Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۹ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 21/10/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

پەڵەیەکی ناشیرین بە ڕوخساری شارستانیی ئەمرۆی کوردستانەوە

06/06/2018 | 03:38:28
+A
-A
قادر وریا

بەرایی:
خەڵکی چەند ناوچەی کوردستان ساڵانێکە بە دەست کێشە و ناکۆکی و دوژمنایەتیی هێندێک تایفە و گوند لە گەڵ یەکتر، دەناڵێنن.
مەسەلەکە بەو جۆرەیە کە لە ڕابردوو دا دوو تایفە یا دانیشتووانی دوو یا چەند گوندی ئەو ناوچانە، لە سەر ئاو، زەوی و زار، مەرتەع یا ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی، ناکۆکی و کێشە و گرژی لە نێوانیاندا دروست بووە. کێشەکە، پێکهەڵپڕژان و پێکگەیاندنی زیانی ماڵی و گیانیی لێ کەوتووەتەوە. دواتر هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشە و دوژمنایەتییانە، بێ ئاکام ماونەوە.

بەردەوامی و دووپاتبوونەوەی کارەسات:
کێشە و ناکۆکییە بنەماڵەیی، تایفەیی و ناوچەییەکان، وەک ئاوری بن کایە ماونەوە و هەر جار نا جارێک گەشاونەوە و، سەرلەنوێ بوونەوە بە هۆی گرژی و پێکهەڵپڕژانەوە و، گیان و ماڵی نەک هەر دوو یا چەندلایەنی کێشەکان، بەڵکوو هی خەڵکی دیکەشیان خستووەتە مەترسی.
کێشەی چەند ساڵەی خەڵکی گوندەکانی «هێ»یە و «میراوێ» لە سەر ئاو (لە ناوچەی شنۆ)، ناکۆکیی نێوان ئاواییەکانی «بیون» لە جوانڕۆ و «شۆیسەر» سەر بە باینگان(لە پارێزگەی کرماشان)، تێکهەڵچوونی ئەم دواییانەی نێوان چەند کەس لە دانیشتووانی گوندەکانی «قوبە» و «خالدار» (لە ناوچەی پیرانشار) لە سەر لەوەڕگە کە گیانلەدەستدانی کەسێکی لێ کەوتەوە، پێکهەڵپڕژانی ماوەیەک لەمەوبەری خەڵکی ئاواییەکانی «دێشەمس» و «چواربۆت» (لە ناوچەی شنۆ) هەر لە بەهاری ئەمساڵدا، لەو جۆرە کێشە و ناکۆکییانەن. دیارە بە داخەوە لە پارێزگە و ناوچەکانی دیکەش نموونەی ئەو جۆرە کێشە و ناکۆکییانە که‌م نین.

ڕەهەندی خەسارەکان:
هەڵوێستە کردن لە سەر ئەم جۆرە کێشە و پێکهەڵپڕژانانە و زیان و ئاکامەکانیان، لە جیی خۆی دایە و لە چەند بارەوە پێویستە. لەم دەرفەتەدا لانیکەم لە دوو ڕوانگەوە، لە سەریان دەوەستین:
لە ڕوانگەی ئینسانی و کۆمەڵایەتییەوە: لە سۆنگەی بەردەوامیی ناکۆکییەکان و ئەو توند و تیژییانەی لێیان دەکەوێتەوە، نەک هەر کەسە ناکۆکەکان و لایەنەکانی کێشەکان، بەڵکوو ئەندامانی بنەماڵە و خزم و کەسوکاریان، هێندێک جاری دیکەش خەڵکی دیکە بێ ئەوەی کەم یا زۆر پێوەندییان بە کێشەکانەوە هەبێ، تووشی زیانی ماددی و گیانی دەبن و ئەمنیەتیان دەکەوێتە مەترسی. هەموو جارێش ژمارەیەکی زیاتر لە مرۆڤەکان و بنەماڵەکان بۆ نێو بازنەی دوژمنایەتی و تۆڵە و تۆلە ئەستاندنەوە پەلکێش دەکرێن. مۆتەکەی هەستکردن بەنائەمنی و دوژمنی، بەردەوام لەگەڵیان دەژی و هەموو بوارەکانی ژیانیان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە لە کۆمەڵگەیەکی شارستانی، خاوەن یاسا و لە ڕووی مەدەنییەوە پێشکەوتوو، ئەم جۆرە ناکۆکیانە بە ڕێگای قانوونی و بە وەبەرچاوگرتنی مافی ڕەوای لایەنە پیوەندیدارەکان چارەسەر دەکرێن و ڕیگە بە سەرهەڵدان و ڕێشەئاژۆییان نادرێ.
لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە: خەڵکی کوردستان، ئەوە بۆ چوار دەیە دەچێ لە سەر داواکردنی مافە نەتەوەییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەبات دان. بە هەزاران ڕۆڵەی گەلی کورد لە ڕەوتی ئەو خەباتەدا لە سەنگەرە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشان و بەرگری، گیانیان پێشکەش کردوە. ئەم جۆرە کیشە و ناکۆکییانەی نێوان هۆز و تایفە جیاوازەکان و ئەم گوند و ئەو گوند، وای کردوە کەلێن بکەوێتە ڕیزەکانی خەڵک. دام و دەزگا و کاربەدەستانی ڕێژیم، زۆربەی جارەکان ئەم جۆرە کەلێنانەیان قۆستووەتەوە. ئەوان بە ڕواڵەت بۆ پێشگیری لە تەشەنا نەکردنی زیاتری گرژی و ئاڵۆزییەکان، دێنە نێو رووداوەکان. بەڵام هەوڵ دەدەن لە نێوخۆیاندا تەقسیمی کارێکی زیرەکانە بکەن. هێندێکیان پشتی لایەنێکی کێشەکە دەگرن، بەشێکیشیان خۆیان وەک دلسۆز و داشدار وپشتیوانی لایەنی بەرامبەری دەنوێنن. لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەدا، بە ئەنقەست هەوڵ دەدەن کێشەکان نەبڕێنەوە و ڕێگادەستیان بۆ نفووزکردنە نێو خەڵک بمێنێتەوە، بە خۆشکردنی ئاوری ناکۆکییەکان، لایەنەکانی کێشەکان بۆ هەڵگرتنی چەکی حکوومەت و تێکەڵاوی و پەنابردن بۆ دامودەزگا سەرکوتکەرەکان، هان دەدەن.

«دەردەکورد» ماکەی کارەسات
ڕاستییەکی تاڵە کە «تاکی کورد»، وزە و ڕژدی و سەرسەختییەکی زۆری بۆ کێشە و ململانێ و دوژمنایەتیی کەسێکی هاوزمان و هاونەتەوەی خۆی هەیە. زۆر جار دیتوومانە تاکێک، بنەماڵەیەک، تایفەیەک یا هۆزێکی کورد بەرامبەر تاوان و دەستدرێژی و سووکایەتییەک کە لە لایەن کاربەدەستان و دەستوپێوەندەکانی داگیرکەرێکی خاکەکەی و ڕێژیمێکی پێشێلکەری مافەکانی پێیان کراوە، دژکردەوەیەکی ئەوتۆیان نیشان نەداوە و هەر وەسەر خۆشیان نەهێناوە. هەر وا بزانە هێچ ڕووی نەداوە! بەڵام لە سەر کێشە و ناکۆکیی زۆر بچووک و بێ بایەخ، بەو پەڕی توندوتیژییەوە بەرەوڕووی دراوسێ و هاوگوند و هاوزمانی خۆیان، بوونەتەوە. ئەوە نەخۆشییەکی کوشندەیە کە بیرمەندان و زانایانی نەتەوەکەمان لە نووسینەکان و ئامۆژگارییەکانی خۆیاندا ناوی «دەردەکورد»یان لێ ناوە. «دەردەکورد» واتە نەخۆشیی دڵفرەوانبوون بەرامبەر دوژمنی خاک و زمان و ماف و شوناسی نەتەوەیی، هەر لەو کاتەدا ڕقئەستوور بوون بەرامبەر هاوخوێن و هاوزمان و وەلانانی ڕێگەی سازش و پێکەوە حاوانەوە لەگەڵ خۆیی.

پێویستیی ده‌نگ هه‌ڵبڕینی بژاردەکانی کۆمەڵ
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا زۆر ڕوخساری مەدەنی لە پێگەیشتوویی کۆمەڵایەتی، پێشکەوتنی بیر و ڕوانینی تاکەکانی و جوانیی رەفتار و هەڵسوکەوتی تاکەکانی پێشان داوە. ئەم کێشە و ناکۆکییە تێکەڵ بە توند و تیژییانە، پەڵەیەکی ناشیرنن بە ڕوخساری کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستانەوە. لێرە دایە کە پێویست دەکا ڕووی قسە بکەینە بژاردەکانی کۆمەڵ، کەسە دیار و کاریگەرەکانی بوارەکانی فکر و سیاسەت و هونەر و ئەدەب و ئایین و داوایان لێ بکەین کە پێکەوە و هەر کامیان بە ڕێگە و شیوازی خۆی، دژی «دەردەکورد» و «کۆنەقین» وەک ماکە و سەرچاوەی ئەم پەڵە ناشیرنەی سەر ڕوخساری کۆمەڵگە، دەنگ هەڵبرن و بە گژیدا بچنەوە. لاوازکردنی ئەم دیاردە زیانبارە، پێویستی بە هەوڵێکی بەرینی نوخبەکان و کەسایەتییە شوێندانەرەکان هەیە. بەڵام پێش هەموو کارێک، حەق وایە ببێتە مژارێک بۆ قسە لەسەر کردن و هەڵویستە لە سەر زیان و ئاسەوارەکانی، دواتریش دۆزینەوەی ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی.

لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)