Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۴ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۷ | 15/08/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

مانگرتنه‌کان، ده‌روازه‌ی شۆڕشێکی جه‌ماوه‌ری

06/06/2018 | 03:13:04
+A
-A
عەلی لەیلاخ

بە چاوخشاندنێک بە سەر کۆی هەواڵەکانی ناوچە و ئێران، ئەگەر جاران دەستێوەردان و ململانێی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باسێکی گەرم بوو، بەڵام ماوەیەکە بڵاوبوونه‌وه‌ی هەواڵی گرفت و کێشەکانی نێوخۆیی ئێران لە ڕێگای سوشیال ‌میدیاوە بەربڵاوتر بووه‌.
مانگرتنەکان و ناڕەزایەتیدەربڕینی چین و توێژە جۆراوجۆره‌کانی کۆمەڵگەی ئێران یەکێک لە ڕۆژەڤترین هەواڵەکانی ئێرانە کە هەرجارە بە بیانوویەک و لە شار و ناوچەیەک سەر هەڵدەدا.
خاڵی گرینگ ئەوەیە هێندێک پرس و مافی دێموکراتیک ئەگەرچی بەشێوەی سنووردار لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕەنگیان ‌داوەتەوە، بەڵام سیستەمی نادێموکراتیک و سەرەڕۆ تەنانەت ئامادە نیە خاڵە دەستووری و یاساییەکانی وڵاتەکەی خۆیشی جێبەجێ بکا. یەکێک لەوانە ماددەی٢٧ لە یاسای بنەڕەتیی ئێرانە کە تێیدا هاتووە: «پێکهێنانی هەرچەشنە کۆبوونەوە و خۆپێشاندانی خەڵک، بەبێ هەڵگرتنی چەک و پێشێلکردنی پیرۆزییەکانی ئیسلام ڕێگە پێدراوە.»
بە لەبه‌رچاوگرتنی ئەو ماددە یاساییە ئەم پرسیارە دێته‌ گۆڕێ: کە کام خۆپێشاندان بەتایبەتی گردبوونەوەکانی ئەم دواییانەی ئێران لە مانگی بەفرانبارەوە تا ئێستا، خەڵک بە چەکوچۆڵەوە هاتوونەته‌ سەرشەقام و کام پیرۆزییان پێشێل کردووە؟ وڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حکوومەتە دیکتاتۆرەکان هەتاسەر ناتوانن خەڵکی ناڕازی سەرکوت ودەمکوت بکەن و ، «شۆرشی خەڵکی» وەک کارڵ مارکس دەڵێ: شۆڕشی جەماوەری هەر کاتە و لە ڕەهەندێک و لە نێو چینێکدا سەر هەڵ دەدا.
ئەگەر دوای خۆپێشاندانی بێ ‌وێنەی نیزیک بە یەک مانگی خەڵکی کاسبکار و دوکانداری بانە کە تەنانەت بە شێوەی مەدەنیانە دەرفەتێکیان بە دەسەڵات داوە بۆ چارەسەری گرفتەکانیان، ئێستاکە مانگرتنی کامیۆنداران و بارهەڵگرانی شارەکانی ئێران ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە مانگرتن لە ئێران بە پێچەوانەی یاسای وڵات! بووه‌تە نەریتێکی مەدەنیانە و دژبەرانە و هەرجارەو لە شوێن و ناوچەیەک سەر هەڵدەدا.
مانگرتنی کامیۆنداران یەکەم مانگرتنی سەراسەرییە کە بەهۆی بەردەوامی و پەرەسەندنی لە ئاستی ئێران و کوردستاندا بوو بە هۆکارێک کە دوای دوو حەوتوو نیزیک بە ٢٧٥ شار لە ٣١ پارێزگای ئێران بگرێتەوه‌ و بەردەوامیی مانگرتنی کامیۆنداران و پەرەسەندنی توانی پاڵپشتی فیدراسیۆنی جیهانیی گەیاندن و گواستنەوەشی لێ ‌بکەوتەوە.
تایبەتمەندیی مانگرتنی چینی کامیۆنداران و خاوەن بارهەڵگرەکان ئەوە بوو کە بەشێوەی یەکدەست و ڕێکوپێک هەموویان داواکارییەکانیان هاوچەشن و هەروەها لە ماوەی نیزیک بە ١٤ ڕۆژدا بەشێکی زۆر لە شارەکانی ئێران و چوار پارێزگای کوردستانی گرتەوە، ئەمەش لەوەها دۆخێکدا بۆ کۆماری ئیسلامی کە لە هەرچەشنە گردبوونەوەیه‌ک دەترسێ و هەر زوو سەرکوتی دەکا، شتێکی ئاسان نیە.
وه‌ک ڕۆژنامەی ئێران باسی کردوه‌ گرفت و کێشەی کامیۆندارەکان لە دووتۆیی نامەیەکدا گەیندراوە بە دەفتەری سەرۆککۆماری، وەزارەتی نێوخۆ، وەزارتی ڕێگاوبان، مەجلیس، وەزارەتی ئیتلاعات، ڕێکخراوی ده‌نگ و ڕه‌نگ و چەند کۆمیسیۆنی پێوەندیداریش؛ بەڵام هیچ کامیان ئامادە نەبوون ڕێکارێک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە بێننە گوڕێ. ئه‌وه‌ دیسان پرسیارێکی دیکەی لێ ساز دەبێ کە مانگرتنی سینفی کامیۆنداران یەکێک لە مەدەنیانەترین و ڕەواترین مانگرتنەکانی ئێرانە، ئایا پێڕانەگەیشتن و وڵامنەدانەوە بە داوکانیان بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە بە ڕاستی کێشەکان و گرفتەکان لە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدا نەماوە؟ ئایا هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات هەموو هەوڵیان لە ئێستادا ئەوەیە کە لە قەیرانی سیاسیی نێودەوڵەتی دەربازیان ببێ و ئەگەریش بە پەلە مانگرتنه‌کانی سەرکوت نەکردوه‌ بۆ ئەوەیە لەوەها دۆخێکدا نایهەوێ کێشەیەکی دیکە بۆ خۆی ساز بکا؟
مانگرتنی بارهەڵگرەکان کە شارە گەورە و بچووکەکانی ئێرانی گرتەوە دەگەڕێتەوە بۆ داتەپیویی ئابووری و گرانیی کەلوپەل و پێداویستییەکان، کە یەکێک لە هۆکاری ئەو گرفتە ئابوورییەش بۆ گەمارۆیه‌کانی ئەمریکا، بەتایبەتی دوای هاتنەسەرکاری تڕامپ دەگەڕێتەوە.
ئێستاکەی ئێران و دۆخی ئابووری و سیاسیی ئەو وڵاتە بە جۆرێکە کە ئەو ڕێژیمەی لە نێو «مەنگەنە» و گوشاری دوو لایەنە خستووە. لەلایەک بەهۆی شێوە سیاسەتی ئەو ڕێژیمە، وڵاتی ئێران کە لە دەوڵەمەندترینەکانی ناوچەی «ڕۆژهەڵاتی ناڤین»‌ە، ڕۆژبەڕۆژ خەڵکه‌که‌ی هەژار و بێدەرەتانتر دەبێ‌ و، ئەمەش دەیان دیاردەی کۆمەڵایەتیی وەکوو خۆکوژی، ئیعتیاد، بێکاری و لێکترازانی بنەماڵەکان لێ کەوتووتەوە کە بەرهەمی حکوومەتێکی سەرەڕۆ و نادێموکراتیکە کە مل بە یاساوڕێسا جیهانییەکان نادا و بە زمانێکی سادەتر خەڵکی خۆی بە بارمتە گرتووە.
لە لایەکی دیکەش گوشارە دەرکییەکان بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و شکستخواردنی ئەو ڕێكکەوتنە زیانێکی چەند بەرانبەری بە ڕێژیمی ئێران و خەڵکی وڵاتیش گەیاندوە.
بە وردبوونەوەیەک لە ئێستای ئێران بۆمان دەردەکەوێ کە خەڵکی ئێران ترسیان لە هەڕەشە و سەرکوت شکاوە و ڕۆژ نیە چین و سنفێک لەو وڵاتە بەنیسبەت کەمتەرخەمییەکان و دژ بە نابەرپرسیاریەتیی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە مان ‌نەگرن و ناڕەزایەتی دەرنەبڕن. لە کاسبکارانی کورد تا کامیۆنداران، لە مرێشکفرۆشان تا شوفێرتاکسییەکان و هەتا دەگاتە کارمەند و چینی کرێكاران و هتد… کۆی ئەمە نیشان لە بوومەلەرزیەکی گەورەیە لە نێوخۆی وڵات کە ئەگەر بێتوو هەر بەوشێوەیه‌ درێژە بە سیاسەت و ئیدارەی وڵات بدەن، بێگومان قەیرانێکی جەماوەریی قووڵ ڕوو دەدا. هەربۆیە لە ڕه‌وتی مانگرتنی کامیۆنداران و خاوەن بارهەڵگرەکانی شارەکانی ئێران و کوردستاندا، ناوەندە ئەمنیەکانی سپا وئەڕتەش نە تەنیا نەیانتوانی ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵ و سەرکوتی بکەن، بەڵکوو بەپێی هەواڵەکان لە ترسی ئەوەی مانگرتنی چینی شوفێرەکان تەشەنە نەستێنی و نەبێتە هۆی شۆڕشێکی گشتگیر و بەربڵاو، ئەو دوو ناوەندە بە کامیۆنەکانی خۆیان کەلوپەل و پێداویستییان دەگەیانده‌ شار و شارۆچکەکانی ئێران.
ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێران و مانگرتنی خەڵکی کاسبکاری کورد و کامیۆنداران، بە ئیزافەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، دەرهاوێشتەی دەبێتە ئەمە کە سیستەمی سیاسیی ئەو ڕێژیمەیه‌ ئابووریی ئێرانی هەڵتەکاندووە و، دەبێ چاوەڕێی مانگرتن و ناڕەزایەتی و هاتنە سەرشەقامی چین وتوێژەکان بین و وتەی فڕانسیس فۆکۆیاماش دوور لە ڕاستی نیە کە دەڵێ: «لە ئێران شۆڕشێکی جەماوەری بەڕێوەیە.»
لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)