نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ، شوڕای مافی مرۆڤی ئەو ڕێکخراوەیەی بەرانبەر بە رووداوەکانی ئێران و، بێدەنگی هەڵبژاردنی بە تاوانبار زانی و، بە توندی ڕەخنەی لێگرت.
نیکی هێلی، لە کۆبوونەوەیەک کە دوا نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ، ٢٧ی پووشپەڕ، لە ئەندێشگەی “هریتج” لە واشنگتۆن بەڕێوەچوو، بە باس کردن لە بێدەنگی هەڵبژاردن و کەمتەرخەمیی شوڕای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ئاست ڕووداوەکانی مانگی بەفرانبار و ئەم دواییانەی ئێران وتی: لە مانگی بەفرانبار ساڵی رابردوودا، خەڵکی ئێران بە شێوە مەدەنییانە ڕژانە سەرشەقام و، بە دژی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆپێشاندانیان بەڕێوەبرد، بەڵام دەوڵەتی سەرەرۆ و سەرکوتکەری ئێران ، بە توندی هێرشی کردە سەریان و، بە کوشتن و بڕین و دەسبەسەرکردن وڵامی خەڵکی خۆی دایەوەو “شوڕای مافی مرۆڤ”یش لەو بارەوە بێدەنگی ڕاگرت.
بێدەنگی شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاتێکدا بوو، کە لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران لانیکەم ٢٥ کەس کوژرا و سەدان بریندار و هەزاران کەس دەسبەسەر کران.
جێیوەبیرهێنانەوەی دوای سەرهەڵدانی نارەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ هەتاوی، لە سەر داوای ئامریکا کۆبوونەوەی شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گرینگی دا بە ڕەوشی ئێران بەڕێوەچوو، بەڵام بە بێ هیچ دەسکەوتێکی بەرچاو، کۆتایی پێهات.
نیکی هێلی کە رۆژی چوارشەممە سەبارەت بە هۆکاری چوونەوەدەری ئامریکا لە شوڕای مافی مرۆڤ باسی لە گرینگی مافی مرۆڤ بۆ وڵاتەکەی کردو، لەو پێوەندییەش ئاماژەی بە پێشلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێران داو، رەخنەی لە بێدەنگی هەڵبژاردنی ڕێکخراوی وڵاتەیەکگرتووەکان گرت.
نیکی هێلی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ژمارەی ٧ی بە هۆکاری کشانەوە وڵاتەکەی لە شوڕای مافی مرۆڤ لە قەڵەم دا و، گوتی: کۆبوونەوەی ژمارە ٧ تەرخان کرابوو بە پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی فەلەستین لە لایەن دەوڵەتی ئیسراییلەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو شوڕایە بۆ هیچ کام لە وڵاتانی دیکە، وەکوو ئێران و سووریە بڕیاری وای دەرنەکردووە.
نیکی هێلی ڕایگەیاند؛ کە لە ساڵی ٢٠٠٩ وە ئامریکا بووتە ئەندامی شوڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ، سەرەڕای پشوودرێژی و هەوڵی وڵاتەکەی بۆ چاکسازیی پێویست، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئاکام مایەوە، هەربۆیە وڵاتەکەی لە شوار مافی مرۆڤ کشایەوە .
پێویستبەئاماژەیە ئامریکا لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردان لە شوڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هاتەدەرەوە.
نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەندامبوونی وڵاتانی وەکوو “چین، ڤنێزوئێلا، کووبا”ی لە شورای مافی مرۆڤ بە هۆکاری کشانەوەی ئامریکا لەو شوڕای مافی مرۆڤ ناو بردو، وتی ئەو وڵاتانە بۆ خۆیان لە ڕیزی خراپترین وڵاتانی پێشلکاری مافی مرۆڤن و، هەروەها نیکی هێلی بە ئاماژەدان بە وڵاتانی دیکەش کە مافی دەنگدانیان هەیەو بەڵام بێ دەنگی هەڵدەبژێرن وتی: وڵاتی واش هەیە کە کەرامەتی مرۆڤەکان بەلایەوە گرینگە ، بەڵام بۆ گۆڕانکارییەکان بوێر نین و، ئەندامبوونیان لە شوڕای مافی مرۆڤ بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە جیهان، هیچ کەڵکێکی نیە.