بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند: بەپێی دوایین ئامارەکان ١٩٥ هەزار کەسی نەخوێندەوار لەو پارێزگایەدا هەیە.
ئیبراهیم محەمەدی، بە هەواڵدریی مێهر ڕاگەیاند کە ئامارەکان ئەوە دەری دەخەن پارێزگای ورمێ لە بواری نەخوێندەوارییەوە لە بارودۆخێکی خراپ دایە و لەنێو ٣١ پارێزگای ئێراندا لە پلەی 26 دایە.
لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کردووە ئێستا لە هەمووی پارێزگای ورمێ پێویستمان بە ٧٣٠ پۆلی وانە وتنەوە هەیە.
بەڕێوەبەری پەروەردە و ڕاهێنانی ورمێ ئەوەشی ئاشکرا کردووە، جیا لەو ڕێژەیە لە نەخوێندەواران هاوکات ٥٣ هەزار کەسی دیکەش لە ئاستە جیاجیاکاندا لە خوێندن بەجێ ماوەن کە هەتا ئیستا ٨ هەزار و ٧٠٠ کەسیان ناویان تۆمار کراوە.
ئەو ئاماررانە لە کاتێکدا بڵاوکراونەتەوە کە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە کە لە کوردستان لە هەوڵی بنبڕکردنی نەخوێندەواری دان، لە حاڵێکدا قەیرانەکانی وەک بێکاری، گرانی و مادە هۆشبەرەکان هۆکاری وازهێنان لە خوێندنن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش لە سەرتاسەری ئێران پەرە دەستێنن.