رۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و ئەندامانی ڕێکخراوی فەرهەنگی ڕچەی لەیلاخ، سەردانی شارۆچکەی “قوڕیچیا”یان کردو، بە ئامادە بوونیان لەسەر گڵکۆی فەیزوڵڵا حسێنپەناهی، “کە لە پێناوی ڕزگارکردنی منداڵێک تەمەن ٥ساڵان لە خنکان، گیانی لە دەست دا”، یادی ئەوە مرۆڤە بوێر ودڵسۆزەیان بەرزڕاگرت.
چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی ناوچەی لەیلاخ، بە بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی ئەو پیاوە فیداکارە، لە نیزیکەوە لە گەڵ کەسوکارو بنەماڵەکەی هاوخەمییان دەربڕی و، لە پەیامێکدا ئەو کردەوە مرۆڤدۆستانەی کاک “فەیزوڵڵا حسێنپەناهی”یان، بە نموونەیەکی زێڕین لە فیداکاریی و ئینسانییەت لە قەڵەمدا.
جێیوەبیر هێنانەوەیە رۆژی هەێنی ٨ی پووشپەڕ خوالێخۆشبوو فەیزوڵڵا حسێنپەناهی” لە ئاوایی “باوەگوڕگوڕ” لە کاتی ڕزگار کردنی منداڵێک لە ئاو کەوتوو، ئەگەرچی ئەو منداڵە لە مردن ڕزگار دەکا، بەڵام بەداخەوە بۆخۆی گیانی لە دەستدا و، ئەو ئازایەتییە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.