چل و شەش ساڵ بەسەر کۆچیدوایی حەسەن زیرەک، هونەرمەندی ناوازەی کورد، تێپەڕی و، هەرساڵەو هۆگرانی ئەو کەڵە هونەرمەندە بە بۆنە جیاجیاکان زیاتر ڕێز لە گەنجینەی بەنرخی ئاواز ومیلوودی کوردی، مامۆستا حەسەن زیرەکی ناودار دەگرن.
ئەمساڵ بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی بوواری مووزیکی کوردی و لایەنگرانی هونەر و مووسیقی گەلەکەمان، لە دەوری گڵکۆی هونەرمەند حەسەن زیرەک لەشاری بۆکان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێکی خنجیلانە یادی یەکێک لە ئستووورەکانی گەلی کوردیان بەرز ڕاگرت.
دوانیوەرۆی رۆژی سێشەممە رێکەوت ٥ی، پووشپەڕی ۱۳۹۷ بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە شاعیران و ئەدیبان و هونەرمەندانی رۆژهەڵات لە سەر گڵکۆی پیرۆزی مامۆستا حەسەن زیرەک، لە شاری بۆکان رێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی مامۆستا حەسەن زیرەک بەرێوە چوو.
لەم رێورەسمەدا کە بە هاوکاری رێکخراوی فەرهەنگی هونەری مامۆستا حەسەن زیرەک و مەکتەبی ئەدەبی “دارکوولیسم” مەکتەبی ئاشتی و تەبایی و بیری خۆڕسکانی بۆکان و دەوروبەری بەرێوەچوو، کۆمەڵێکی بەرچاو لە شاعیران و ئەدیبان و هونەرمەندانی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و پارێزگای ورمێ و، هەروها لە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان، بە خوێندنەوەی شێعر و پەخشان و ژەنینی مووسیقا و چڕینی ئاواز، بەشدارییان کردبوو.
حەسەن زیرەک، کە بە ئاواز و گۆرانییەکانی بۆتە مۆڵکی جێگای ڕێزی هەموو پارچەکانی کوردستان، هەتا دێ پسپۆڕانی بوواری مووسیقی و لایەنگرانی ئاوازی کوردیی، لایەنە هونەریی و لێهاتووییەکانی ئەو هونەرمەندە مەزنە زیاتر باس دەکەن.
لەو رێورەسمە بەشکۆیەدا سووسەن حەسەنزادە بەرپرسی رێکخراوی حەسەن زیرەک، بە پێشکەش کردنی وتارێک، بەخێر هاتنی بەشداربووانی کرد.
پاشان بەشێک لە قەڵەمبەدەستان و شاعیرانی کورد شێعر و بەرهەمەکانی خۆیانیان لەو پێوەندییەدا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
شایانی باسە لە کۆتایی ئەو رێوڕەسمەدا حاجی حسێن(برای مامۆستا حەسەن زیرەک) بە نوێنەرایەتیی خۆی و بنەماڵەی مامۆستا حەسەن زیرەک پەیامی سپاس و پێزانینی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
هەروەها لە شاری سلێمـانی لە ڕێوڕەسمێکی هاوشێوەدا ، یادی هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا حەسەن زیرەک بەرز ڕاگیرا.
جێیوەبیر هێنانەوەیە هونەرمەندی داهێنەرو بەناوبانگی کورد، لە ماوەی تەمەنی هونەریی خۆیدا، دەیان گۆرانی وئاواز ومەقامی بێوێنەی پێشکەش بە مووسیقی کورد کردوەو، سەرەڕای ژیانێکی نالەبار، بەڵام توانی گیانێکی تازە، بە ئاوازی کوردی ببەخشێ.
مامۆستا حەسەن زیرەک، دوای بە جێهێشتنی نیزیک بە ٣٦٢١ بەرهەمی جۆراوجۆر لە بوواری گۆرانی و مووسیقی کوردی، لە ساڵی ١٣٥١ ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان کرد، بەڵام چریکە بە جێماوەکانی هێشتا لە باخچەی گۆرانی کوردی دەزرێنگێتەوە.