لە شاری شنۆ پایتەختی گێلاسی ئێران وکوردستان سێیەمین فستیڤاڵی گێلاس لەو شارەدا بەڕێوەچوو.
لە رۆژانی پێنجشەممە و هەێنی ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەردان و١ی پووشپەڕی ٩٧ی هەتاوی بە بەشداریی بەرفراوانی خەڵک، لە شاری شنۆ سێیەمین فستیڤاڵی وەرزی و کەلتووری لە ژێرناوی فستیڤاڵی گێلاسی شنۆ بەڕێوەچوو و، سەرلەنوێ خەڵکێکی زۆری لە دەوری یەک کۆکردەوە.
ئەو فستیڤاڵە کە هەتا دێ بەربڵاوتر بەڕێوەدەچێ، ئەمساڵ لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان سەرنجی گەشتیارانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاو، بوو بە هۆی ناساندنی زیاتری شاری شنۆ ، کە بە پایتەختی گێلاس ناوی دەرکردوە.
شیاوی باسە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و ژینگەپارێزانی کورد لە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵەکان لە کوردستان کە دەرفەتێکی باشە، بۆ نواندنی ژینگە و کەلەپووری کوردستان ، دەوری بەرچاویان هەیە و، بە پێداگریی ئەوان هێندێک لە بەرپرسانی حکوومیش لەو ڕێوڕەسمانەدا بەشداریی دەکەن .
مەبەستی سەرەکیی لە بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی گێلاس، ناساندی شاری شنۆو تایبەتمەندییەکانی لەباری کشت وکاڵەوە، هەروەها ڕاکێشانی سەرنجی سەرمایەگوزاران و گەشتیارانی کوردە، بە مەبەستی گەشەی ئابووری و کشتوکاڵی ناوچە.
شیاوی باسە ئەو فستیڤاڵە بە ئاواز و گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی ڕازایەو چەند هونەرمەندی شنۆیی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ گۆرانی و مووسیقی کوردییان پێشکەش کرد.
هەروەها لەدرێژەی فستیڤاڵی گێلاسی شنۆ ، قوتابیانی ئاوایی شێخان، گەمە ویارییە کۆنەکانیان لە پێشچاوی بەشداربووانەوە نواند.
لە بەشێکی دیکەی فستیڤاڵی دوو رۆژەی گێلاسی شنۆ، چەندین غورفە و خێوەتی جیاجیا بۆ پێشاندانی چەشنەکانی گێلاسی شنۆ و، کاردەستی و فێرگەی زمانی کوردی هەڵدرابوو، کە سەرنجی میوانانی ڕاکێشا.
ئەو فستیڤاڵە لە لایەن گرووپی ٥٠ کەسی هەواڵنێران، کە لە تارانڕا هاتبوون، ڕۆماڵ کرا و دەگوترێ لە ماوەی دوو رۆژ زیاتر لە ٣٠٠٠کەس لەو ڕێوڕەسمە بەشدارییان کردوە.
شیاوی باسە لە کوردستان ساڵانە چەند فستیڤاڵی هاوشێوە وەکوو، فستیڤاڵی هەناری هەورامان لە پاوە، فستیڤاڵی ترێ سەردەشت و تووت فەرهەنگی سنە، بە دەسپێشخەریی و هاوکاری ئەنجومەنە فەرهەنگی و ژینگەپارێزییەکان بەرێوە دەچێ.