Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۴ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۷ | 25/06/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

ڕۆژهەڵاتییەکان و دیپلۆماسیی شەقام لە دەرەوەی وڵات

06/06/2018 | 03:35:54
+A
-A
ئازاد مستەوفی

کاریگەریی دیپلۆماسیی خەڵک لەسەر هەڵوێستی دەوڵەتان
لایەنگرانی هەر کێبڕکێیەک دەتوانن سەبارەت بە یارییەکە گەشبین یان ڕەشبین بین. دەتوانن تووشی ئیحساسات و دەمارگرژیش بن و ئومێد و نائومێدیش بیانگرێ بەڵام یاریزانەکان، چ ئەوکاتەی خۆیان ئامادەی یارییەکە دەکەن و چ لە کاتی یاریکردندا هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی سەربکەون و بەو هۆیە گۆڕەپانەکە بەجێ ناهێڵن کە گوایە تیمی ڕکه‌بەر بەهێزە؛ یان بەو هۆیە یارییەکی لەسەرەخۆ ناکەن چونکە تیمی ڕکه‌بەریان لاوازە. یاریزانەکان، ڕۆڵی ڕاستەقینەیان بەپێی بەرپرسیارێتییان بەئەنجام دەگەیەنن، نەک بەپێی گەشبینی و ڕەشبینی و ئێحساسات و دەمارگرژییان.
بەپێی پێناسە باوەکانی دیپلۆماسی لە کتێبە کلاسیکەکانی زانستی سیاسەتدا، هەڵوێستی دەوڵەتەکان لە گۆڕەپانی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا پێویستیی بە پشتگیریی دەسەڵاتە لە بەشەکانی ئابووری، جوغرافیا، تەکنۆلۆژی، سەربازیی و سیاسی. بەڵام لە پێناسەی نوێی دیپلۆماسیدا، ئەوەی دیپلۆماسی گشتی پێک دێنی، نەک ئەو هاردوێرانە بەڵکوو سۆڤتوێریش گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە. ئەو خاڵانەی کە سۆڤتوێری دیپلۆماسی گشتیی پێک دێنن بریتین لە دەسەڵاتی ئایدۆلۆژیا، کولتوور، سۆشیالمیدیا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە ئەم خاڵانە کاریگەرن بەسەر سیاسەتەکانی خودی ئەو دەوڵەتەدا و هەروەها کاریگەریشن بەسەر هەڵوێستی دەوڵەت یان دەوڵەتانی بەردەنگدا. لە دنیای ئەمڕۆدا هەرچەند دەوڵەت، سیاسەتی دەرەوە دیاری دەکا و دامودەزگەی دیپلۆماسیشی بەدەستەوەیە بەڵام خاوەنی هەموو دەسەڵاتی دیپلۆماسی نیە و خەڵکیش ڕۆڵی خۆی دەبینێ.
دوو بۆچوون دەربارەی چۆنیه‌تیی کاریگەریدانانی خەڵک بەسەر داڕشتنی سیاسەتی دیپلۆماسی و پەیوەندی نێودەوڵەتیدا هەیە. یەکەمیان باوەڕی بەهێزی گەل نیە و پێی وایە ناتوانێ لە یاریی ئاڵۆزی نێودەوڵەتیدا دەوری هەبێ و بەهۆی کاریگەریی میدیاوە، بیروباوەڕی خەڵک بەرهەمی سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەیە کە دەیانەوێ سەرنجیان ڕابکێشن. واتە لەم ڕوانینەدا خەڵک دەبێ تەنیا داکۆکی لە سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیان بکەن و بە باش و خراپ کاریان پێی نەدابێ بەڵام لەڕاستیدا لە هەزینەدانەکانی سیاسەتی هەڵەی دەوڵەت لە بەشی دەرەوەدا یەکەم زیانمەندیش هەر ئەو خەڵکەن کە بەپێی ڕوانینی کلاسیکی دیپلۆماسی وەلا نراون.
لە بەرامبەر ئەو ڕوانگەیەدا، بیرۆکەیەکی دیکه‌ هەیە کە ڕۆڵی خەڵک لە سیاسەتی دەرەوە بەپاسیڤ نازانێ و بەڵکوو بەئاماژەدان بەنموونەگەلی زۆری مێژوویی؛ شی دەکاتەوە کە جیهانی ئەمڕۆ، یاریزانانی نادەوڵەتیش تەنانەت لە هەندێ جاردا پتر لە دەوڵەت کاریگەرییان لە هێڵەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا هەیە. لەم بیرۆکە نوێیەدا کە وەڵامی ئەرێنی خۆیشی لە جیهانی پێشکەوتوودا وەرگرتووە و سەرکەوتووبوونی سەلمێنراوە، دیپلۆماسی بە دوو بەشی جیاواز دەزانێ بەڵام ئەو دوو بەشە جیاوازە بە یەکەوەن کە یەکیان دەوڵەت بەڕێوەی دەبا و ئەویتریان بەرهەمی ئیرادە و خواستی گشتییە و هەردوو بەشی جیاوازی دیپلۆماسی بەسوودی دەوڵەت و میللەتە.
خاڵی گرنگی دیپلۆماسیی خەڵکی ئەوەیە کە نێوەڕۆکی شەفافە و خۆی بەپێبەندی ڕەچاوکردنی چوارچێوەی پرۆتۆکۆلە نێودەوڵەتییەکان نازانێ و هەر ئەم خاڵەش بووەتە هۆی ئەوەی کە داهاتووەکەی پێشبینی نەکرێ. کۆماری ئیسلامی ئێران چونکە حکوومەتێکی دیکتاتۆرە کە گرنگی بە بۆچوون و هەڵوێستی خەڵکەکەی دەربارەی سیاسەتی دەرەوە نادا؛ هەمیشە هەموو وزە و توانای خۆی بۆ ڕازیکردنی زلهێزەکان و دەوڵەتانی خاوەن بڕیار سەرف دەکا. بۆیە ئەو دەوڵەتانە سەبارەت بەڕەزامەندبوونی خەڵکی ئێران بۆ ئایەتوڵڵاکان، پشت بەهەمان پڕوپاگەندەوە دەبەستن کە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی یاخود دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، بانگەشەی بۆ دەکەن.

ڕۆژهەڵاتییەکانی تاراوگە و دیپلۆماسیی شەقام
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و بەرخودانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە زۆر هۆوە خه‌ڵکێکی زۆری ئەم پارچەیه‌ی کوردستان؛ ئاوارەی هەندەران بوون. دیارە هەموو ئەو کەسانەی ڕوویان لە وڵاتانی بیانی کرد، سیاسی یان ئەندامی حزبێکی بەرهەڵستکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوون بەڵام ئەو خاڵەی کە ناکرێ حاشای لێ بکرێ، ئەوە بوو کە سیاسەتی سەرکوتکارانەی ئێران لە هەموو بوارەکانەوە بووە هۆی ئەوەی کە ئەژمارێکی بەرچاو لە نوخبەوە بگرە هەتا خەڵکی ئاسایی نیشتمانی خۆیان بەجێ بهێڵن.
حیزبهکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا ئەوکاتەی لە گۆڕەپانی شەڕ دژی داگیرکەردا زۆرترین وزەیان بۆ بەرخۆدانی پێشمەرگانە هەبوو، لە ڕاستیدا گرنگییەکی ئەوتۆیان بەکاری دیپلۆماسی وەکو پێویست نەدا؛ بێجگە شەهید دکتۆر قاسملوو کە «جاناتان ڕێندێل» وتەنی بەتەنیا خۆی بەقەت هەموو حزب و کەسایەتییەکان بۆ کاروباری دیپلۆماسی چالاک بوو. پاش ئەوەش کە گۆڕەپانی بەرخودانی پێشمەرگانە دژی ئێران لە کزیی دا، ڕێچکەی گرنگینەدان بە هێزی تاراوگەنشینی ڕۆژهەڵات لەلایەن حیزبەکانی ئەو پارچەوە هەمدیسان بەردەوامە و دەبینرێ.
هەر حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بۆ خۆی کۆمیتە و نوێنەری هەیە و کەمتاکورتێ لەگەڵ وڵاتاندا دیپلۆماسییان بەردەوامە. هەتا ئێستەیشی لەگەڵدا بێ ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی حیزبه‌کانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ وڵاتانی بیانی نەیتوانیوە جەماوەری خۆی لە تاوارگە و نێوخۆی نیشتماندا ڕازی بکا، چونکە کەڵکی لە هەموو وزەکان وەرنەگرتووە.
لەو ڕووداوە نەخوازراوانەی کە بۆ پارچەکانی دیکه‌ی کوردستان هاتوونەتە ئاراوە و پێویستی بە پشتگیریی و هاتنەسەر شەقام و ڕاکێشانی سەرنجی وڵاتانی زلهێز بۆ کاریگەری خستنەسەر دۆسیەی کورد بووە، ڕیزی یەکەم و زیاترین ئەژماریی بەشداربووان؛ ڕۆژهەڵاتییەکان بوون. واتە لە ڕاستیدا بەهۆی گرنگینەدانی حیزبه‌کانی ڕۆژهەڵاتی بە «دیپلۆماسی شەقام» کە چەند دەتوانێ کاریگەریی لەسەر بیروڕای خەڵکی ئەو وڵاتە و هەروەها لە سەردەمی مۆدێڕنیتەدا کاریگەریی لەسەر میدیا و دەوڵەتانیش هەبێ، ئەم وزەیە سەرفی ناساندنی خەباتی ڕەوای ڕۆژهەڵات نەکراوە.
ئێستە کە ڕۆژانە هەواڵی مانگرتنی سەرانسەریی سەندیکاگەلی جۆراوجۆر لە ئێران و هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کە پێشەنگی بەرخۆدانی مەدەنییە دەبیسترێ و «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران»یش مەوجوودە، کاتێکی گونجاو و پێویستە کە ئاوڕێکی جددی لە وزە و توانای دیپلۆماسیی شەقام بدرێتەوە و کوردی تاراوگەنشینی ڕۆژهەڵاتیش یەکدەنگ و یەکگرتوو هەڵوێستی هەبێ.
هەموو ئەو خاڵانەی کە ئاماژەن بۆ ڕوودانی ڕۆژی مەزنی سەرکەوتنی نەتەوەکەمان بەسەر دەسەڵاتی ئایەتوڵڵاکانی تاراندا، لەبەر چاومانن. ئیتر کاتی ئەوە نیە وەکوو بینەرێک لە دوورەوە شڕۆڤەی دۆخەکە بکەین. مرۆڤ هەرچەند توانای ئەوەی هەیە کە پێشبینی مەترسییەکان یان ڕووداوە نەخوازراو و خوازراوەکانی داهاتوو بکا بەڵام بێگومان خۆدوورخستنەوە و بەئەنجامنەگەیاندنی بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی، ڕوودانی کارەساتی قەرەبوونەکراوی بەدواوە دەبێ.
هەتا ئێستە مێژوو بەئێمەی کوردی سەلماندووە کە بێڕەحمە و چاوەڕوانی نەبوونمان، لە گۆڕەپانی کردەوەدا، ناکا. دەبێ گەشبینی و ڕەشبینیمان لەم هەلومەرجەدا وەلا بنێین و بەهەژاندنی شەقامی وڵاتانی بیانی، خەڵک و دەسەڵاتیان لە خواستەکانیی بەرخۆدانە ڕەواکەمان تێبگەیەنین و بەپێشاندانی وزە و هێزی ئازادیخوازانەمان ببینە قورساییەک کە لە نەتەوەکانی دیکه‌ی نیشتەجێی ئێران دوانەکەوین.
جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆ بەتایبەتمەندیگەلێکی وەکو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و میدیا کە هەیەتی، بووەتە هۆی ئەوەی کە لە تەنیشت دەوڵەتەکانەوە، نەتەوەکانیش گرنگی خۆیان هەبێ و جیهان هەر هی دەوڵەتەکان نەبێ بەڵکو هی نەتەوەکانیش بێ.
کوردی ڕۆژهەڵات کە ئێستە حه‌شیمه‌تێکی بەرچاویان لە هەندەران دەژین و دەتوانن کەڵک لە جیهانی ئازاد و دێموکرات و مۆدێڕن وەربگرن، پێویستە لە ڕێی حیزبەکانیانەوە یاخود بە میکانیزمێکی دیکه‌ ڕۆژێکی مێژوویی هاوبەش وەکو سیمبولێک هەڵبژێرن و لە وڵاتێکی دیاریکراودا هێزی خۆیان و خواستیان بۆ گۆڕانی ئێران و بوونیان وەکو نەتەوەیەکی کورد بە جیهان و هەروەها زلهێزان و هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش؛ بسەلمێنن.

* «ڕۆژهەڵاتییەکان» لەم بابەتەدا مەبەست خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە لە دەرەوەی وڵات دەژین.

لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)