کەسایەتییەکی خۆشناو و، بەهەڵوێستی کورد، مامۆستا مەلا ڕەشید قەرنیزادە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ لە شاری ماهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا مەلا ڕەشید پێشنوێژی پێشووی شاری مەهاباد کە یەکێک بووە لە کەسانی نیشتماندۆست و، کوردپەروەر دوای تەمەنێک ژیان بە رووسووری و خزمەت بە خەڵک وخاکی خۆی، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کرد.
مامۆستا مەلا ڕەشید لە دایکبووی ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی و خەڵکی ئاوایی گوێکتەپەی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بوو، کە دوای تیرۆری شەهید مەلاکەریم شاریکەندی بوو بە ئیمام جومعەی شاری مەهاباد و خەڵکی ئەو شارەش هەڵوێستی کوردانە و، بوێرانەی ئەو کەسایەتییە فەرامۆش ناکەن، لە هەمبەر ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهابادی، کە بەرانبەر بە بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی ئەو جنایەتە ، کەسانێک وەکوو حەمیدڕەزا جەلائیپوور فەرمانداری ئەوکاتی مەهاباد و تاوانباری سەرەکیی کوشتنی٥٩ لاوی مەهابادی لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی ئیعترازی کرد و، هیچکات بێدەنگی هەڵنەبژارد لە ئاست ستەم وزڵمی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت خەڵکی کورد و، بەتایبەتی خەڵکی شاری مەهاباد.
خەڵکیبوون و خەمخۆری و خزمەتەکانی ئەو کەسایەتییە خۆشناوە لە کاتێکدا کە پێشنوێژی شاری مەهاباد بوو، بۆ بەهۆی ئەوەی کە حکوومەت ئەو مەسئولییەتەی لێیوەربگرێتەوە .
ناوبرا لەماوە تەمەنی بەتایبەتی لەکاتێک کە پۆستێکی کۆمەڵایەتی هەبووە، هەمووکات هەوڵیداوە لە خزمەت کردن بە هاونیشتمانیان و هاووڵاتیانی خۆی غافڵ نەبێ.
بە وتەی ناسیاوانی مامۆستا مەلا ڕەشید، هەتا سەر کەسێکی بەهەڵوێست ونیشتمانپەروەر بووەو هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە نێو خەڵکی شاری مەهاباد جێگەو پێگەی تایبەتی هەبێ و ئەمرۆش خەڵکی مەهاباد بە حورمەت و ڕێزەوە تەرمەکەیان لە گۆڕستانی شاری مەهاباد و، لە تەنیشت مەزارگەی مامۆستا هەژار بەخاکی نیشتمانیان سپارد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە سەرجەم کەسایەتییە ئایینی و، نەتەوەییەکان کە لە پێناو گەلەکەیان خەمسارد نین ، پرسە وسەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا ڕەشید دەکات و خۆی لە خەمیان بە شەریک وبەشدار دەزانێ.