شەوی ڕابردوو ١٩ی پووشپەڕ لە بلوواری دکتور حسێنی لەشاری سنە ، بە هۆی پێکدادانی قورس لە نێوان تانکەرێکی نەوتهەڵگر و ئوتوبوسێک، دەیان کەس لە ئاگردا سووتان.
گیان لەدەستدانی دەیان هاووڵاتی لە شاری سنە لە کاتیكدایە کە هەر دوو رۆژ پێش ئەو کارەساتە، لە نیزیک پۆلیس ڕیگاو بانی نێوان شاری سنە و دێولان بە هۆی خراپی ڕێگەوبانەکان ئۆتوبۆسێکی دیکە وەرگەڕا.
شەوی ڕابردوو بەهۆی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە کە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم و خەمسارییان لە ئاست گیان وحاڵی هاووڵاتییان، خەڵکی شاری سنەی تووڕەتر کرد.
بە پێی ئەو زانیارییانە کە بە دەستمان گەیشتووە ، خەڵک لە شوێنی پێکدادانە کە کۆبوونەتەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕێوە و ماشێنی پۆلیسیان سووتاندوە و لە ئاکامی ناڕەزایەتیی خەڵک، تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕژیم رووی داوە.
ناڕەزایەتی خەڵک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا جادەکانی کوردستان بە هۆی تانکەری سووتەمەنییەوە زۆرجار قوربانیان لێکەوتۆتەوە، دوو ساڵ لەمەوبەریش خەڵکی مەریوان کەمپەینێکیان ڕاگەیاند کە بەم بۆنەوە چەند کەس لە چالاکانی مەدەنی کەوتنە بەر هەڕەشەی هێزە ئەمنیەتییەکان و دەستبەسەر کران. بڕیارە سەرلەنوێ ئەو کەمپەینە لە لایەن چالاکانی مەدەنی و خەڵکی شاری سنە، وەگەڕ بخرێ و، تەنانەت داوای مانگرتنی گشتییان کردووە.