له‌گه‌ڵ‌ نه‌وڕه‌سی‌ سپیدا نه‌بێ‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌
له‌گه‌ڵ هۆره‌ی‌ دوا شه‌هیددا نه‌بێ‌ ناگه‌ڕێته‌وه
ئه‌و هه‌روا ته‌نیا خۆی‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌
له‌ سنه‌وه‌ مشتێ‌ له‌ خۆڵی‌ «ئاویەر‌» دێنێته‌وه‌
له‌ سه‌قزه‌وه‌ فرمێسكی‌ بێوه‌ژنێك‌ و
له‌ مه‌هاباده‌وه‌ سروودی‌ هه‌ڵۆیه‌ك‌ و
له‌ كرماشانه‌وه‌ به‌ سواری‌ ئه‌سپێكی‌
«تاق بوستان» دێته‌وه
ئه‌و هه‌موو ساڵێ‌
وه‌كوو نێرگز ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌!
*
قاسملوو له‌ شته‌ هه‌ره‌ بچووكه‌كاندا ده‌رئه‌كه‌وێ‌
ئه‌گه‌ر باش ورد بیته‌وه‌:
له‌ خانه‌كانی‌ سه‌ر باڵی‌ په‌پووله‌دا
یه‌كێكیان ئه‌وه‌!
له‌ كراسی‌ گوڵ‌گوڵی‌ كیژۆڵه‌یه‌كدا
هه‌ره‌ سووره‌كه‌یان ئه‌وه‌!
له‌ ئاگرداندا پشكۆ هه‌ره‌ گه‌شاوه‌كه‌یان ئه‌وه
له‌ پۆله‌ مه‌لی‌ كۆچه‌ریی‌ ئێوارانی‌ هاویندا
ئه‌وه‌ی‌ له‌ پێشی‌ پێشه‌وه‌یه‌ ئه‌وه
ئه‌گه‌ر باش ورد بیته‌وه‌
له‌ بندینی‌ ڕووبارێكی‌ ڕووندا
ئه‌و ماسییه‌ی‌ كه‌وتۆته‌ پێش كاروانی‌ ماسییه‌وه‌
باریكه‌ڵه‌ سپیه‌كه‌یان
ئه‌وه‌ ئه‌وه‌!
ئه‌گه‌ر باش ورد بیته‌وه‌
له‌ تیرێژی‌ ئه‌و هه‌تاوه‌ی‌
ئه‌چێته‌ نێو زیندانه‌كانه‌وه‌… تاڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌وه‌
له‌ كه‌وانه‌ی‌ په‌لكه‌ڕه‌نگینه‌دا
كام ڕه‌نگیان له‌ هه‌موویان ڕووخۆشتره‌… ئه‌وه‌، ئه‌وه‌
له‌ شه‌قامه‌ ڕاپه‌ڕیوه‌كاندا كام شه‌قامیان
هاواری‌ بڵندتره‌… ئه‌وه‌ ئه‌وه‌!
قاسملوو خۆی‌ یه‌كێكه ‌و
به‌ڵام هه‌موویشیان … ئه‌وه‌!
*
ئاماده‌یه‌… له‌ ناوماندا… ئاماده‌یه‌
له‌سه‌ر كورسی‌ دڵمان دائه‌نیشێ‌
له‌ چاوماندا… گلێنه‌یه‌
له‌ ده‌نگماندا ژێی‌ هاوار‌ و زایه‌ڵه‌یه
په‌نجه‌ی‌ ئه‌بێ‌ به‌ قه‌ڵه‌م‌ و
سنگی‌ ئه‌بێ‌ به‌ ده‌فته‌ر ‌و
سه‌ر‌ و ملی‌ مایكرۆفۆنی‌ به‌رده‌ممانه ‌‌و
خوێنه‌كه‌یشی‌ چرای‌ سووری‌
داگیرساوی‌ نه‌وه‌ له‌ دوای‌ نه‌وه‌ی‌
ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌
ئاماده‌یه‌… له‌ (سه‌ر)ماندا ئاماده‌یه
وه‌كوو عه‌شق بۆ ئازادی‌
وه‌كوو په‌یام بۆ دواڕۆژ ‌و
وه‌كوو باران ئاماده‌یه‌
لێره‌ بین‌ و لێره‌ نه‌بین
ئه‌و لێره‌یه‌
خۆی‌ یه‌كێكه‌ و هه‌زارانه ‌‌و
هه‌زارانه‌‌ و خۆی‌ یه‌كێكه ‌‌و
له‌گه‌ڵماندا وره‌ی‌ شاخه ‌‌و
بۆ چركه‌یه‌ك
ئه‌م مێژووه‌ جێناهێڵێ‌
زیندووێتی‌ وا له‌ په‌یامدا
نه‌ك جه‌سته‌دا
مانه‌وه‌ وا له‌و زه‌نگه‌دا
كه‌ به‌رده‌وام لێ‌ ئه‌دات‌ و
كه‌ به‌رده‌وام ڕێ‌ ئه‌كات ‌و
به‌رده‌وامیش ئاڵای‌ خۆر ‌و
ئاڵای‌ شه‌هید‌ و ئاڵاكه‌ی‌
ئه‌و هه‌ڵ ئه‌كا!
*
دوو باڵنده‌ هێلانه‌كه‌یان چێ‌ ئه‌كرد
پووشیان هێنا
پووش له‌ كازیوه‌ی‌ هه‌واری‌ قاسملوو بوو!
دوو منداڵی‌ سه‌ر قۆچكه‌تاشی‌ شوكاكی‌ كۆلاره‌یه‌كیان هه‌ڵئه‌دا
كۆلاره‌كه‌ كاغه‌زه‌كه‌ی‌
له‌ ڕه‌شنووسی‌ بیره‌وه‌ریی‌ قاسملوو بوو
دوو دڵداری‌ جێژوانێ له‌ «بانه‌»دا
سوێندیان بۆ یه‌كتری‌ ئه‌خوارد
سوێنده‌كه‌یان به‌ جامانه ‌‌و به‌ كڵاوی‌ قاسملوو بوو
دوو زیندانی‌ له‌ ناو ژووری‌ سێداره‌دا
به‌ ده‌نگی‌ به‌رز گاڵته‌یان به‌ مه‌رگ ئه‌كرد
هه‌ره‌ دیاری‌ ئه‌و گاڵتانه‌
نوكته‌یه‌كی‌ به‌جێماوی‌ قاسملوو بوو
له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی‌ مه‌شقدا
یه‌كه‌مجار بوو، ده‌ستێك بێت‌ و
پێشمه‌رگه‌یه‌ك فێری‌ ته‌قه‌ بكات
ئه‌ویش ده‌ستی‌ قاسملوو بوو!
لێره‌ چه‌ندین مێژووی‌ بچووك بچووك هه‌بوون
چیانكه‌و پێیان نه‌ئه‌گرت
تا ڕه‌وڕه‌وه‌یه‌ك په‌یدا بوو
به‌وه‌وه‌ فێری‌ ڕۆیشتن بوون
ئه‌ویش ڕه‌وڕه‌وه‌ی‌ مێژووه‌كه‌ی‌ قاسملوو بوو!
قاسملوو له‌ سلێمانی‌ بۆ یادگار
قه‌ڵه‌مێكی‌ به‌جێ هێشتووه‌
هه‌موو ساڵێ‌ له‌ دووی‌ ڕێبه‌نداندا
ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ له‌سه‌ر گۆیژه‌
شێعرێك ئه‌نووسێ‌!
له‌سه‌ر شووره‌ی‌ ئامه‌د بۆ یادگار
مه‌شخه‌ڵدانێكی‌ داناوه‌
هه‌موو ساڵێ‌ له‌ یادی‌ شێخی‌ پیراندا
ئه‌م مه‌شخه‌ڵه‌ دائه‌گیرسێ‌!
قاسملوو له‌وبه‌ر «خابور»یش
به‌ ڕووكاری‌ قامیشلوودا
دره‌ختێكی‌ خۆی‌ ڕواندووه‌
هه‌موو ساڵێ ئه‌م دره‌خته‌
له‌ یادی‌ پۆلێ‌ ئه‌ستێره‌ی‌ قوربانیدا
گوڵی‌ خوێن ‌و
هێشووی‌ تیشك ‌و ئه‌وین ئه‌گرێ‌!
*
جووتێ‌ شێعری‌ نێره ‌‌و مێیه‌م
كه‌ پیر نابن‌ و هه‌ر گه‌نجن
هه‌موو ساڵێ‌ له‌ دیوانێكی‌ تازه‌دا
كچیان ئه‌بێ ‌‌و كوڕیان ئه‌بێ‌‌ و
شاخیان ئه‌بێ ‌‌و مانگیان ئه‌بێ ‌‌و
ڕووبار ‌و شه‌قامیان ئه‌بێ ‌‌و
وه‌لێ‌ له‌ نێو هه‌موویاندا
جوانترینیان سرووده‌كه‌ی‌ قاسملووه‌!
لە ژمارەی ٧٣٠ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)