Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۴ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۷ | 15/08/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

تێڕوانینی دەسەڵات و نوخبەی ناوەندگەرا بۆ پرسی نەتەوەکان و یەکپارچەیی خاکی ئێران

06/06/2018 | 03:15:47
+A
-A
سمایل شەڕەفی

فرەنەتەوەبوونی وڵاتی ئێران یەکێک لەو پرسە گرینگ و بەردەوامانەیە کە هەرکات لە شەرایەتی جۆراوجۆردا قسە لە داهاتووی ئەم وڵاتە و جۆری نیزامی سیاسی و بەڕێوەبەریی تێدا دەکرێ، زیاتری قسە لە سەر دەکرێ. نێوەرۆکی باسەکانیش وەک هەمیشە پڕن لە نیگەرانی، بێمتمانەیی، دڕدونگی، حاشالێکردن، سڕینەوە، هەڕەشە و دەرفەت و… ئەوەی لەم پێوەندییەدا گرینگە و وا دەکا ئەم پرسە زیاترین قسە و باسی لە سەر بکرێ، ئەو شەرایەت و بارودۆخە نێوخۆیی و دەرەکییانەیە کە ئێران بە گشتی و یەکێک لە پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بە تایبەت دەگرێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر قسە لە پاشکەوتوویی ئابووریی سیستان و بەلووچستان، میلیتاریزەکردنی شار و ناوچەکانی کوردستان و بێڕێزی بە نەتەوەی تورک دەکرێ، یان هەر ئەوەیکە ئەم ڕۆژانە ئێران لە بارودۆخێکی تایبەتیی ئابووری و سیاسیی قەیراناوی دایە و ناڕەزایەتییە گشتییەکان دژ بە نیزامی سیاسی لەم وڵاتە پەرەی سەندوە و قسە لە مان و نەمانی ڕێژیم دەکرێ، قسەکردن لە داهاتووی ئەم وڵاتە لە سۆنگەی فرەنەتەوەبوونیەوە گرینگیی تایبەت بە خۆی پەیدا دەکا.
هەر وەک چۆن ڕوانین و خوێندنەوەکان بۆ پێهکاتەی نەتەوەی و مەزهەبیی ئێران یەکدەست نین، بێ‌گومان رێچارەکانیش نە تەنیا وەک یەک نین بەڵکوو بەداخەوە هێندێ جار زۆریش لێک دوورن. لەم پێوەندییەدا دوو ڕەوتی دیار و پێداگریی لێکجیاواز نوێنەرایەتیی ئەم خوێندنەوانە دەکەن؛ یەکیان لایەنی دەسەڵاتە بە سیستەمی سیاسی و نوخبەی ناوەندگەراوە، دووهەمیان هێز و لایەنەکانی تایبەت بە نەتەوەکانن کە نوێنەرایەتیی گوتاری نەتەوەیی خۆیان و فرەنەتەوەبوونی ئێران دەکەن و دەستەبەربوونی مافی نەتەوەکان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکیان دەوێ.
ڕووبەرووبوونەوەی ئەم دوو ڕەوتە لانیکەم لە ماوەی نزیک بە سەدساڵی ڕابردوودا بە قۆناغگەلی دژوار و پڕ تێچوودا تێپەڕێوە کە بەداخەوە بە هۆی سەرسەختیی ڕەوتی یەکەمەوە کە هەمان نیزامی سیاسی لە تاران بێ، کەلێنێک بە پان و بەرینیی بێمتمانەیی، بێباوەڕبوون، حاشالێکردن و سڕینەوە درووست بووە.
ڕەوتی خاوەن دەسەڵات (نیزامی سیاسی و نوخبەی ناوەندگەرا) لەگەڵ ئەوەی تا ڕادەیەک دەرکیان بە جۆراوجۆری لە پێکهاتەی ئێراندا کردوە، بەڵام مادام هەوڵیان نەداوە ئەم جۆراوجۆرییانە بە قوڵی هەست پێ بکەن و دانی پێدا بنێن، لە دوو بواردا تووشی هەڵەی ئیستراتژیک بوون و تا ئێستایش هەروا لە هەڵەدان؛ یەکەمیان خوێندنەوەیان بۆ ماهییەتی ئەم جۆراوجۆریانە کە خۆیان بە «تەنەوعاتی قەومی» ناوی دەبەن و تا ئێستا هەوڵیان داوە زۆر رووکەشانە مودیرییەتی بکەن. دووهەمیان ئەو ڕێگاچارانەیە کە پێیان وایە دەتوانن بە بەکارهێنانیان، «پرۆژەی یەکسانسازیی ئەقوام» بە ئاکام بگەیەنن و بەم جۆرە «تەواویەتی ئەرزیی و یەکپارچەیی خاکی ئێران» لە مەترسیی «فرووپاشی» و هەڵوەشانەوە رزگار بکەن!
لە سەر بنەمای ئەم تێڕوانین و خوێندنەوانەیە کە دەسەڵاتی سیاسی لە تاران و نوخبەی ناوەندگەرا، نەتەنیا ئەم جۆراوجۆریانە لە پێکهاتەی وڵاتدا بە دەرفەتێک بۆ پێکەوەژیانێکی سەقامگیر نازانێ، بەڵکوو لە دەلاقەی «هەڕشە»وە بە مەترسییەکی گەورەی دەزانێ کە، دەبێ کار لەسەر سڕینەوەیان و «یەکسانسازی»ی ئەم جۆراوجۆریانە بکا. زاڵبوونی ئەم تێڕوانین و تێفکرینانە دەسەڵاتی سیاسیی لە تاران چەند هەنگاوێک زیاتر لە دژکردەوە نیشاندان بە شێوەی ڕەقئامێری نیزیک دەکاتەوە. مادام ئەم جۆراوجۆرییانە بە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر چوارچێوە گەورەترەکە دەبینرێ، هەوڵ دەدرێ بە چاوی گومانەوە سەیری تەواوی ئەو هۆکار و عاملانە بکرێ کە هەوڵێ پاڕاستن و داکۆکیکردنی لەم جۆراوجۆریانە دەدەن. بە تایبەت کە ئەم هۆکار و عاملانە لە شێوەی ڕەوت یان بزووتنەوەیەکی شوناسخوازانەدا لە سەر بنەمای «بەڕەسمییەت ناسین»ی ئەم جۆراوجۆریانە (جیاوازیی نەتەوەیی و مافەکانی)، دەر بکەون و خۆیان ڕابگەیەنن.
ڕوانینی ئەمنیەتیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی فرەنەتەوەبوونی ئێران بەرهەمی ئەم تێڕوانین و ئەقڵییەتەیە کە دەسەڵاتی سیاسی و نوخبەی ناوەندگەرا تا ئێستایشی لە گەڵ بێ، نەیانتوانیوە ئێعتراف بە واقعییەتی جۆری پێکهاتەی ئێران بکا. ئەوان نەتەنیا خەریکە خۆیان لەم واقعییەتە دەدزنەوە، بەڵکوو زۆر ئاشکرا بە بێ ئەوەی دەرکی پێ بکەن خەریکن ئەوەی تا ئێستا بە تەوەهووم، بە هەڕەشەیان بۆ سەر «یەکپارچەیی خاکی ئێران» دەزانی، دەیکەنە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی بەکردەوە. ئەوان کە تا ئێستا بە پشتبەستن بە ژوورە ئەمنیەتییەکان و ڕێکارە سەخت و نەرمەکانیانەوە، نەتەنیا نەیانتوانیوە «پرۆژەی یەکسانسازیی ئەقوام» بە ئەنجام بگەیەنن، بەڵکوو بە کارە هەڵە و دوژمنکارانەکانیان، «جۆراوجۆرییەکان»یان لە پێکهاتەی ئێران گۆڕیوە بە «جیاوازی»یە قوڵ و کەڵێن تێکەوتووەکانی ئەم پێکهاتەیە.
ئەم جۆرە لە تێڕوانین و ڕێگاچارەی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران، لە بەرانبەردار دژکردەوەیەکی سەختی بەسەر لایەنی بەرانبەردا سەپاندووە کە ناچاربووە بۆ پاراستنی مان و مەوجوودیەتی خۆی، بەرەنگارییەکی ڕەوا بکا. بەڵام دیسانیش مادام لایەنی دەسەڵات لە دەلاقەی «هەڕەشە»وە لە تەواوەتیی پرسەکەی ڕوانیوە و دەڕوانن، ئەو مافە بۆخۆی بە ڕەوا دەبینی کە بۆ لابردنی ئەم کۆسپ و هەڕەشەیە هەموو ڕێکارێک بگرێتەبەر. ئەم خولانەوەیە تا ئێستا بەم تایبەتمەندییەوە بەردەوامە؛ نە دەسەڵاتی سیاسی لە تاران وازی لە تێڕوانینە هەڵەکانی خۆی هێناوە و نە نەتەوەکانی ئەم وڵاتەیش لە خەباتی شوناسخوازانەی خۆیان پاشەکشەیان کردوە. بۆیە ئەم پرسە تا ئێستا لیپاولیپ لە بێ‌میمانەیی بە یەکترە.
مانەوەی ئێرانی فرەنەتەوە ئەو کاتە دەتوانێ گەرەنتی بکرێ کە؛ روانینی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران و نوخبەی ناوەندگەرای ئێرانی ڕاشکاوانە و ئازایانە ئێعتراف بە پێکهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبیی ئەم وڵاتە بکا و دۆسییەکانی چارەسەریی کێشەی نەتەوەکان لەم وڵاتە لە ژوورە ئەمنیەتییەکانەوە بگوازرێنەوە بۆ ژوورە یاساییەکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکان.
لە بارودۆخی ئێستادا کە نیزامی سیاسیی لە تاران چ لە ئاستی نێوخۆیی وڵات و چ لە ئاستی ناوچەیی ونێونەتەوەییدا تووشی کۆمەڵێک قەیرانی ئابووری، سیاسی، ئەمنیەتی و.. بۆتەوە و قسە لەوە دەکرێ کە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵک زیاتر پەرە بستێنی و لە کۆتاییدا ئاکامی دڵخوازی خەڵکی لێ بکەوێتەوە، دیسان پرسی فرەنەتەوەیی لەم وڵاتە لە لایەن کۆمەڵێک میدیای سەر بە دەسەڵات و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیشەوە بەهەمان ئەقڵییەت و تێفکرینی کلاسیکەوە باسی لێ دەکرێ. ئاخێزگەی ئەم تێڕوانینانە هەروەک تا ئێستا باوە لە سەر حاشاکردن لە ڕاستییەکان و بە هەڕەشەوە سەیرکردنی مەسەلەکەیە. بەناوی «دیفاع لە چوارچێوەی ئەرزیی خاکی ئێران و پاراستنی یەکپارچەیی» کە جیا لە ئەقلییەتی خۆیان کەس ئیدیعای لە مەترسیخستنی نەکردوە، دیسان ڕووکەشانە سەیری پرسەکە دەکەن و دەیانهەوێ بە ناوی «هەمگەرایی ئەقوامەوە»، پشت بەو ڕێکارانە ببەستن کە جیا لە پشتگوێخستن، هەڵاواردن و لە کۆتاییدا سڕینەوە هیچ ئاکامێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
هەر وەک باس کرا پاراستنی یەکپارچەیی ئێران لە داهاتوودا پێش هەموو شتێک پێویستیی بە گۆڕینی ئەم ئەقڵییەتە هەیە کە دەبێ هەم نیزامی سیاسی لە تاران وەک دەسەڵات پەیڕەوی بکا و هەمیش نوخبەی ناوەندگەرای ئێرانی واز لەم گوتارە بێنی. بێگومان ئەم گۆڕانە ئەگەر لە لایەک پێویستی بە زەمان هەیە، لە لایەکی دیکەیش پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە خودی نەتەوەکانی ئەم وڵاتەوە هەیە کە تا ئێستایش لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەشن. پێداگری و بەردەوامیی ئەوان لە سەر وەدیهێنانی مافەکانیان و هەوڵدانی بۆ گۆڕینی تێڕوانینی دەسەڵات و نەتەوەی باڵادەست لە گرەوی یەکێتی و یەکگرتوویی ئەم نەتەوانەیە. لە ئێرانی داهاتوودا ئەوە تەنیا یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێران و پێداگریی هاوبەشیان لە سەر ماف و ئازادییەکانیانە کە دەتوانێ خێڕایی بە گۆڕینی ئەقڵییەتی تەواویەتخوازی نوخبەی ناوەندگرا و ملڕاکێشانی دەسەڵاتی سیاسیی لە تاران بۆ مافەنەتەوایەتییەکانیان ببەخشێ.
لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)