رێبەری کۆماری ئیسلامی لە گەڵ گەڵاڵەی ئامریکا بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان ئیسراییل و فەلەستینیەکان دژایەتی کرد.
خامنەیی لە تازەترین هەڵوێستی هاوکات کە سەر لەنوێ باسی لە ناوبردنی ئیسراییل کرد، لەگەڵ گەڵاڵەی دۆناڵد تڕامپ بۆ ئاشتی ئیسراییل و فەلەستینییەکان کە ناسراوە بە “مامەڵەی سەدەی ٢١” دژایەتی کرد و، ئەوەی بە سیاسیەتێکی “شەیتانی” زانی و، بە وتەی ئەو، ئەو گەڵاڵە “هەرگیز سەر ناگرێ”
سەید عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی دووشەممە ٢٥ی پووشپەڕ لە دیدار لەگەڵ بەڕێوەبەرانی “حەج” بە ئاماژەدان بە چاوپێکەتنەکانی بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودی و ئیسراییل، جارێکی دیکە ئیسراییلی بە وڵاتی “ساختە” لە قەڵەم دا و، گوتی: ڕیشەی ئەو وڵاتە لە خاکی فەلەستین وشک دەبێ”
لە لایەک دیکە، دوناڵد تڕامپ ڕایگەیاندوە، کە گەڵاڵەیەکی نوێ بەدەستەوەیە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی ئیسراییل و فەلەستین و لە زووترین کات ئەو گەڵاڵەیە ڕادەگەیەنێ، دۆناڵد تڕامپ ڕیککەوتنی ئاشتی ئیسراییل و فەلەستینی بە “مامەڵەی یەک سەدە” ناو ناوە.
بە وتەی سەرۆکوەزیرانی ئیسراییل، ئێران لە پشتی ڕووداوەکانی فەلەستینەو، لە ڕێگای میلیشیاکانی “حەماس”ەوە خەریکی کێشەنانەوەیە لە فەلەستین.
نوێترین هەڵوێستی خامنەیی بە دژی ئیسراییل لە کاتێکدایە کە ناوبراو رۆژی ٢٠ی جۆزەردان ڕەتی کردەوە کە ئێران لە هەڵ لە بردنی جوولەکەکان دایەو ئەوەش بە درۆ ودەلەسەی بەرپرسانی ئیسراییل باس کرد.
هێندێک لە کارناسانی سیاسی ئەو “کشانەوە تاکتیکی”یەی خامنەیی لە دروشمی “سڕینەوەی ئیسراییل”، بۆ دانوستانی ئێران و ئورووپا لەسەر پرسی بەرجام گەڕاندووتەوە، چونکە ٥ رۆژ دواتر سەر لەنوێ باسی لە ناوبردنی ئیسراییل کرد.
شیاوی باسە ئیسراییل هەموو هەوڵەکانی خۆی وەگەڕ خستووە بۆ دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە خاکی سووریەو لە تازەترین دیداری سەرۆکوەزیری ئەو وڵاتە لەگەڵ ویلادیمێر پۆتین سەرۆککۆماری رووسیە، ڕایگەیاند کە خوازیاری ئەوەین کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی وڵاتی سووریە بەجێ بێڵین.