لە درێژەی سەردانی سەرۆککۆماری ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی بۆ ئەوەی لە ڕێککەوتنی بەرجام نەکشێنەوە، رۆژی چوارشەممە ١٤ پووشپەڕ حەسەن روحانی کە خۆی گەیاندوتە ئۆتریش وەکوو سەرۆکی دەورەیی یەکیەتیی ئورووپا، بە باس کردن لە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران و لێکەوتەکانی لەو بارەوە ڕایگەیاند؛ ئەگەر پێش لە فرۆشی نەوتی ئێران بگیردرێت ، هەناردە کردنی نەوتی وڵاتانی دیکەش کێشەی بۆ ساز دەبێ ”
مەبەست لە قسەکانی روحانی، داخستنی “تنگەی هرمز” ی کەنداو بوو، کە سەتا ٢٠ی نەوتی جیهان لەوێدا تێپەڕ دەبێ و، هەرکات گوشار دەخرێتە سەر کۆماری ئیسلامی، هەڕەشەی داخستنی ئەو کریدۆرە جیهانییە دەکا.
شیاوی باسە دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ لە درێژەی سەپاندی گەمارۆ بۆ سەر ئێران ، وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئیڕانی ڕازی کردووە کە گرێبەستە نەوتییەکانیان لە گەڵ ئێران، بەرە بەرە هەڵوەشێنەوە، تائێستا نیزیک بە ٥٠ کۆمپانیای نەوتی، بڕیاریان داوە لە مەعاملە کردن لەگەڵ ئێران و کڕین و فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە بکشێنەوە .
هەر لەو پێوەندییەدا دوای هەڕەشەکانی حەسەن روحانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “پنتاگون”، لە وڵامی قسەکانی روحانی و سپای پاسداران، ڕایەگەیاندوە حەسەن روحانی دەبێ بزانێ سەردەمی دەسەڵاتداریەتی “ئۆباما” نەماوەو لەسەر تڕانزیتی نەوت لە کەنداویش گەرەنتی بە وڵاتانی جیهان داوە.
شیاوی باسە هاوکات لەگەڵ قسەکانی ڕوحانی ، سمایل کەوسەری جێگری گوردانی “ثاراللە”ی سپای پاسداران ڕایگەیاندوە کە ئەگەر لە ئێران نەوت نەکڕن، ئەوانیش “تنگەی هرمز” دادەخەن.