چەندین ساڵە بە هاتنی وەرزی گەرما، ژینگەی کوردستان بەشێوەی گوماناویی لە ئاگردا دەسووتێن و، هیچ ناوەندێکش لەو بارەوە خۆی بە بەرپرسیار نازانێ.
بە پێی زانیارییەکان لەماوەی دووحەوتووی ڕابردوودا سەرلەنوێ دارستان و لێڕەواری کوردستان بەتایبەتی لە شاری بانە ئاگریان گرتووەو خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندوە.
دەگوترێ ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی بانە دەستی ناوەندە ئەمنیەکان وەکوو سپای پاسدارانی تێدایە و، زۆرجار بە بیانووی مانۆڕی نیزامی یان هەبوونی هێزی پێشمەرگە، ئاگر لە دارستان و بێشەڵانی کوردستان بەردەدەن.
لە رۆژانی رابردوو چەندین شوێن لە ناوچەی بانە وەکوو کێوی دووزین،پیرمراد و كیوی ئاربابا، ئاگریان تێبەردراو دوای چەند کاتژمێر بە هیمەتی ژینگەپارێزان و خەڵکانی خۆڕسکی ناوچەکە ئاگرەکان دامرکان.
هەروەها بە پێی هەواڵێکی دیکە رۆژی هەێنی ٢٢ی پووشپەڕ بەشێک لە لەوەڕگەکانی ئاوایی “سیس” ی ناوچەی لەیلاخ لە ئاگردا سووتان و، ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانی ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنی و، داوایان لە سەرجەم خەڵکی کوردستان کردوە، کە لە پاڕاستنی ژینگە و سروشتی کوردستان، بەتایبەتی لە وەرزی گەرما زیاتر خۆیان ماندوو بکەن.