لە لێدوانێکدا بۆ سایتی “لاوان” پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند کە لە رۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆمەڵێک کۆنفڕانس و کۆبونەوەی تایبەت بە “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆگۆڕە پاڕادۆکسەکان”، یەکیەتیی لاوان لە وڵاتی ئیتالیا بانگهێشتی فەرمی کراوە.
پێشەوا عەلیپوور هەروەها رایگەیاند کە لەلایەن هەر یەک لە کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا و رێکخراوی ئۆلاف پالمە و پاڕلەمانی ئیتالیا و هەروەها یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیستی جیهان، رێکخراوەکەمان بانگهێشت کراوە بۆ وڵاتی ئیتالیا و ئێمەش بۆ گەیاندنی دەنگی لاوانی کورد و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریی لەم کۆڕانەدا دەکەین و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنی خانەخوێ ئامادەکاری پێویستی ئەنجام داوە و شاندی یەکیەتیی لاوان بەمزوانە گەشتەکەی دەست پێدەکات.
پێشەوا عەلیپوور هەروەها رایگەیاند کە لە هەرکام لەو کۆڕانەدا پانێلی تایبەت بۆ یەکیەتیی لاوان دیاریکراوە و نوێنەرانی ئێمە هەوڵ دەدەن کە تەوەری باسەکانیان لە چوارچێوەی ئاڵۆگۆڕەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مافەکانی کورد لەو نێوەدا بێ و، هەروەها قەیرانە جۆراوجۆرەکانی ئەو ناچەیە وەکوو ئاو و خاک و ئایین دێنە بەرباس. پرسەکانی لاوان لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشیکن لەم بابەتانەی کە لەم کۆڕانە لەلایەن نوێنەرانی یەکیەتیی لاوان دێنە بەرباس و گەنگەشە دەکرێن.