Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۸ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۷ | 19/09/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

ڕووحانی داوای یەکگرتوویی لە کێ دەکا

07/07/2018 | 00:52:46
+A
-A
کەماڵ کەریمی

قسە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم دواییانەی بەرپرسانی نیزام دەری دەخا کە بەرەبەرە ڕێبەرانی هەرەسەرووی ڕێژیمیش باوەڕیان هێناوە کە بە پێچەوانەی هاتوهاوارەکانیان، گەمارۆدانی وڵاتەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە گڵۆڵەی خستوونەتە لێژی. ساڵانێک بوو دروشمی «مردن بۆ ئەمریکا» و «ئەمریکا هیچ غەڵەتێکی پێناکرێ»، بنێشتە خۆشکەی سەر زاری ئیمام و ڕێبەر و ئوممەتەکەیان بوو و ئەمەیان بە هۆکاری یەکیەتیی ئوممەتی ئیسلامی لە قەڵەم دەدا. چەپ و ڕاستی دەسەڵاتدارانی نیزام بۆ خۆبردنەپێش سنگیان بۆ دەکوتا و نەیاندەویست لە ڕیزی وەدواکەوتووانی ئیمام وەپاش کەون. بەڵام چەند ساڵ لەمەوبەر کاتێک یەکەم دەوری گەمارۆکان لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا کاریگەریی خۆیان لەسەر ئابووریی دەوڵەت و ژیانی ئەوان دەرخست، ڕووحانی هاتە مەیدان و بەو هیوایەی کە بە سێحری کلیلەکەی گەمارۆکانیش کۆتاییان پێدێ، جڵەوی دەسەڵاتی دەوڵەتی لە کۆماری ئیسلامیدا گرتەدەست. هەرچەند پێشتریش جیاوازیی بیرکردنەوە لەسەر چۆنیەتیی پاراستنی نیزامەکەیان لە نێو دەسەڵاتداراندا هەبوو، بەڵام ئەوکاتە و بەدوای هاتنەسەرکاری ڕووحانی، چۆنیەتیی ڕوانینی جیاواز بەرامبەر ئەمریکا کەلێنی نێوان دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی بە تەواوی ئاشکرا کرد.

یەکەم هەنگاوی ڕووحانی بۆ دەربازکردنی دەسەڵاتەکەیان لە قەیرانێکی چاوەڕوانکراو، قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە بوو کە ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆی خوڵقاند و لە درێژەی وتووێژەکانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵەی وڵاتانی ١+٥ ڕێککەوتنی بەرجامیان ئیمزاکرد. ئەمە دەرفەتێکی باش بوو بۆ خۆدزینەوەی کۆماری ئیسلامی و دوورکەوتنەوە لەو سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییانەی جیهانی پێ تووڕە بوو. ئەوکاتە ئەم سیاسەتەی ڕووحانی کە خامنەیی جارێک دەیگوت باوەڕ بە ئەمریکا ناکرێ و جارێکی دی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی پێ نەرمینواندنی قارەمانانە بوو بۆ ڕزگاربوون لە چنگ ئەو هەموو نەهامەتییەی بۆ خەڵکیان دروست کردبوو، بوو بە هۆی ئاشکرابوون و گەورەبوونەوەی کێشەی نێوان باڵەکانی ڕێژیم. ئوسوولگەراکان کە نەیاندەویست ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بە ناوی دەوڵەتەوە بێ، هێرشی توندیان بۆ سەر ڕووحانی دەست پێکرد و هەر کامەیان بە جۆرێک تۆمەتباریان دەکرد. کەسیان قبووڵیان نەبوو کە ئەمە بۆ دەربازکردنی هەموویانە لەو تەنگەژەی کە دەبوو سەریان بخوا و گەڕانەوەی ئەو خێرەوبێرەیە کە سیاسەتی ئۆباما بەهۆی ئازادکردنی پووڵە بلۆککراوەکانیان، بەسەریدا دەرشتن. بە دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئەمریکا لەلایەن دۆناڵد تڕامپ سەرۆکی ئەو وڵاتەوە و قورسبوونی باری گرانی سەرشانی دەوڵەتی ڕووحانی و پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، ئەم کێشانەی نێو دەسەڵات گەیشتە ئەوەی کە ماوەیەک لەمەوبەر گوێبیستی واتەواتی وەلانانی ڕووحانی لە دەسەڵات لە زمان پیاوە ناسراوەکانی ئوسوولگەراکانەوە دەبووین. ئەسپاردنی دەوڵەت بە فەرماندەیەکی نیزامی کە ئەویش دەبوو سەردارێکی سپای پاسداران بێ، پێشنیاری کەسێکی نزیکی خامنەیی بوو. لەم بگرەوبەردەدا و لەوپەڕی شەڕەقسەیاندا کتوپڕ ڕووحانی هاتە قسە و بە پێچەوانەی هەڕەشەکانی پێشووی لە دژبەرەکانی نێو دەسەڵاتی، قسەی گۆڕی و باس لەوە دەکا کە «ئامادەین لەگەڵ هەر ئەو کەسانەی کە ساڵانێکە فشارمان بۆ دێنن قسە بکەین و ئەگەر نییەتی باشیان هەبێ لەگەڵیان ڕێککەوین» یان دەڵی؛ «لە بەرامبەر هەموو جیناحەکاندا، هەموو ئەوانەی کە تا ئەمڕۆ خراپترین تۆمەتیان لە دەوڵەت داوە چۆک دادەدەم و دەستیان ماچ دەکەم.» ئەو لێرەدا ڕووی قسەکانی لەو کەس و لایەنانەیە کە سەر بە لایەنەکانی ئوسوولگەران و پێشتر ڕووحانییان بە سازان لەگەڵ ئەمریکا تاوانبار دەکرد. ئەو داوایان لێدەکا کێشە نێوخۆییەکانیان وەلا بنێن و هەموو بە یەکەوە ڕووبەڕووی ئەمریکا ببنەوە.

ئەم هەڵوێستەی ڕووحانی بە ئاشکرا وەزعی ئیستای ئێران و ڕیزبەندییەکانی نێو دەسەڵات و خەڵک لەم وڵاتەدا دەردەخا. لەم وتە بەنرخانەی! ڕووحانیدا دەبینین کە لە هیچ شوینێکی قسەکانیدا ڕووی لە خەڵک و تەنانەت ئەوانەی کە بە ئومێدی کاریگەریی کلیلە سێحراوییەکەی دەنگیان پێدا و لە چاوەڕوانیی جێبەجێبوونی بەرنامە ڕاگەیەندراوەکەی کاتی هەڵبژاردنی لە کاتی سەرۆککۆماریدا پشتیان گرت، نییە. ئەو ئیستا بە باشی دەزانێ کە خەڵکی ئێران بە گشتی ڕیزی خۆیان لە نیزام و دەسەڵاتدارە جۆراوجۆرەکانی جیا کردوەتەوە. هاتنە سەر شەقامی ڕۆژانەی خەڵک لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەردەوامیان لە درێژەی ماوەی دەسەڵاتداریدا ئەو پەیامەی بە ڕووحانی داوە کە لەوە زیاتر ناتوانێ بە دروشمی بریقەدار و درۆزنانە فریویان بدا و لەولاشەوە سفرەی هاوبەشی لەگەڵ جیناحە نەیارەکانی لە نێو بازنەی دەسەڵاتداری نیزامدا، پان بکاتەوە. ئەو هەروەک لەکاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی خەڵک بۆ گەیشتن بە کورسیی سەرۆککۆماری قسەی لە مافی شارۆمەندی و بەشدارکردنی خەڵک لە بەڕێوەبەریی وڵات و کورتکردنەوەی ئەو دەستانەی نانی خەڵک بە تاڵان دەبەن دەکرد، دەبوو لە بیری بوایە کە تەنیا هێزێک کە دەیتوانی ئەو و دەسەڵاتەکەی بپارێزێ هەر ئەو خەڵکەیە کە دەبوو وەک مرۆڤێک کە مافی ژیانێکی شەرافەتمەندانەی لە وڵاتەکەی خۆیدا هەبێ هەستی بە پشتیوانی و دابینکردنی مافەکانی بکردایە.

ئەو خەڵکە لەمێژ بوو دژی سەرکوتکارییەکانی دەزگا ئەمنییەتییەکان، پێشێلکارییەکانی دامودەزگای دادوەری، بێبەشبوونیان لە مافە سەرەتاییەکانیان وەک ئازادییە تاک و بە کۆمەڵەکانیان، گەندەڵی و دزینی ماڵ و سامانیان لە لایەن دەزگا حکوومەتییەکان و بەرپرسان و فەرماندەرانی سپاوە دەنگی هەڵبڕیبوو. بەڵام ئیستا کە دەزانن هەموو کەسایەتی و جیناحەکانی ڕێژیم لەم بێبەشکردنەی خەڵکیدا یەکدەست و یەک کاسەن، هەموویان یەکدەنگ و یەکڕیز لە دژی نیزام ڕاپەڕیون.

ئاکامی ئەم سیاسەتەی ڕووحانی کە بە جۆرێک هەمان سیاسەتی هاوشێوەکانی پێشووی بوو وای کرد کە ئیتر ڕیزبەندییەکان لە ئێراندا بە تەواوی گۆڕانکاریی بەسەردا بێ. پێشتر گەمەی جیناحە جیاکانی نێو دەسەڵات ئەو بەشە لە خەڵکیان کە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەک بوون لە نێو دەسەڵاتدا، بەسەر دوولایەندا دابەش کردبوو. بەڵام سیاسەتە گشتییەکانی ڕێژیم و گوێنەدانی دەسەڵاتداران بە داخوازی بەردەوامی خەڵک بۆ چارەسەری کێشەکانیان، ئێرانی گەیاندوەتە جێگەیەکی هەستیار لە گۆڕانکارییەکی قووڵتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا. ئیستا ئیتر ڕووحانی دەزانی ناتوانێ بۆ پشتگیری ڕوو لە خەڵک بکا. بۆیە بە شەرمسارییەوە ڕوو لە دژبەرەکانی لە نێو ڕێژیمدا، «ئەوانەی کە تا ئەمڕۆ خراپترین تۆمەتیان لە دەوڵەت داوە» دەکا و لە بەرامبەریاندا چۆک دادەدا و دەستیان ماچ دەکا. داوایەک کە تازە هیچ دادێکی نادا.

لە ژمارەی ٧٢٩ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)