لە درێژەی بانگ کردن و گوشار خستن بە سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد، لە دوو رۆژ لەمەوپێش ١٥ پووشپەڕ هێزەکانی ئیتلاعات لاوێکی خەڵکی شاری قوروەیان لە شاری سنە دەسبەسەر و تائێستا چارەنووسی ناروونە.
ئەرسەلان هیدایەتی کارناسای باڵای کۆمەڵناسی و یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری قوروە، چەند ساڵە لە ڕێگای جوراوجۆرەوە جیا لە نێو شارەکەی خۆی ، لە هەوڵی پەرەپێدان بە هەستی نەتەوایەتیی لە شارەکانی کرماشان و ئیلام و لۆڕستانەو بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەشی هەرە زۆری چالاکانی ئەو ناوچانە پێوەندی ساز کرد بوو.
ئەگەرچی هۆکاری دەسبەسەر کرانی ئەو لاوە چالاکە ناروونە ، بەڵام دەگوترێ بە هۆی چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها هەڵوێست وڕەخنەکانی لە دەسەڵات، دەسبەسەر کرابێ.
ناوبراو لە خوێندکارە بەرچاو و چالاکەکانی زانکۆی بۆعەلی سینای هەمەدان بوو لە دەیەی ٨٠ هەتاوی ، کە بە دامەزراندن و بەڕیوەبردنی ئەنجومەنی ئەدەبی” بەیان” لەو زانکۆیە چالاکییەکانی خۆی بە جیددی دەسپێکرد و ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر بەردەوامە و یەکێک لەو کەسانەیە کە لە روانگەی خسارناسانە و ڕەخنەی زانستییەوە پرسە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ دەکا.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی ئەم چالاکە مەدەنییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.