بە پێی هەواڵێک کە سویدەوە بە دەستمان گەشتووە، بە داخێکێ زۆرەوە حاجی ئامینە
مەرەسەنە، دایکی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان کاک محەممەد پەشێو، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی جولای ٢٠١٨ی زایینی لە تەمەنی ٨٣ ساڵی دا لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەخی ولاتی سوید ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد. حاجی ئامینە ساڵی ١٣١٤ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە گوندی بێوارنی خواری سەردەشت چاوی بە دنیا هەڵهێنا. حاجی ڕۆستەم مەرەسەنە، باوکی حاجی ئامینە کە لە ناو شۆڕشگێرە دێرینەکانی حیزبی دیموکرات دا بە مام ڕۆستەم ناسراو بوو، یەکێک لەو شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرانی ڕیزەکانی حیزب بوو کە لە سەردەمی ڕژیمی پاشایەتی دا هاوڕ لەگەڵ سەدان تێکۆشەری دیکەی ڕۆژهەلاتی کوردستان خرانە بەندیخانەوە. هەور ئەوەش بووە هۆکارێک بۆ ئەوە دایە ئامینەش ببێتە دۆست و لایانگرێکی بە هێزی شۆڕش و حیزبی دیموکرات و پشتیوانێکی چاونەترسی شۆڕشگێرانی ئەو سەردەمە، هەر ئەوەی وایکرد کە چەندین جار لە لایەن ژاندرمە و پیاوانی ڕژیمی پەهلەویی،ەوە تووشی لێپرسینەوە عەزیەت و ئازار بوو. پاش ڕوخانی حکومەتی پاشایەتی و هاتنە سەر حوکمی ڕژیمی ئیسلامی و هێرشی بەربڵاوی بۆ سەرخاکی کوردستان، دایەئامینەش وێڕای برا و کوڕ و خزمە شۆڕشگێڕەکانی، ڕووی لە شاخ و شۆڕش کرد و ئامادە نەبوو لە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕژیمە دا بـمێنێتەوە. گوند بە گوند و ناوچە بە ناوچە بە دوای کوڕە شۆڕشگێڕەکەیەوە، تاکوو بە ناچار ساڵی ١٩٩٨ی زایینی ڕووی لە هەندەران کرد و تا دواساتەکانی ژیانی لە وڵاتی سوید ژیانی بردە سەر. دایە ئامینە مرۆڤێکی دڵسۆز، بە وەفا بە ڕێبازی دیموکرات و خۆشەویستی ناو دۆست و ناسیاوایانی بوو. ئاواتی لە مێژینەی حاجی ئامینە ڕزگاری کوردستان و گەڕانەوە بۆ خاک و وڵاتی کوردستان بوو کە بە داخەوە مەرگ مەودوای نەدا ئەو ئاواتەش بێتە و ماڵ ئاوایی لێکرین.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی ناوادەی حاجی ئامینەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بەنامەڵە و کەس و خزمانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی هاوڕێی ئازیز و تێکۆشەرمان کاک محەممەد پەشێو و بنەماڵەکەی دەکات و خۆمان لە خەمیان دا بە شەریک دەزانین.