بە هەوڵ و ماندووبوونی کاک ئەحمەد قادری ،پێشمەرگەی دێرین و نووسەر و بێژەری دەنگ و پێنووس ئاشنای حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەرگی یەکەمی “کاروانی شەهیدان” ئامادە کراو و، لەچاپ درا.
ئەو کتێبە کە تەرخان کراوە بە ژیان و بەسەرهاتی شەهیدانی حیزبی دێموکرات، لە بەرگی یەکەمدا ژیان وسەربردەی زیاتر لە دووسەد شەهیدی حیزبی دێموکراتی لە سەردەمی کۆماری کوردستان و، قوناخەکانی خەباتی حیزبی دێموکرات وەکوو شۆڕشی چل و شەش و، چل وحەوت ، تا کۆتاییەکانی دەیەی ٥٠ هەتاوی تێدا کۆکراوەتەوە.
کتێبی “کاروانی شەهیدان” کە بەرگی یەکەمی بە تێکۆشان و، شەونخۆنی کاک ئەحمەد قادری و، یارمەتیی دۆستان و خەمخۆرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چاپ دراوە، جیا لەوەی ئەمەگناسییە لە بەرانبەر بنەماڵەی سەرفەرازی خەباتکاران و شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکرات ، بەڵگەیەکی کۆکراوەیە لە خەباتی خوێناویی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، بەرانبەر بە دەسەڵاتە نگریس و، دژە خەڵکییەکان و، هەروەها هەوڵێکە بۆ ناساندنی شەهیدان و فیداکارانی دێموکرات بە نەوەی نوێ، هەتا “کاروانی شەهیدان”ی ڕێگای ئازادی و سەربەستی نیشتمان باشتر بناسن.
شیاوی باسە کاک ئەحمەد قادری نووسەر وئامادەکاری کتێبی “کاروانی شەهیدان” بە هیوایە کە لە داهاتووی نیزیک بە هاوکاری وپاڵپشتی سەرجەم دڵسۆزانی دێموکراتدۆست، بەرگەکانی دیکەی ئەو کتێبە کە رێزگرتنە لە گیانی پاکی شەهیدان و، وەفا نواندنە لەهەمبەر بنەماڵە و، سەرجەم کەسوکاری سەرفەرازی شەهیدان، لە چاپ بدات.