یەكێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و، دانیشتووی شاری سنە بە مەبەستی پێڕاگەیاندنی تاوانەکەی و هەروەها لێپرسینەوە ، وێڕای پارێزەرەکەی بانگی دادسەرا کراوە.
موختار زارعی رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنیی کورد، لە کاناڵی تیلگیرامییەکەی ئەو هەواڵەی بڵاو کردووتەوە کە حەوتووی داهاتوو دەبێ لە بەردەم دادسەرای شاری سنە ئامادە بێ.
ماوەیەک لەمەوپێش ناوبراو لە زنجیرەنامەیەک لە ژێرناوی “نامە بۆ ڕێبەر” کە بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی نووسیبوو، لە وێدا بە نیسبەت گرفت و کێشەکانی وڵات و، خەمساردی ڕێبەری نیزام لەوبارەوە، بە ڕاشکاوی ڕەخنەی لێگرتبوو.
موختار زارعی لە نامەکانیدا باسی لەوە کردبوو کە لە ماوەی سێدەیە لە دەسەڵاتداریەتیی بەرێزت وەکوو بەرزترین بەرپرسی وڵات ، شاهیدی زۆر هەڵسوکەوتی نادێموکراتیک، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و نەدانی ئازادی تاکەکەسیی بووین.
ئەو رۆژنامەنووسە لە تازەترین نووسراوەی خۆی ڕایگەیاندوە چاوەڕێ ئەوەم هەبوو کە ڕێبەریی بۆ ئەوەی لانیکەم قەناعەت بە منی ناڕازی بهێنێ وڵامدەر بێ، بەڵام ئێستا بانگکراوم بۆ دادسەراو ڕایدەگەیەنم کە سکاڵا و دروستکردنی دۆسییە نە من بە قەناعەت دەگەیەنێت نە بێدەنگم دەکات، بە هەمان شێوە کە لە سەرەتاوە پێشبینیم کردبوو کە ئەگەری گیران و زیندانی کردنم هەیە.
جێیئاماژەیە موختار زارعی ئەندامانی یەکیەتیی دێموکراتیکی خوێندکارانی کورد، لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی “ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی” خوێندکاری کورد، کە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە گیانی لەدەستدا بوو، دەستبەسەر کراو، بۆ ماوەی سێ مانگ لە زیندانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنە ڕاگیرا.
هەروەها چەند مانگ لەمەوپێش سەبارەت بە هۆکاری شەهید کرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی داوای لە بەرپرسی ئیتلاعاتی ئەو کات کردبوو، کە لە یەکێک لە میدیاکان پێکەوە دیبەیتێکیان هەبێ.