یەکێکی دیکە لە پێشمەرگە و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، کەسێک بە ناوی “کاکە محەممەدزادە” خەڵکی ئاوایی گوێزەکوێری سەقز، کە نیزیک بە ٦ساڵ لە سەخترین قوناخی خەباتی حیزبی دێموکرات وەکوو پێشمەرگەیەک چەکی بەرگری لە خاک و نیشتمانی هەڵگرتبوو، دوای تەمەنێک ژیان بە سەرفەرزای رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردانی ٩٧ی هەتاوی بە یەکجاری ماڵاوایی لە ژیان کرد.
“کاکە محەممەدزادە” ناسراو بە خاڵە کاکە لە ناوچەی سەقز لە دایک بووەو لە نێوانی ساڵانی ٥٨ تا ٦٤ی هەتاوی لە سەنگەری خەباتدا و لە هێزی شەهید عەزیز یووسفی پێشمەرگە بووە و دواتر دەبێتە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی گەورەکایەتیی سەقز.
خاڵە کاکە، دوای ماوەیەک بە هۆی کێشەی تاکەکەسییەوە لە سەر ئیجازەی حیزب گەڕاوەتەوە سەر ژیانی ئاسایی، بەڵام سەرەڕای گوشارە ئەمنیەتییەکان هەر لەگەڵ تێکۆشەران و خەباتکارانی دێموکرات بە تایبەتی هێزی بەیان هاوکاری هەبووەو وەکوو خەمخۆرێک پاڵپشتی لە حیزبی دێموکرات کردووە.
ناوبراو رۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردان لە تەمەنی ٩٧ ساڵەییدا بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، وێڕای ڕێزگرتن لەسەرجەم تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات ، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو”خاڵە کاکە” دەکا و، هیوای سڵامتی و تەندروستییان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.