Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۸ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۷ | 19/09/2018 | کاتژمێر:
ئەندیشە

کوردستان لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ی زایینی هەتا کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی

22/06/2018 | 12:12:32
+A
-A
د. کامران ئەمین ئاوە

(هەوراز و نشێوەکانی بزووتنەوەی کورد (بەشی کۆتایی
ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیللای شەمزینان (١٢٦٠ _١٢٥٩)، واتە ١٨٨١ _ ١٨٨٠ دژ بە ناسرهدین شای قاجار، پاش ڕاپەرینی سوڵتانەکانی هەورامان دژ بە فەرهاد میرزا و ڕاپەڕینە خۆجێییەکانی دیکە وەکوو سەرلووتکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە یەک چوارەمی کۆتایی سەەدەی نۆزدەدا پێناسە دەکرێ.
شۆڕشی سوڵتانەکانی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێنەیەک لە کاردانەوەی سیاسەتی ناوەندیکردنی دەسەڵات و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حکوومەتە خۆجێییەکانی کوردستان بوو. ناوچەی هەورامان سەر بە میرنشینی ئەردەڵان لە کاتی دەسەڵاتداریی ناسرهدین شادا چەندین شۆڕشی گەورەی بە خۆیەوە بینی. سیاسەتی لابردنی کاربەدەستانی خۆجێی و هەڵبژاردنی حاکمەکان لە دەرەوەی کوردستانەوە، گوشاری ماڵیاتی، زوڵم و زۆری بێپسانەوەی حکوومەتی قاجار، نەخشێکی بەرچاوی لە سەرهەڵدانی شۆڕشی هەوراماندا هەبوو. شۆڕشی هەورامان لە کاتی دەسەڵاتداریی ناسرهدین شا بۆ ماوەی چوار ساڵ (١٢٨٨_ ١٢٨٤ه. ق واتە١٨٧١_ ١٨٦٧ز) ئیدارەی ولایەتی کوردستانی(1) تووشی کێشە کرد، و پاش کۆتاییهاتن بە حکوومەتی ئەردەڵانەکان، ئەم ستەمکارییە نەک هەر کەمی نەکرد بەڵکوو چەند قاتیش زیادی کرد.
لە ساڵی ١٢٨٥ ه. ق (١٨٦٨ز) پاش مردنی غوڵامشا خان ئاخرین میری ئەردەڵان، ناسرهدین شا، مامی خۆی واتە فەرهاد میرزای معتمدالدولەی کرد بە حاکمی ئەم ناوچەیە و ئیدارەی ئەم ویلایەتە ڕاستەوخۆ کەوتە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی. دیاریکردنی فەرهاد میرزا بە مانای کۆتاییهاتنی میرنشینی ئەردەڵان بوو.
کوژرانی حەسەن سوڵتانی هەورامی و گیرانی دوو براکەی _مستەفا سوڵتان و بارام بەگ_ بە فەرمانی فەرهاد میرزا، ڕێخۆشکەری شۆڕشی نوێی هەورامان و هەڵبژاردنی ڕۆستەم سوڵتان، کوڕە گەورەکەی حەسەن سوڵتان وەک حاکمی هەورامان بوو. هێرشی هێزەکانی کورد بۆ سەر سوپای فەرهاد میرزا لە نزیکەی گوندی «هەنجمەنە» و کوژرانی ٣٦ کەس و بە دیلگرتنی ١٨ کەس و دەربازبوونی خودی فەرهاد میرزا بوو بە هۆی سەرشۆڕییەکی گەورە بۆ مامی ناسرهدین شا. نووسەری «حدیقەی ناصری» لە کتێبەکەیدا باسی «تلانەوەی فەرهاد میرزا لە ناڕەحەتی وەکوو مار بە دەوری خۆیدا» دەکا. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستە فەرهاد میرزا داوای هێزی پشتیوانیی لە ناوەند کرد. ناسرهدین شا سێ فەوجی گەورەی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی هەورامان نارد، ئەوانیش پاش هێرشێکی بەرفراوان گوندی نەوسوود، ناوەندی هەورامانی لهۆن و دزڵی ناوەندی هەورامانی تەختیان داگیر کرد. سوپای ئێران لەسەر ڕێگایان تەواوی حاسڵاتی کشتوکاڵی ‹شامیان»یان سووتاند و «دزڵی»یان تاڵان کرد و ئاوڕیان تێبەردا. فەرهاد میرزا لە نامەکانیدا سەرکەوتنی خۆی لە هەورامان وەکوو گرتنی سباستیناپۆل لەقەڵەم دەدا و هەورامانییەکان وەکو «دێونژاد»، «بەدفەڕ» و «دڕندەی دەروون پیس» ناو دەبا.(2)
لە ساڵەکانی پاش شکستی بزووتنەوەی شێخ عوبەیدیللادا، کورد لە تەواوی کوردستان درێژەی بە خەباتی خۆی دژ بە دەسەڵاتدارەکانی ئێران و عوسمانی دا؛ وەکوو: شۆڕشی دەرسیم (١٨٩٢_١٨٩٣)، ڕاپەڕینی کورد و عەرەبەکان دژ بە دەسەڵاتی تورکەکان لە باشووری کوردستان (١٩٠٧_١٩٠٨)، شۆڕشی برایم پاشا سەرۆکی کۆنفێدڕاسیۆنی عەشیرەکان و فەرماندەی دوو تابووری (هەنگی) حەمیدیە (١٩٠٨_١٩٠٧)، شۆڕشی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەریی جەعفەرئاغا، محەمەدئاغا و بە تایبەتی سمایل ئاغای سمکۆ پاش کوژرانی جەعفەرئاغای هەرکی لە هاوینی ١٩٠٥ و هتد. لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٨_١٩١٤ی ز دا ڕاپەڕینی کورد بە ڕێبەریی مەلا سەلیم لە بدلیس، شۆڕشی بارزان بە ڕێبەریی عهبدوسهلام بارزانی لە ساڵی ١٩١٤دا، هەروەها ڕاپەڕینی سلێمانی بە ڕێبەریی شێخ مەحموود لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، جێگایەکی تایبەتییان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد هەیە.
ڕاپەڕینی خەڵکی بدلیس بە ڕێبەریی مەلا سەلیم لە نەورۆزی ساڵی ١٩١٤ دا دەستی پێکرد و توانی لە ماوەیەکی کەمدا بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش پەل باوێژێ. مەلا سەلیم کوردێکی زازا و لە کاتی ڕاپەرینەکەدا تەمەنی ٦٠ ساڵ بوو. گیرانی شێخ سەلیم لە لایەن سوپای عوسمانییەوە لە مارسی ١٩١٤دا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دەستپێکی پێشوەختی ئەم ڕاپەڕینە هەبوو. بە پێی تێلگرامی نهێنیی میخاییل نیکۆلایویچ گیرس(3) باڵوێزی ڕووسیە لە ئەستەنبووڵ، ڕێکەوتی ١٢ی مارسی ١٩١٤، تورکەکان شێخ سەلیمیان لە ڕێگای بدلیس گرت، بەڵام نزیک بە ٧٠٠ کوردی چەکدار شێخیان لە دەستی تورکەکان ڕزگار کرد. دەستپێکی پێشوەختی ڕاپەڕینەکە بە باوەڕی یوسف کامیل بەدرخان، ئاکامێکی تاڵی بە دواوە بوو،(4) بە هۆی هەڵەیەکی تاکتیکی لە شەڕ و نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان هێزەکانی ڕاپەریندا، تورکەکان توانیان لە ماوەیەکی کەمدا شاری بدلیس بگرنەوە. شێخ سەلیم و بەشێک لە ڕێبەرانی شۆڕش پەنایان بردە بەر کۆنسوولی ڕووسیە لە بدلیس. سەرکۆنسوولی بریتانیا لەم پێوەندییەدا نەبوونی هاوئاهەنگیی (کۆئۆردیناسیۆن) وەکوو هۆی زەبرخواردن و شکستی کوردەکان پێناسە دەکا.(5) لە ٢٣_٢٢ی ئاوریلی ١٩١٤دا شێخ شههابهدین، شێخ سەعید، عەلی و براکەی شێخ محەممەد شیرین و ١٠ کەسی دیکە لە بدلیس لە سێدارە دران. پێنج مانگ پاش شکانی ڕاپەڕینەکە، هێزەکانی عوسمانی بە هۆی دەسپێکی شەڕی ڕووس و ئاڵمان و هاوپەیمانەکانی واتە عوسمانی، هێرشیان کردە سەر کۆنسوولخانەی ڕووسیە، و پاش گرتنی تەها سەلیم و هاوڕێیانی، دەستبەجێ لە سێدارەیان دان.
بەهاری ساڵی ١٩١٤ ڕاپەڕینی کوردەکانی باشووری کوردستانیش بە ڕێبەریی شێخ عهبدوسهلام بارزانی بوو بە هۆی رزگارکردنی مووسڵ و بەشێکی بەرچاو لە ویلایەتی بەغدا. ئەم ڕاپەڕینە لە لایەن تورکانەوە سەرکوت کرا و شێخ عبدالسلام بەو هیوایەی کە بتوانێ پشتیوانیی سمکۆ وەدەست بێنێ، چوو بۆ ورمێ و لەوێشەوە ڕەوانەی تفلیس بوو. بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ڕووسیی «قەفقاز» ڕێکەوتی ١٥ی ئاوریلی١٩٠٤، شێخ عهبدوسهلام هەوڵی خۆشاردنەوەی لای مارشیمۆن دابوو.(6) شێخ کاتی گەڕانەوەی لە پاییزی هەر ئەو ساڵەدا بۆ باکووری کوردستان، بە هۆی خەیانەتی سۆفی عەبدوڵڵای شکاکەوە گیرا و ڕادەستی عوسمانی کرا. لە کۆتایی ساڵی ١٩٠٤دا شێخ و دوو هاوڕێی لە مووسڵ لە سێدارە دران.
لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا سمکۆ وەکوو سەرۆک عەشیرەی شکاک بە دەسەڵاتترین کەس لە ناوچەی ڕۆژئاوای گۆلی ورمێ، هەروەها لە درێژایی سنووری ئێران و عوسمانی بوو. شکاکەکان کە نزیکەی ٢هەزار بنەماڵە دەبوون، بەگشتی دانیشتووی ناوچەی سۆما و برادۆست و ڕۆژئاوای سەڵماس و ورمێ بوون. هیچ کام لە تورک و ڕووسەکان بە پێی پێوەندیی ناڕاستەوخۆی سمکۆ لەگەڵ ئەوان، پێش شەڕی یەکەمی جیهانی ناوچەی شکاکەکانیان داگیر نەکرد. بە ڕواڵەت سمکۆ تا پێش ساڵی ١٩١٣ هاوکاری ئازەرییەکانی لایەنگری عوسمانی و دوژمنی ڕووسەکان بووە. لە سەرەتاکانی شەڕی جیهانیی یەکەمدا سمکۆ بە ئاشکرا بۆ سوودی تورک و ئەڵمان و دژی ئێران شەڕی کرد.
ئەو وڵاتانە کە لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بەشدار بوون هەوڵیان دەدا کورد بۆ مەبەستی خۆیان بەکار بێنن، سمکۆ کە سەرۆک عەشیرەی شکاک لە ناوچەی مەرگەوەڕ و برادۆست بوو هەمیشە لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆدا بوو. سمکۆ پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ زۆربەی کەسایەتییەکانی نەتەوەیی کورد وەکوو شێخ مەحموود، عەبدوڕزاق بەدرخان و سەید تەها هەبوو، هەروەها بە هۆی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خوشکی سەید تەها کە نەوە و جێگری شێخ عوبەیدیللا بوو، هاوکاری و پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئەو پێک هێنابوو. هەر چەند مێژووی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی سمکۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش شەڕی یەکەمی جیهانی و بە تایبەتی پاش کوژرانی جەعفەرئاغای برای لە تەورێز بە دەست کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران لە ساڵی ١٩٠٥ی ز لە کاتی وتووێژدا، بەڵام نەخشی سەرەکیی ئەو لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هی ساڵەکانی پاش تەواوبوونی شەڕی یەکەمی جیهانییە.
لە ساڵانی کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیدا کە سوپای عوسمانی بەردەوام تووشی شکست دەبوو و هێزەکانی ئینگلیس لە سلێمانی و کەرکووک و مووسڵ نزیک دەبوونەوە، شێخ مەحموودی حەفید پاش زنجیرە وتووێژێک لەگەڵ ڕووس و ئینگیسییەکان بەستێنی ڕاپەڕینی خۆش کرد و بوو بە تەنیا هێزی دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیە.

کۆبەند و کۆتایی
* دابەشکرانی کوردستان لە نێوان دوو ئیمپڕاتووریی عوسمانی و ئێران پاش شەڕی چاڵدران لە ساڵی ١٥١٤ زایینیدا و دیاریکردنی سنووری ئەم دوو وڵاتە بە پێی پەیماننامەی ساڵی ١٦٣٩، واتە ساڵێک پاش گرتنی شاری بەغدا لە لایەن سوڵتان مرادی چوارەمەوە، هەروەها دەوامی کێشەی سنووریی لە نێوان داگیرکەرانی خاکی کوردستاندا هەتا واژۆکردنی گرێبەستی ئەرزەڕۆم لە ساڵی ١٨٤٧دا بە بەشداریی ڕاستەوخۆی بریتانیا و ڕووسیە، بوو بە هۆی دوولەتبوونی نیشتمانی کوردان.
* سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی بەشێک لە خاکی کوردستان (لە عوسمانی) بە پێی پەیمانی سایکس پیکۆ پاش شەڕی یەکەمی جیهانی لە نێوان سێ دەوڵەتی تورکیه، عێڕاق و سووریهدا کێشەی نەتەوەیی کوردی ئاڵۆزتر کرد و چارەنووسی ئەو خەڵکەی بە چارەنووسی سیاسیی وڵاتە داگیرکەرەکانیەوە بەستەوە، بوو بە هۆی پێکهاتنی بەربەستێکی جیددی لە ڕەوتی دامەزراندنی دەوڵەتی یەکگرتوو و سەربەخۆی کوردستان.
* سنوور و کەوشەنی نیشتمانی کوردان بە تایبەتی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی تووشی ئاڵوگۆڕێکی گەورە هات. بە تورک و عەرەبکرانی بەشێک لە خاکی کوردستان، کۆچ و جێگۆڕکەپێکردنی بە زۆر، شەڕی بێ پسانەوە، کۆمەڵکوژی و سەرکوتکردنی بزووتنەکانی کورد و هتد، بوون بە هۆی زۆرتر شێواندنی سنوورەکانی کوردستان، تەنانەت لە چوارچێوەی وڵاتە داگیرکەرەکانیشدا.
* کوردستان بە هۆی جێگە و پێگەی جوغرافیایی _ سیاسی کە دەگەڕێتەوە سەر سنووری بوونی ئەم وڵاتە لە نێوان چەندین دەوڵەتدا، هەبوونی نەوت و سامانی ژێرزەوی و کانزایی، شیاوبوونی بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، بازاڕی باش بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی وڵاتە بیانییەکان و هتد لە سەدەی ١٩ بەملاوە سەرنجی وڵاتە زلهێزەکانی بەرەو خۆی ڕاکێشا، بە تایبەتی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی کەوتە نێو بازنەی مامەڵە سیاسییە جیهانییەکانەوە.
* گەلی کورد پاش فارس، عەرەب و تورک، چوارەمین گەلی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و دەستپێکی سەدەی بیستەمدا وێڕای گۆڕان لە جۆغرافیایی سیاسیی جیهان و ناوچەدا، هەروەها سەرهەڵدانی دەیان دەوڵەتی نوێ لەسەر نەخشەی جیهان، گەلی کورد سەرەڕای خەباتێکی بێوچان و خوێناوی نەیتوانی بە مافی نەتەوەیی خۆی واتە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بگا.
* نەبوونی یەکیهتیی نەتەوەیی لە کوردستان، پێکنەهاتنی فدراسیۆنێکی بەهێز لە میرنشینە سەربەخۆ و نیوە سەربەخۆکان لە ژێر ڕێبەرییەکی بەتوانا و کارزاندا بۆ هاوئاهەنگی و بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە تەواوی کوردستان، شکڵنەگرتنی ناسیۆنالیزمێکی بە هێزی فیئۆداڵی، قەتیس مانەوە لە بەرژوەندیی تەسکی تاکەکەسی_ عەشیرەییدا، شەڕی نیوخۆیی، کوشتن و تاڵانکردنی یەکتری، و بە قەوڵی میرشەرەفخان و سەیدای خانی، «ملهوڕی و لاساری و دەمارگرژی و مل_ئەستووری»،(7) هەروەها لەبار نەبوونی بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی، بوونە هۆی سەرنەکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد. بە قەولی مامۆستا هەژار لە پێشەکیی شەرفنامەدا، لەوە دەچێ قسەکەی مامۆستاکەی سوڵتان مراد دوور لە ڕاستی نەبووبێ کە دەڵێ: «کورد ئەوەتەی هەیە _لە وتەی شادە و ئیماندا نەبێ_ یەکتریان نەگرتوە!».(8)
* لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمی زایینیدا نفووزی ڕوو لە گەشەی سیستمی سەرمایەداری و هەڵوەشانەوەی سیستمی باوکسالار_ عەشیرەیی لە کوردستان، کۆتاییهاتن بە حکوومەتە سەربەخۆ و نیوەسەربەخۆیەکان (میرنشینەکانی کورد)، هەروەها بە ناوەندیکردنی دەسەڵات، جیاوازیدانان لە بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیدا، بوون بە هۆی سەرهەڵدانی چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرەنگاری و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی «نەتەوەیی» لە کوردستان.

پهراوێزهکان:
1) ویلایەتی کوردستان بە پانتایی ٢٢٥٠ فرسەخی چوارگۆشە (١٣٥٠٠ کیلۆمیتری چوارگۆشە)، لە سەردەمی ناسری بەولاوە بوو بە بەشێک لە بیست مەملەکەتی ئێران و ناوەندەکهی سنە بوو. لە سەردەمی ناسرهدین شادا بە کۆی کوردستان، کرماشان و هەمدان «ئەیالەتی مرکزیە» دەگوترا. لە کاتی قاجاردا بەشێک لە خاکی کوردستانی ئێران لە لایەن عوسمانییەکانەوە داگیر کرا و دوو ناوچەی لۆرستان و هەمدانیش لێ جیاکرایەوە. هەروەها لە کۆتایی دەسەڵاتداریی قاجاردا ولایەتی گڕوس لە کوردستان جیاکرایەوە و حاکمێکی سەربەخۆ لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی بۆی دیاریکرا.
2) عبداللە عطایی، افراسیاب جمالی، کامران حمانی، واکاوی زمینەها و علل شورش اورامان در عصر ناصری، ص ٩٥، ، تاریخهای محلی ایران، مقاله 5، دوره 3، سال سوم-شماره دوم-پیاپی 6 بهار و تابستان 94، پاییز 1394، صفحه 84-97، دانشگاە پیام نور
3) Mikhail Nikolayevich Giers – Михаил Николаевич Гирс
4) ک. و. وێرتیایف و س. م. ئیوانف، ناسیۆنالیزمی کورد، مێژوو و نوێخوازی، لاپەڕەی ١٣٥
5) ک. و. وێرتیایف و س. م. ئیوانف، ناسیۆنالیزمی … لاپەڕەی ١٣٩
6) ک. و. وێرتیایف و س. م. ئیوانف، ناسیۆنالیزمی … لاپەرەی ١٣٣
7) مامۆستا هەژار، پێشەکی وەرگێڕ بۆ شەرەفنامە، مێژووی ماڵەمیرانی کوردستان، میرشەرەف خانی بدلیسی لاپەڕەی ٣٨، چاپی هەشتەم. پەخشانگای پاییز، تاران ١٣٩٣ی هەتاویی
8) سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕەی ٣٩

لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)