مراد بووچانی ناسراو بە خاڵۆشامار یەکێک لە زیانوەبەرکەوتووانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان و خەڵکی ئاوایی قەڵاواری سەرپێڵی زەهاو، کەدوای بوومەلەرزەی کرماشان وێنەکەی لە میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەک نموونەیەک لە لێقەماویی و بێدەرەتانی بە بەربڵاوی بڵاو کرایەوە، دوای ٨مانگ لەو کارەساتە بە هۆی هەژاری و ناهومێدییەوە لە تەمەنی ٧٠ساڵەیدا، لە ڕێگای خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هینا.
خاڵۆشامار زۆربەی کەسوکارەکەی لە کارەساتی بوومەلەرزەی ساڵی رابردووی سەرپیڵیزەهاو لە دەستدابوو.
خەمی قووڵی لەدەستدانی سەرجەم کەسوکار لە لایەک و، لە لایەکی دیکەش پێڕانەگەیشتن و نەداری و ماڵوێرانی ، لە هۆکاری خۆکوشتنی ئەو لێقەوماوەیەو جیا لە خاڵۆشامار چەندین حاڵەتی هاوشێوە تا ئێستا لە نێوان خەڵکی زیان لێکەوتووی پارێزگای کرماشان ڕووی داوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە مانگێک دوای کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، شەهاب نادری نوێنەری خەڵکی پاوەو جوانڕۆ و ڕوانسەر و سەلاسی باوەجانی لە مەجلیس ، باسی لە ٢٠ حاڵەتی خۆکوشتن لە نێو خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو کرد .
تێکچوونی باری دەروونی بەشێک لە زیانوەبەرکەوتووان و، گوشاری ناهومێدی و بێهیوایی تا ڕادەیەک بوو، کە کارناسان و پسپۆڕانی دەروونناس ، کردنەوەی خولی تایبەت بە پێڕاگەیشتن بە دەروون و ڕەوانی لێقەوماوان بەتایبەتی ئەوانەی وا زیانی زۆریان لێکەوتووەو، کەسوکاریان لەدەستداوە، بە پێویستیان زانی.
جیا لە چەند گرووپی خۆبەخش، لەو پێوەندییەشدا، ناوەندە بەرپرسەکان بە خەمساردییەوە بەلای ئەو پرسە گرینگە تێپەڕین.
شیاوی باسە دوای تێپەڕبوونی نیزیک بە ٨مانگ لە ڕووداوی دڵتەزێنی بوومەلەرزەی کرماشان ، هێشتا زۆربەی ئەو خەڵکە لێقەوماوە بە سەرماو گەرما ، هەر لەنێو خێوەتدا ژیان بەسەر دەبن و، لە دۆخێکی نالەباردان.