بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لێژنەیەکی تایبەتی نیزامی دادەمەزرێنێ.
بەپێی زانیاریی ڕۆژنامەی “مەعاریف”، ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران لێژنەی تایبەتی نیزامی پێک دێنێ کە سەرۆکایەتیی ئەو لێژنەیە لە ئەستۆی “نیتسان ئالۆن” سەرۆکی پێشووی بەشی ئۆپەراسیۆنی سپای ئەو وڵاتەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەمان ڕۆژنامە، گادی ئیزنکۆت سەرۆکی ئەرکانی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل، لە ڕۆاژانی ڕابردوودا “نیتسان ئالۆن”ی وەک بەڕێوەبەر و داڕێژەری پلانی بەرەنگاربوونەوەی ئێران دەستنیشان کردووە.
هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەو فەرماندە باڵایەی ئیسرائیل هەفتەی پێشوو پێکەوە سەردانی ئەمریکایان کردووە و لەگەڵ بەرپرس و فەرماندە باڵاکانی ئەو وڵاتە وەک “جۆزف دانفوورد” سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سپای ئەو وڵاتە وتووێژیان کردووە و دوایین بڕیاری لە ئەمریکا دراوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەوە یەکەمجارە سپای ئیسرائیل، بەڕێوەبەرێکی تایبەت و لێژنەیەک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران دیاری بکا.
شایانی باسە ساڵانێکی زۆرە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ئارا دان و بە تایبەت لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردووا بەرپرسانی باڵای سیاسی و نیزامیی ئێران زۆر جار هەڕەشەی سڕینەوەی حکوومەت و وڵاتی ئیسرائیلیان کردووە.