ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکرات ده‌ڵێ ئێران له‌به‌رده‌م گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی دایه.
که‌ماڵ که‌ریمی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ ژماره‌ی نوێی ڕۆژنامه‌ی “کوردستان”، ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ده‌ڵێ له ئێستادا ئێران گەیشتووەتە ئەو ئاستە کە پێویستە نیزام یا سیستمێکی نوێ لەو وڵاتەدا دابمەزرێ. ئەم حکوومەتە نە لە باری ئابوورییەوە توانیویەتی کارێکی وا بکا، نە لەباری سیاسی و دیپلۆماسییەوە توانیویەتی ئێعتباری وڵاتێکی وەک ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بپارێزێ و نە لە ناوچەدا توانیویەتی لەگەڵ دراوسێکانی پێوەندییەکانی ڕابگرێ کە جێی متمانە بێ. لە نێوخۆی وڵاتیش ئەوەی کە دەیبینین جگە لە نێو کۆمەڵێک چەکدارانی سپا و بەسیج و ئەو دەزگایانەی کە سەر بە بەیتی ڕێبەرین، لە نێو خەڵکی ئێرانیشدا ئێعتبارێکی ئەوجۆرەی نەماوە.
ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ده‌ڵێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به داخه‌وه هێشتا کۆماری ئیسلامی ئۆپۆزیسیۆنێکی جیددیی جێگره‌وه‌ی نییه. به‌ڕیزیان ده‌ڵێ بۆ ئەوەی نیزامێک بگۆڕی دەبێ هێزێکی دیکەت هەبێ کە جێگەی ئەو بگرێتەوە، به‌ڵام لە ئێران‌دا دەبینین ئۆپۆزیسیۆنێکی په‌ڕشوبڵاو هەیە لە چەپەکان، کۆماریخوازەکان، شاپەرەستەکان و موجاهیدین کە بە زۆری لە دەرەوە تێکۆشانیان هەیە و لە ڕاستیدا هەتا ئیستا هەست بەوە ناکرێ کە هیچکام لەم لایەنانەی ئۆپۆزیسیۆن، توانیبێتیان لەنێو خەڵکی ئێران‌دا پێگەیەکی به‌هێز بۆ خۆیان دروست بکەن و بتوانن مەسیری ئینقلاب دیاری بکەن.
که‌ماڵ که‌ریمی به ئاماژه به نه‌بوونی یه‌کڕیزیی پێویست و تۆکمه‌ی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان ده‌ڵێ هێزە کوردییه‌کان دەبێ پێشتر بۆ هه‌موو گۆڕانکارییه‌کان ئامادەکاری و هاوئاهەنگیی تەواویان کردبێ بە یەکەوە بۆ یارمەتیدان بە ڕووخانی ڕێژیم یان گۆڕانکارییه‌کانی دی بچن، به‌ڵام هەتا ئیستاش هێزەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەی پێوەندییەکانیان باشه به‌ڵام نەبوونەتە خاوەن بەرنامە و ستراتیژییەکی پێویست کە چۆن ڕووبەڕووی ئەو قۆناغانە دەبنەوە.
ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکرات ئەمە به گەورەترین کێشه بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ده‌زانێ. به‌ڕێزیان له وه‌ڵامی پرسیارێکی دیکه له‌باره‌ی سه‌ردان و کۆبوونه‌وه‌ی به جیای چه‌ند حیزبی سیاسیی کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ڵێ: ئەو ماوەیه لە ئەمریکا کە دوو حیزبی کوردی سەردانی ئەوێیان کردبوو، ناوەندێکی فکریی ناحکوومییان دیوە کە تەبلیغاتی زۆریشی پێوە کرا، کە هەشت مانگ لەمەوبەر نوێنەرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و جێگری سکرتێری حیزبه‌که‌مان دانیشتنی لەگەڵیان هەبووە و هەر ئەو باسانەیان لەگەڵ کردوون. بە بڕوای من لە جیاتی ئەوەی لە یەکتری بشارنەوە کە خەریکی چین و زیاتر لەوەی کە هەیە گەورەی بکەنەوە باشتر وایه کە لەگەڵ یەکتر باسەکانیان بکەن بۆ ئەوەی کە دەچنە ئەو شوێنانە قسەی هەموو لایەنەکانیان پێ بێ و بتوانن نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەکان بکەن. ئەمە یەکێک لە کێشەکانی نێو ئەو حیزبانەیە و زۆرتر کێشەیەکی ڕەوانییە بە مەبەستی تەبلیغات و خۆنیشاندان.