سەعید بیگزادە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و، بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات، لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ بەشی کوردی ئەمریکا، بە باس کردن لە رووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێران و، هەلومەرجی سیاسی ئەو وڵاتەو، کێشەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆمەڵێک خاڵی گرینگی لەو پێوەندییەو هەروەها لە پێوەندی دەگەڵ رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی کوردی، خستە بەرباس و شرۆڤەی بۆ کرد.
سەعید بیگزادە سەرەتا بە باس کردن لە ڕەوشی ئیستاکەی ئێران و کوردستان بەتایبەتی دوای دەسپێکی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکان لە مانگی بەفرانباری ساڵی رابردوو تا ئێستا، لەسەر هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو ناڕەزایەتییانە ڕەوابۆچوونی خۆی خستە ڕوو.
ناوبراو لەو بارەوە وتی: ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بە پێی هەر شارێک ئاراستەی دروشمی خۆپێشاندەران بە پێی ئەو دەرفەتەی کە دێتە پێشێ دەگۆڕدرێ و، بێگومان هەموو ڕەمەکی و خۆڕسک نین، بەڵکوو هێندێک ڕێکخراو و هاندەری لە پشتە.
سەعید بیگزادە بە خستنەبەرباسی رووداوەکانی نێوخۆی وڵات، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بۆ کەمتەرخیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی خەڵکی خۆی گەڕاندەوەو، لەو بارەوە وتی: لە وڵاتانی دیکە ، هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە خزمەتی خۆشبژیوی خەڵکی خۆیان، بەڵام بە پێچەوانەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیمکاناتی ئەو وڵاتە بە مەبەستی سیاسی و، دەستێوەردانەکانی لە دەرەوەی ئێران سەرف دەکا و ئەمەش چیتر بۆ خەڵکی ئێران قەبووڵ ناکرێ و، هەربۆیە ئەو ناڕەزایەتییانە بە ئاکامی خۆی دەگات.
سەعید بیگزادە لە درێژەی وتەکانیدا لە روانگەیەکی خەسارناسانەوە پەرش وبڵاوی ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی، بەتایبەتی نەبوونی یەک گوتاری لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی بە خەسار لە قەڵەم داو، هەروەها هەوڵەکانی بۆ نیزیکبوونەوەی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بەداهاتوودار زانی و، لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە کێشەی حیزبەکانی کوردستان، سیاسی نین، بەڵکوو بۆ هۆکارگەلێک لە چەشنی گرینگی دان بە شێوازە جیاجیاکانی خەبات و، هەروەها دێموکراسی نێوخۆی حیزبەکان، دەگەڕێتەوە.
ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان سەعید بیگزادە لە بەشێکی دیکەی لە قسەکانیدا بە لە بەرچاو گرتنی هەلومەرجی ناوچەکە و، ڕەوشی ئێستاکەی ئێران و بەتایبەتی دۆخی کوردستان ڕایگەیاند؛ ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیشدا، رۆڵی بەرچاومان هەیە، چەندین ساڵە هەموو هەوڵی خۆمان وەگەڕ خستووە بۆ نیزیکبوونەوە لە گەڵ لایەنەکانی دیکەو لەو بارەشەوە تا گەیشتن بە دیسکۆرس و وێژمانێکی یەکدەنگ بەردەوام دەبین.
سەعید بیگزادە لە کۆتایی قسەکانیدا بە باس کردن لە ئاکامی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئێران و، چارەنووسی ئەو ڕێژیمە کە لە ئێستادا زیاتر لە جاران لە ژێر گوشاری نێونەتەوەییدایەو هەروەها خەڵکەکەشی وەزاڵەهاتوون و ناوەناوە دێنە سەرشەقام، لەو پێوەندییەدا وتی: ئەوەی کە ئایا گوشارەکان دەبنە هۆی گۆڕان لە ڕەفتاری سیاسی کۆماری ئیسلامی، یان ڕووخانی ئەو ڕێژیمە!؟ بەستراوەتەوە بە رٶڵی زلهێزەکان( وڵاتانانی ئورووپایی و ،ئەمریکا) هەورەها ئۆپۆزسیۆنی بەهەموو لایەنێکەوە، ڕەنگە سیناریۆکان لە ئێستا ڕوون نەبێ، بەڵام ئەوەی کە ڕوونە سیستەمێک و لە خزمەتی خەڵکی خۆیدا نیەو، هەڕەشە لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکا، هەروا ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتداریەتیی خۆی بدا و، دەگۆڕدرێت.