شەوێك بەدیار تۆوە
ئەم شەو دڵم ئاهێكی بێكۆتایی دایگرتووە، سەیرە تا ئەوپەڕی دنیا بڕ دەكا. ئەمشەو ناتوانم تێر لە باوەشت بگرم، چونكە ناتەوێ خەیاڵە سیحراوییەكان و هەناسە شەكەتەكانم لە باوەش بگری. ناتەوێ لەشەقەی باڵ بدەیت و هەنگاوە لەرزۆكەكانم وەئاگا بێنیەوە. ناتەوێ شەپۆل و ئاهی گریانەكانم ئارام بكەیتەوە. ناتەوێ لەباوەشی یەكدیدا بارگاوی ببینەوە. ناتەوێ ببینە سەرمەشقی كاروانسەرای ئەو دورگانەی جگە لە عاشقە بێنازەكانی زەمەن هیچی دی لە خۆی ناگرێ.
تكایە لێم نزیك مەبەرەوە. خۆت دەزانی چەندە تینووم بۆ ئەو گریمانانەی كە كەوانەكانیان بە دەستی تۆ ناكرێتەوە.
ئیدی ئەمشەو ڕۆحم لە جەستەم جیابۆتەوە و ناتوانێ لە خودی خۆمدا بمێنێتەوە، بیرم ناچێ نەتویست ڕۆحم لەژێر چەتری خۆتا ڕابگری، بۆیە بە قەدەرت سپارد.
ئاخ… گوناهی من تەنها ڕێكردن بوو بەرەو باوەشە لەرزۆكەكانت، تەنها پەیبردن بوو بە زەنگی شەوێكی یەڵدا. گوناهی من… تەنها گوزەركردنێك بوو بەنێو ترسە بێنازەكانی تۆ. گوناهی من بینینی ئەو چرایە بوو كە ڕووناهیەكەی بۆ من نەبوو. گوناهی من ماچێك بوو زوو هەڵوەری و نەگەیشتە جێ. قەدەری من كۆكردنەوەی ئەو گەڵایانە بوو زوو هەڵوەریبوون لە گێژاوی ئەم زەمەنە و فەنا ببوون و بێ پرس كەوتبوونە خوارەوە.
ئەمشەو هەناسەكانی تەنیاییت سووتاندم و وشە ناسك و پڕ مێهرەكانت خستە زیندانی ئەبەدی…
ئیدی لەمەودوا ناژیم تا بە باوەشە ئارامبەخشەكانی زەمەن بگەم، دەژیم تا ژیان بە سزای عەشق بگەیەنم…
میوانداری
«پێمخۆشە جیرانی تۆبم
هەمیشە میوانی تۆبم»
خانمەکەم سەیرە تا ئێستا ڕانەهاتووم بەو شێوە میواندارییە گەورەیەی تۆ دەمکەی، ئاخر نیگات لەپێشوازیی هەناسەکانم چۆک دادەدەن، چۆن لەمیوانداریت تێر ببم تۆ ڕۆح دێنیتە سەما، شەونم وەدەنگ دێنی، پاسارییەکان دەلاوێنی، چۆن لەمیوانداریت تێر ببم ڕۆژ نیە میوانداریی تۆ نەمتاسێنێ، ساتێ نییە ئاوازی میوانداریت ڕۆحم تەی نەکا و سەمفۆنیای «ژیان تەنها لای تۆیە» نەژەنێ، تۆ لە ئاوازی تەنیایی مندا جوانترین و ناسکترین ڕیتمی ئەوینی
دەزانی زۆر سەیر خووم گرتووە بەو هەناسانەت. کاتێ کە میوانداریم دەکەی، لای من دڵێک لەدایک دەبێ، ڕەنگێکی تر بۆ پەلکەزێڕینەی ژیانم زیاد دەبێ، پەروانەیەکی تر لەسووتان دوور دەخرێ، کوچەیەکی تر لە قەدەری من دەڕازێنیەوە.. دەزانی کاتێ بۆ لای تۆ دێم و دەبمە میوانت مەستی تۆ هەنگاوەکانم بە خوڕتر دەنووسێتەوە و بیرم دێنێتەوە کاتێ سروشتم لەئامێز گرت، چۆن شەڵاڵ بووم لەئەوینت…
دەزانی هەستت پێدەکەم و دەزانم تۆ میوانداریی بەفر دەکەیت و ناهێڵی گەرمای بێ و بتوێتەوە… دەمەوێ ئەوەشت بیربهێنمەوە هەرگیز ناڵێم ناتوانی میوانداریم بکەی، گەر وابڵێم مەرگی خۆم ڕادەگەیەنم و ئاوازی سروشت ڕادەگرم، خەندەی گزنگی بەیانی دەنێژم، توولەڕێی باخەکانی خەیاڵ ون دەکەم، ناتوانم مەستیی شەوێک لەزیکری خۆمدا بدوێنم…
دەزانی میوانداریت وەک مناڵێکی ساوا ڕامدەژەنێ و دەملاوێنێ، بۆیە حەزدەکەم تا قیامی قیامەت لەخەڵوەتابم، تا بتوانم دهنک دهنک مرواریی باوەشت بهۆنمەوە و ببێتە پێناسەی ژیانم… دەزانی لەمیوانداریت بۆنێک لەدڵەوە ڕایچڵەکاندم، وەک بڵێی تا ئێستا هیچ بۆنێکی ترم هەست پێنەکردبێ، ڕۆحی بەبەردا کردمەوە و بەرەو کەناری ئارامی بردم… دەزانی تۆ لەمیوانداریت بەرد دێنیتە سەما، ڕووبار لەشەپۆل دەوەستێنی و با لەگڤە دەخەی… ئاخر بۆچی میوانداریی منێک دەکەی پڕم لەگریانی زەمەن، تەژیم لەهەنیسکی بێئومێدی، لێوانلێوم لە ناڵەناڵی دڵم و تەنانەت لەمەرگدا دەژیم…
لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)