Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۱ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۷ | 23/07/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

ئەمریکا قۆڕقڕۆچکەی ئێرانی گرتوە!

07/07/2018 | 17:13:57
+A
-A
باوان عەلیزادە

ئەمریکا ئەمجارەیان بۆ دژایەتیی ئێران شمشیڕی لە ڕوو بەستووە. ئەمریکا کە دەزانێ ئابووریی ئێران چەندە بەستراوە بە داهاتی نەوتە، دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە چۆک بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دابدا.
لە دوا سورپڕایزەکانی کابینەی تڕامپ ئەوەیە کە سێ مانگی دەرفەت بە هەموو وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران داوە کۆتایی بە مامەڵە و گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئێران بێنن. دوای ئەو ڕێکەوتە (4ی نۆڤەمبر) هەر وڵاتێک نەوت لە ئێران بکڕێ، لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی توندی ئابووریی دەخرێتە سەر. ئەمریکا دەڵێ بۆیە ئەو سێ مانگەمان کات داناوە هەتا کڕیارەکانی نەوتی ئێران بەرەبەرە کۆتایی بە مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە بهێنن و لەدوای فرۆشیارێکی دی بگەڕێن. عەڕەبستان ڕایگەیاندوە کە دەتوانێ ئەم بۆشاییە بۆ کڕیارانی نەوت پڕ بکاتەوە و نەیەڵێ هاوسەنگیی بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوت تێک بچێ.
لە ئێستادا دیپلۆماتەکانی ئەمریکا گەڕێکی نوێی وتووێژ و دانوستانیان لەگەڵ یەکیەتیی یورووپا و بریتانیا دەست پێکردوە بۆ ئەوەی ڕەزامەنیی و هاوڕایی ئەو هاوبەشانەیان وەرگرتبێ. دەوڵەتی تڕامپ دوایە لەگەڵ هیند و تورکیە و چین کۆ دەبێتەوە کە سێ کڕیاری سەرەکیی نەوتی ئێرانن لە ئاسیادا.
ئێران لە ئێستادا ڕۆژانە 2 میلیون و 400 هەزار بۆشکە نەوت بەرهەم دەهێنێ کە دوو لە سێی دەداتە کڕیارەکانی لە ئاسیا و ئەوەی دیکەش بەڕێی وڵاتانی ئورووپای دەکا. بڕی هەناردە و فرۆشی ئێران لە ساڵانی 2013_2015 کە گەمارۆی قورسی ئابووریی لەسەر بوو، بۆ کەمێک زیاتر یەک میلیۆن بۆشکە لەکەمی دابوو.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا سەدا 3 چووە سەرێ، لەولاش وتەبێژی دەوڵەتی ئێران بەهۆی داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دەستی بۆ ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات درێژ کرد کە سامان و پاشکەوتەکانیان بکەنە دۆلار و بیهێننەوە وڵات. محەممەد باقر نۆبەخت هەروەها داوای لە خەڵکی نێوخۆی وڵات کردوە کە چی دراوی پاشکەوت و زێڕیان هەیە، بیخەنە بازاڕەوە؛ داوایەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوە گاڵتەجاڕانەی خەڵکی بەدوادا هاتووە. خەڵک وادیارە نۆبەخت لێی تێک چووە و پێی وایە وتەبێژی دەوڵەت دەوڵەتی نیشتمانیی محەممەد موسەدیقە کە ئاوا بە متمانەوە قسە دەکا!
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هێشتا گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی بەرنامەی ناوکیی ئێران نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بازاڕی دراوی ئەم بە جۆرێک شڵەژا و بایەخی دراوی ئێران ئەوەندە دابەزی کە لە ڕۆژی سێی ڕەزبەردا هەر تاق دۆلارێک بایی 9000 تمەن بێ.
ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەمریکا دەتوانێ ئەو بڕیارە بخاتە بواری جێبێکردنەوە؟ ئایا وڵاتانی ئۆپێک _ئەگەر بیانەوێ ئاستی بەرهەمهێنانی خۆیان ببەنە سەرێ_ و غەیرە ئۆپێک دەتوانن بۆشایی نەبوونی نەوتی ئێران _ 2 میلیون بۆشکە لە ڕۆژێکدا_ لە بازاڕەکاندا پڕ بکەنەوە. لە ئێستادا عەڕەبستان ڕایگەیاندوە کە بەتەنیا ئامادەیە ڕۆژانە 600 تا 700 هەزار بۆشکە نەوتی زیاتر بخاتە بازاڕەوە و، ڕووسیەش ڕایگەیاندوە کە لەمساڵدا ڕۆژانە 170 هەزار بۆشکە زیاتر بەرهەم دەهێنێ. بەڵام ئەوەندە کیفایەت ناکا و وێناچێ بەو ئاسانییە ئەمریکا بەسەر ئەم کۆسپەدا زاڵ ببێ. لایەنێکی دیکەی بەربەستەکان ئەوەیە کە ئێران خاوەنی جۆرەها نەوتە کە گرینگترینیان نەوتی قورس و نیوەقورسە کە زۆرتر لە نەوتی وڵاتانی ڕۆژاوای ئەفریقا، ناوچەی ئۆرالی ڕووسیە و باشووری عێڕاق دەچێ. بەو پێیە بێتوو ئەو وڵاتانە نەتوانن قەرەبووی بڕانی نەوتی ئێران لە بازاڕدا بکەنەوە، وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران بە ناچار دەبێ بە مەبەستی هاوردەی جۆری نەوتی دی، گۆڕانکاری لە سیستمی پاڵاوگەکانی خۆیاندا بکەن.
چار چییە و چی لە چاوەڕوانیی کۆماری ئیسلامی دایە؟ ئایا دەوڵەت دەتوانێ جووڵەی بازاڕی دراو بگرێتە دەست؟ کارناسانی ئابووری دەڵێن لە ئێستادا دەوڵەت چەندی دراو بخاتە بازاڕەوە لە دەموساتی یەکەمدا بەهۆی نە‌دینەیی زۆر و بێ پشتیوانی بازارەوە کۆ دەکرێتەوە و لە سووڕی ئابووریی وڵات دەچێتە دەرێ. بە واتایەکی دی سەرچاوە دراوییەکانی دەوڵەت بۆ هاوردەی کاڵا سەرەکییەکان لە قۆناغی گەمارۆکان سنووردار دەبێ، ئابووریی ئێران بەرەو ئابووریی هاوشێوەی ڤێنێزۆلایی دەچێ و لەو سۆنگەیەوە قاتی و قڕی و برسێتیی زیاتر ڕوو لە کۆمەڵگە دەکا. کۆمەڵگەش ئۆقرە و ئارامیی لێ هەڵدەگیرێ و ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەبن و بەوەش دەسەڵات بە پاساوی ئەمنیەتی پەنا بۆ سەرکوتی زیاتر دەبا.
ئابووری زانستە و تابعێکە لە بارودۆخی سیاسی، سەقامگیری و پەرەسەندن. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی 4 دەیەی ڕابردوودا نەیتوانیوە سیاسەتێکی کارامەی ئابووریی هەبێ و حەسەن ڕووحانی و کابینەکەشی لە خۆڕا کۆشکی هیوایان لەسەر بەرجام هەڵچنیبوو و پێیان وابوو بەرجام دەتوانێ ڕووحێکی نوێ بەبەری جەستەی مردووی ئابووریی تێکتەپیوی ئێراندا بکاتەوە، وەک چۆن لە ماوەی سێ ساڵی دوای بەرجام هیچی لە هیچ نەگۆڕی. بێگومان ئەگەر ئەمریکاش لە بەرجام نەهاتبایە دەرێ و هەر هەموو گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامیش لادەچوون، دیسان پێکهاتەی داخراوی سیاسی و ئابووریی نیزامی زاڵ بەسەر ئێراندا بەرجام بەبێ ئاڵوگوڕی بنەڕەتیی لەو پێکهاتەیەدا نەیدەتوانی هیچ بکا.
قسە ئەوەیە کە چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی گەمارۆکان لەو نێوەدا تەنیا جارێکی دیکە فەشەلبوونی ئەو نیزامە داخراوە سیاسی و ئابوورییەی دەرخست کە دوادەرەنجامەکەی هەر ڕووخان و هەرەسهێنانە.

لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)