لە درێژەی هێرشی نامرۆڤانەی هێزەچەکدارەکانی ڕێژیم بۆسەر چینی چەوساوەی کۆڵبەران، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد خەڵکی شاری چاڵدران بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کوژرا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگیر لە پایەگای “قەرەخ لەرمیشە”ـی گوندی “وەکیل” سەر بە شاری چاڵدران ڕاستەوخۆ تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کرد کە لە ئاکامی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “حەکیم حەیدەرانلوو” کوڕی ” جوبرەئیل” کوژرا.
هەر لەو پێوەندییەدا شەوی ١٩ی پووشپەڕیش، ٢ کۆڵبەری دیکەی کورد بە ناوەکانی “فەرهاد شاوەیسی و محەممەد ڕەزایی” خەڵکی گوندی “ساوا”، یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان پاش بە هۆی ڕاودۆنانی هێزە چەکدارەکان تووسی رووداوی هاتووچۆ بوون و گیانیان لەدەستدا.
ساڵانە سەدان هاووڵاتی کورد کە بە ناچاری روویان لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری و کاسبی سەر سنوور کردوە، بەهۆی هێرش و تەقەی چەکدارەکانی رێژیم، بە ئاسانی گیانیان لێ ئەستێندری و، زۆرجاریش کەلوپەلیان تاڵان دەکرێ.