بزەی شیرین کە تامەزرۆی نەخشی فەرهادی، ئەوین بوو
شنەی بێستوون دای لە خاک و لەک ئەمیریش، تاوتین بوو…
ئەم ترووسکە جەستەی کەسیرەی بێستوونی بووژاندەوە و، لە ئاسۆی فەرهادەوە سەری هەڵدا و لە نیگای بزەی شیریندا بوو بە هەتاو. لەو کاتەوە ئاسمان ساماڵە و زمانی کەڵهوری بە تریفەی ئەم ئەستێرەیه دەگەشێتەوە و لهگهڵ قەڵەمدا دەبێتە هاوڕێی گیانی بەگیانی و پرێسکەی دڵی لەلا دەکاتەوە و، بیری بە بریسکەی چەخماخەی دادەگیرسێ و حەز و خولیاکانی هەڵ دەڕژێنە توێی کاغەز و چرپەی دڵ و وتەی لێوی تیا هەڵدەچنێ و وەک ئەوین لێهەڵبڕاوێک بە خۆشەویستی وڵاتەکەیدا ڕۆدەچێ و خەمی خاک و گەلی چەوساوەی دەبنە هەوێنی نووسینەکانی. ئیتر لە مەولا قەڵافەتی دیل و ژێردەستیی زێدەکەی لە ئامێز دەگرێ و زمانی شیرینی لەکی بەوپەڕی بوێرییەوە دەخاتە قالبی شێعر و ئاوازەوە و ڕێژنەبارانی کەسکی بەهاری لە چیا و چیمەنی خاکەکەی دەپڕژێنێ و بە چەپکەگوڵی وشە دیمەنی بێستوون و، شاهۆ و مانێشت و قەڵاقیڕان دەڕازێنێتەوە.
لەک ئەمیر ئەو مرۆڤە خاوەن هەڵوێستەیە کە سەراپای وجودی بە شەمی ئەوینی نیشتمانەکەی داگیرساوە و پەپوولەی نەسرەوتووی ڕووحی لەدەوری دەخولێتەوە و لە پڕشنگی ئاسارەکانیدا هەڵ دەبنەوە و، لە بڕگە و دێرەکانا نهخشەی وڵاتی لەتکراوی دادەڕێژێتەوە.
ئەم شاعیرە خۆنەویستە خەمی گەورەی خەمی خاکە و دڵی وەک تەختەی سەراوە و، بە ژانی نیشتمان و مەرگی ڕۆڵەکانی هەڵدەقرچێ و بوغزێکی مێژوویی ئەوکی گرتوە و چاونەترسانە هاتۆتە مەیدانی شۆڕش و وەک ڕۆڵەیەکی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان گۆڕەپانی خەباتی چۆڵ نەکردوە و، لە سەنگەری شێعرەوە سێرە لە دوژمن دەگرێ و بە گژ سێدارەی کۆماری ئیسلامیدا دێتەوە.
ئەگەر بە وردی بە ژیانی ئەو نوسەرە خەمخۆر و وڵات پارێزەدا بچینەوە، له دەسەڵاتی ئەم کورتە بابەتەدا نیه بتوانێ کاڵای پڕ به باڵای ئەو مرۆڤە هەڵکەوتەیهی کورد بێ. زۆرن ئەوانەی هەستیان لە پەڕی گوڵ و چاویان لە تیشکی خۆر و دڵیان وێنەی ئاوێنە و بۆنی نیشتمانی خۆیان لێوەدێ و لە شەپۆلی زەریای خۆشەویستیدا دەخولێنەوە و چڕوچەوێڵی چەم و شاخ دەشۆنەوە و گیانێکی نۆێ بەبەر کانیاو و ڕووبار و ژینگەدا دەکەنەوە و هومێد بە چرپەی جۆگەلە و قومە ئاوەکان ئەبەخشن. ئەم مرۆڤە مێژووی خاکی لەتکراوی پشکنیوە و بەرهەمەکانی بۆنی گوڵ و شنەی کوێستانیان گرتوە و کۆی ئەدیان و کلتوری گەلەکەی لە هەستی ناسک و قامەتی کۆلکەزێڕینەی هەتوانی جوانییەکانی شێعردا کۆ کردۆتەوە و مانای ژینێکی راستە قینەی پێبەخشیون و سۆزی ئاوازی لە قوڕگی تەلموورەوە ژەنیوە و لە جەمخانەی پیرداود و سوڵتانی ساقا یەکیان گرتۆتەوە.
هەرچەند سروشتی ژیانی ئەم نووسەرە لە جوغرافیایەکی دەگمەن لە جوانیدا هەڵکەوتوە، کەچی نەیارانی گەلەکەی هەمیشە لە ڕوانگەی دوژمنکارانەوە لە نیشتمانی باوانیان ڕوانیوە و قەت خەونی تروسکەی ئەستێرە و تریفەی مانگەشەویان بەو زێدە زێڕینەوە نەبینیوە و بێ پشوو لە هەوڵی چەواشەکاریی مێژووی کوردستان و بەلاڕێدابردنی ناسنامەی ئەو خاکەدا بوون، بەڵام لەک ئەمیر سیاسەتە چەوت و ڕهزیلەکانی داگیرکەرانی خوێندۆتەوە و وەک سیاسەتوانێکی خیبرە بۆسەی مەندیل و جادووی عەبا و خەونی ڕەش و نەخشەی مهلا تاریکبیرهکانی لەقاو داوە و، پیلانەکانی سپای پاسدارانی لەهەمبەر پەرەپێدانی مادە سڕکەرەکان لە کوردستان ئاشکرا کردوە.
وەک شۆرشگێڕێکی ئازادیخواز لە هەمبەر مافە ڕەواکانی پێداگری کردوە و زۆر جاران لە سەر خواستەکانی گڕیشەیان تێهەڵکێڵاوە و ڕاپێچی سلول و گرتووخانەکان کراوە، بەڵام ئەو گوشارانەش نەیانتوانیوە تۆزقاڵێک لە ڕەنگی نیشتمانی کاڵ کەنەوە و، نێوەڕۆکی نووسینەکانی بەو ئازارە پڕکردۆتەوە؛ ئاخر، خۆشەویستی مەنزڵگەی خۆی دیوەتەوە و بارگەوبنەی لەو هەوارە زنوێرەدا لێی خستوە و ئیتر نیازی بە کۆچاوکۆچ نەماوە. ئیستا کوێستان ئاوەدانە و تاڤگەی دڵی لەک هەڵدەڕژێ و، زایەڵەی شاخ بە دەمی وشەیەوە و، سەری ناوەندی وڵاتە و دڵی ماڵە ڕووخاوەکانی کرماشان و سەرپێڵ دەپشکنێ و بۆسۆی کزی لێقەوماوان بە ئاهی دڵ دەخواتەوە…
***
* کەیومەرس ئەمیری کەلەجوبی ناسراو بە لەک ئەمیر ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی لە ئاوایی کەلەجوبی سەربە ناوچەی فیرووزئاوای پارێزگای کرماشان لە دایک بووە. دوای تێپەڕینی قۆناغەکانی دەورەی سەرەتایی دەچێتە شاری کرماشان و لەو شارەدا بڕوانامهی دیپڵۆم لە ڕشتەی ئەدەبیاتدا وەردەگرێ و خوێندنی زانکۆ به نیوهچڵی تهواو دهکا.
تا ئێستا چوار بهرههمی به ناوهکانی «مرثیهای برای تو» و «کوردستان یخزده» (که کۆمهڵه چیرۆکن)، دیوانه شێعری «خریوه« (به زاراوهی لهکی) و «ئهفسانهکانی لهکی» چاپ و بڵاو بوونهتهوه.
ناوبراو جیا له کاری ڕۆژنامهنووسی و نووسین له بڵاوکراوه سهراسهری و ناوچهییهکان له نووسینی سیناریۆی فیلمیشدا ئهزموونی ههیه و «سیمره رود بی بازگشت» یهک له بهرههمهکانی ناوبراوه لهو بوارهدا. ئهوهی ناوی «لهک ئهمیر» خسته سهر زار شێعری «بێستوونی مهنی نهووین» بوو.
لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)