بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە “کوردستان وکورد” گەیشتووە رۆژی ڕابردوو یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ هێزەکانی سپای پاسداران لە سێڕێیانی بورهان بەرەو سەهۆڵان ، بە خەڵکیان گوتوە هاتووچۆی جاددەی بورهان و ئەشکەوتی سەهۆڵان نەکەن و ڕایانگەیاندوە کە ناوچەکە لە باری ئەمنیەتییەوە ئاڵۆزە، شایەتحاڵان دەڵێن ئەمە بیانووی رێژیمە بۆ ئەوەی ڕێژەی گەشتیارەکان بۆ ئەو ئاواییە کەم بکەنەوە.
هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێکی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ ئەشکەوتی سەهۆڵانی مەهاباد، چەند کەس لە خەڵکی ئەو گوندە گەندەڵیی ماڵی و تاڵان کردنی داهاتی ئەو شوێنە گەشتیارییەیان لە لایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە لە قاو داوە.
لەو ڕاپۆڕتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆی داهاتی ئەو ئەشکەوتە دەچێتە گیرفانی چەند مۆرەی دەست نیشانکراوی ڕێژیم و ئەم تاڵان کردنە لە کاتێکدایە بەپێی خۆدی یاساکانی کۆماری ئیسلامی دەبێ لە داهاتی شوێنە گەشتیارییەکان سەرەتا خەڵکی ئەو ناوچانە لێیبەشدار بن و، بخرێتە خزمەتی ئاوەدان کردنەوە و، گەشەی ئابوورییەوە.
شیاوی باسە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ئاست ئێران و کوردستان و وڵاتانی بیانیش سەردانی گوندی سەهۆڵان دەکەن ، بەڵام بەرپرسانی رێژیم دەستیان بەسەر ئەو شوێنە گەشتیارییە داگرتووە، خەڵکی ئەو ناوچە لە خزمەتگوزارییەکان و داهاتی ئەشکەوتی سەهۆڵان بێبەش کراون.
دەگوترێ ئێستاکە ئەشکەوتی سەهۆڵان، لەژێر چاودێری فەرمانداریی مەهابادەو، داهاتەکەشی بۆ گیرفانی بەرپرسانی فەرمانداری مەهاباد دەگەڕێتەوە.
شیاوی باسە ئەشکەوتی قوریقەڵای شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان ، بەهەمان شێوە داهاتی ئەو شوێنە گەشتیارییە لەلایەن بەرپرسان و دەستوپێوەندییەکانی رێژیمەوە دەدزرێت.