نوێنه‌ری شاری مه‌هاباد به نووسینی نامه‌یه‌ک بۆ وه‌زیری نێوخۆی وڵات، که‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسانی سیاسی و نیزامیی ئێران و جێبه‌جێ نه‌کردنی وادهوبهڵینیهکان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کۆڵبه‌ری و هۆکاری به‌رده‌وامیی ته‌قه‌کردن له‌و چینه به‌شمه‌ینه‌ته‌ی وه‌بیری وه‌زیری نێوخۆ هێنایه‌وه.
رۆژی یه‌کشه‌ممه 20ی جۆزه‌ردان جه‌لال مه‌حموودزاده نوێنه‌ری شاری مه‌هاباد له مه‌جلیسی شوڕای ئیسلامی، له دووتۆی نامه‌یه‌ک له‌سه‌ر هۆکاری به‌رده‌وامیی ته‌قه‌کردن و کوشتنی کۆڵبه‌رانی سه‌رسنووره‌کانی کوردستان پرسیاری کرد.
ئه‌و نوێنه‌ره کورده رووبه عه‌بدولڕه‌زا ڕه‌حمانی فه‌زڵی وه‌زیری نێوخۆ، ده‌ڵێ: سه‌ره‌ڕای واده وبهڵینیهکانی به‌رپرسانی ئه‌منی و سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کۆڵبه‌ری، به‌ڵام هێشتا شاهیدین که هه‌نگی سه‌رسنوور به‌رده‌وام ته‌قه له کۆڵبه‌ران ده‌کا و مافه‌کانیان له لایه‌ن هێزه نیزامییه‌کانه‌وه پێشێلده‌کرێن.
جه‌لال مه‌حموودزاده له کۆتایی نامه‌که‌یدا ده‌ڵێ: به‌رده‌وامیی کۆڵبهرکوشتن له کاتێکدایه چه‌ندین که‌ڕه‌ت ئه‌و بابه‌ته‌مان بۆ وه‌زیری نێوخۆ باس کردووه که ڕێگای پێش‌گرتن له په‌ره‌سه‌ندنی قاچاخ ، ته‌قه کردن له کاسبکاران و کۆڵبه‌رانی کورد نیه، به‌ڵکوو قاچاخچی واقعی به‌شێک له به‌رپرسانی خۆدی نیزامن که له بهندرو ئسکلهکانی وڵات ، به نایاسایی ماشینی لۆکس هاوه‌رده ده‌که‌ن، نه‌ک چینی چه‌وساوه‌ی کۆڵبه‌ر که بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕێگای پڕ له مه‌ترسییان هه‌ڵبژاردووه .
جێیوه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، له سه‌ره‌تای مانگی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵه‌وه تا کاتی ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه نیزیک به 12 کۆڵبه‌ر به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه چه‌کداره‌کانی سه‌رسنوور کوژراو و بریندار کراون.