Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۴ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۷ | 15/08/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

قازی محەممەد، قۆناغەکانی دروستبوونی ڕێبەرێکی کاریزما (بەشی کۆتایی)

06/06/2018 | 03:05:20
+A
-A
عومەر باڵەکی

ــ عەبدوڵڵا ئەحمەد ڕەسول پشدەری لە کتێبی «یادادشتەکانم لە کۆماری کوردستان»دا لەسەر پیشەوا ئاوا دەڵێ: « قازی محەممەد» پلەی خوێندەواریی زۆر باش بوو. لە قوتابخانەی ئایینی و شەرع خۆێندبووی و جگە لەوەش زۆر خۆی بە خوێندنەوەی کتێبە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە خەریک کردبوو. زمانی فەرەنسیی دەزانی و تا ڕادەیەکیش دەیتوانی بە زمانی ڕووسی قسە بکا. زمانی تورکی و فارسیی لە کوردی باشتر دەزانی و بە زمانی عەڕەبیش جوان قسەی دەکرد. مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر بوو. ڕزگاری کوردستانی بەلاوە گەورەترین ئاوات بوو. زۆر خۆبەکەمگر و خاکەڕایی بوو. ئەو کاتەی بە سەرۆککۆماریی کوردستان هەڵبژێرا هیچ گۆڕانێکی بە سەردا نەهات و هەمیشە خۆی بە خزمەتکاری میللەت ناو دەبرد و دژی «کەشخە و فەخ فەخە» بوو. زۆر هێواش و هێمن بوو. نەیدەزانی تووڕەیی چیە و زۆر جار سەری لە فەقیر و هەژاران دەدا و دەردی لێقەوماوان و هەژارانی تیمار دەکرد. زۆر جار لە کیسەی خۆی پارەی دەبەخشی. لە خۆێندنەوەی وتاردا زۆر بلیمەت بوو، دڵی گوێگرانی بە تەواوی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا. زۆر دژی زوڵم و زۆرداری بوو. هەمیشە ئامۆژگاریی سەرۆک عەشیرەتەکانی دەکرد کە واز لە چەوساندنەوەی جوتیارەکان بهێنن تاکوو ئەوانیش ئازاد و سەربەست بۆ خۆیان لە کوردستاندا بژین.»
ــ کرێس کۆچێرا لە کتێبی کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا لە زمانی ڕەحیم قازییەوە لەبارەی بواری فیکریی پێشەوادا ئاوا دەنووسێ: «لە بواری فیکرییەوە قازی محەممەد نە مارکسی بوو، نە سۆسیالیست و نە لیبرالی بوو. قازی محەممەد ڕێبەری وشیاری بزاڤێکی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی و ڕێبەری نەتەوەیی بە هۆش و گۆش بوو.» کریس کوچێرا هەر لەو کتێبەیدا دەڵێ: «…کتێبخانەیەکی هەبوو کە پڕ بوو لە کتێبی مێژوویی و ئەدەبی بە زمانە جۆراوجۆرەکان. هەر وەها مێژووی سەلاحەدینی بە شانۆ نوسیبوو و شانۆی دایکی نیشتمان کە باس لە بەسەرهاتی نەتەوەی کورد دوای بەستنی پەیماننامەی سەعدئاباد _لەنێوان ئێران و عێراق و تورکیە لە سالی ١٩٣٧_دا دەکا و ئەو شانۆیانە لە مەهاباد پیشان دران.
ــ ژەنەراڵ حەسەن ئەرفەع لە کتێبی کوردەکاندا بە ئاماژە بە کۆبوونەوەیەکی خۆی لەگەڵ قازی محەممەد بەو شێوەیە باس لە کەسایەتی و چاونەترسیی پێشەوا دەکا: «… هەر چەند سەدر و سەیفی قازی حزووریان لەو دانیشتنەدا هەبوو، بەڵام وەک قازی محەممەد بەڕاشکاوانە و بێ پێچوپەنا مەسەلەکانیان باس نەدەکرد. قازی محەممەد کە ڕاشکاوانەتر لەم دووانە قسەی دەکرد، لە سەرەتادا گلەیی لە گیروگرفتەکانی پێشوو کرد و پاشان لە گەندەڵی و ناکارامەیی دەزگاکانی دەوڵەت لە ناوچە کوردنشینەکان دوا و لەم بارەیەوە ڕەخنەی لەوە گرت کە حوکمەت بۆچی لە کوردەکان بۆ کاری دەزگاکانی بەڕێوەبەریی ئەو ناوچانە کەڵک وەرناگرێ…» حەسەن ئەرفەع دەڵێ ئەمن لە وەڵامدا باسی لوتفی شا و یەکیەتیی ئێرانییەکانم بۆ قازی محەممەد باس کرد کە دەبێتە پاڵپشتی ئەوە کە ئێران بۆ هەمووان بێ؛ بەڵام هەستم کرد کە قازی محەممەد کەسێک نیە بەو بایانە بلەرزێ و بێگومان لە داهاتوودا گیروگرفتمان بۆ پێکدێنێ. حەسەن ئەرفەع درێژەی دەدا و دەڵێ: «بە دوای ئەوەدا ئەمن پشتی ژەنەراڵ هوشمەند ئەفشارم گرت و هێرشی توندم کردە سەر سەربزێوییەکانی کورد. قازی محەممەد توورە بوو و بە منی گوت: ئەتۆ کۆنەپەرەستی.»
ــ درک کینان لە کتێبی «کردها وکردستان»دا ئاوا لە کەسایەتیی پێشەوا دەدوێ: «ئەو کەسانەی کە هەلیان بۆ هەڵکەوتبوو لەگەڵ قازی محەممەد دیداریان هەبێ، بێ ئیختیار کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی کەسایەتیی پێشەوا و زۆر بە ئاسانی بۆیان دەرکەوتووە کە بۆچی بۆ میلیۆنان کەس بۆتە ڕەمز. قازی محەممەد پێاوێکی کورتە باڵا بوو _لەڕاستیدا مام ناوەند بووە_ پاڵتۆیەکی نیزامیی لەبەردا بوو، نە سیگاری دەکێشا و نە ئارەقی دەخواردەوە، زۆر کەم خۆراک بوو. دەنگی نەرم و خۆشئاهەنگ بوو، حەرەکات و جووڵەی ئارام و لەسەرەخۆ بوو. جۆرێک ئینترناسیوناڵ بوو، ڕێز و حورمەتی بۆ هەموو نەتەوەکانی جیهان هەبوو و خۆشی دەویستن. چەند زمانی بیانیی دەزانی وەک ڕوسی، کەمێک ئینگلیسی و ئیسپرانتۆ. میزی کارەکەی پڕ بوون لە کتێبی ڕێزمانی زمانە بیانییەکان و ئەدەبیاتی بێگانە.››
ــ جەعفەر عەلی لە کتێبی «ناسیونالیزم و ناسیونالیزمی کوردی» دا دەنووسێ: «قازی محەممەد بە پێی زۆربەی سەرچاوەکان کەسایەتییەکی سیاسی _ کۆمەڵایەتی، دینی، ڕووناکبیر و نیشتمانپەروەری بەهێزی کورد بوو… بە بڕوای من دەرکەوتنی قازی لە ڕووی سیاسی و بەشداریی چالاکانەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی کورددا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانی و بەتایبەت دوای بوونە ئەندام لە کۆمەڵەی «ژێکاف»دا. وەک بۆرزویی باس دەکا؛ ڕۆڵی قازی محەممەد لە بەدیهێنانی ئەو گۆڕانکارییانەی کە سەرهەڵدانی ناسیونالیزمی سیاسی لێ کەوتەوە، زۆر لە چالاکییەکانی کۆمەڵەی «ژێکاف» زیاترە؛ بۆ نموونە: قازی محەممەد هەوڵی داوە بۆ بە دەستهێنانی پشتیوانیی یەکێک لە دوو هێزە گەورەکانی سۆڤیەت و ئینگلیس. هەروەها هەوڵدان بۆ یەکخستنی هێزەکانی عەشیرەتی و تیرە و تایەفە جیاوازەکان و، هەروەها بە سیاسی لەقەڵەمدانی هێندێک بێزاری و ناڕەزایەتیی خەڵک لە دەوڵەتی ناوەندیی ئیران.»
ــ گۆڤاری هەڵاڵە ژمارە ٢، ساڵی ١٣٢٥ لە وتارێکدا بەم شێوەیە باسی پێشەوا دەکا: «هەر لە منداڵییەوە خاوەنی گیانێکی بەرز و و دڵێکی بەهێز بووە و نیشانەی گەورەیی و ئازا و ڕەشیدی و لەخۆبوردوویی تێدا دیاری داوە. ئاکارێکی جوانی هەیە و دەگەڵ هەموو تەبەقەیەک تێکەڵی دەکا و بە تایبەتی نیشتمانپەروەری لەگەڵ ڕەگ و خوێنی تێکەڵە. زۆری عەلاقە بە تەڕەقی و عیلم و زانست هەیە، لە بەر ئەوە لە تافی جەوانیدا چەند ساڵ بۆخۆی ڕیاسەتی فەرهەنگی سابڵاغی وەعۆدە گرت و دەرسی نیشتمانپەروەری و میللەتی بە تەواوی فێری نەسڵی تازە کرد…»
ــ کەسایەتیی پێشەوا و پێگەی کۆماری کوردستان وای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردبوو کە کاتێک پێشەوا لە سەر بانگهێشتنی سەرۆکوەزیران، قەوامولسەڵتەنە دەچێتە تاران، وەک سەرۆکی وڵاتێک لە فرۆکەخانەی تاران پێشوازیی لێ دەکرێ. حەوتوونامەی «کوهستان» لە ژمارە٦٢ی خۆیدا ئاوای بڵاو کردووەتەوە: «تەیارەی ئاغای قازی محەممەد لە نێوان پێشوازیی گەرمی خەڵکێکی زۆری تاران کە لە فڕۆکەخانەی میهرئاباد کۆ ببوونەوە، لە مەیدانی تەیارەخانە لە سەر زەوی نیشت. پێشوازیی ڕێبەرانی کوردی دانیشتووی تاران لەگەڵ دەربرینی هەستی شادمانیی خەڵک هەنگاو بە هەنگاو ئەو میوانە خۆشەویستەیان بەڕی دەکرد. ئاغای قازی محەممەد هەتا ئەوکاتە لە تارانن میوانی دەوڵەتن و لە ویلای ژمارە پێنجی میوانخانەی دەربەند نیشتەجێن. یەکەم دیداریان لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت لە فەزایەکی دۆستانەدا بەڕێوەچوو. وتووێژی ئەساسی و بنەڕەتی لەم حەوتوویەدا دەست پێدەکا و ئومێد هەیە بەو نیازپاکییە کە لایەنەکان هەیانە مەسەلەی کوردستان بە شێوەیەکی باش و گونجاو چارەسەر بکرێ.» نموونەیەکی دیکە لە داننان بە کەسایەتیی بەرزی پێشەوا لەلایەن کاربەدەستانی تارانەوە لە حەوتوونامەی کوهستان ژمارە٧٢ ساڵی ١٣٢٥دا بەرچاو دەکەوێ کە باس لە تڵگرافێک دەکا قەوامولسەڵتەنە بۆ پێشەوای ناردووە.
دەقی تێلێگرافەکە بەمجۆرەیە: «ئاغای قازی محەممەد! بە لەبەرچاوگرتنی بڕیاری من کە دەبێ هەڵبژاردن بە ئامادەبوونی هێزی ئەمنی کە لە ناوەندەوە دەنێردرێ بەڕێوە بچێ و پێویستە ناوچە کوردنشینەکانی ئازەربایجان بە هاوکاریی دۆستانە و ڕەزامەندی تەواوی ئێوە بەڕێوە بچێ؛ هەر بۆیە لە خۆی، شاپوور، ڕەزائیە و مەهاباد کە ناوچەی کوردنشینن، پێویستە دیاری بکرێ کە بە چ شێوەیەک ئێوە هاوکاریی هێزە ئەمنیەتییەکان دەکەن. هەتا لەو پێوەندییەدا فەرمانی دیار و ڕوون دەربچێ. .بە هاوکاریی دۆستانە و هۆگرییەکی تایبەت کە لەو ماوەیەدا لە شەخسی تۆم دیوە و هەستم پێ کردووە، لەو بەشەدا کە بابەتی کوردانی تێدایە چاوەڕوانیم هەیە ڕەزامەندیی تەواوی خۆت بۆ بەرەوپێشچوونی کارەکان بە کردەوە پیشان بدی.»
ــ حوسێن مەدەنی لە کتێبی «کوردستان و ئیستراتیژیی دەوڵەتان»دا لە سەر چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە هەلومەرجی ئەوکاتدا باس لە هەڵوێستی پێشەوا دەکا و دەنووسێ: «پێشەوا بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی کۆمار لە نێو چوارچێوەی ئێراندا ڕێگای ئاشتییانەی وتووێژی هەڵبژاردبوو. شیرازەی هەڵوێست و بۆچوونەکانی پێشەوا تەنیا لە ڕێبازی پەرەگرتووانەی دێموکراسیی سەرانسەری لە ئێراندا دەیتوانی بەرهەم و سەمەری خۆی بدا. پێشەوا بە حەق گاندیی کوردستان بوو و لە شەڕ و خوێنڕشتن نەفرەتی هەبوو. بە نیازێکی پاکەوە وەدوا چارەسەری عادڵانەی مافی نەتەویی کورد کەوتبوو و لە گفتەکانی قەوامولسەڵتەنەدا ئاسۆیەکی ڕوونی دەبینی.»
هەر لەو پێوەندییەدا عەبدوڵڵا ڕەسوڵ پشدەری لە کتێبی «یادادشتەکانم»دا ئاوا دەنووسێ: «قازی محەممەد هەر تەئکیدی لەسەر ئەوە دەکرد کە هیچ شەڕ و ئاژاوەیەک لە ناوچەکانی کوردستاندا دروست نەبێ لە مابەینی هێزی چەکداری کۆمار و سوپای ئێراندا، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی بیانوو بە دەستی حکومەتی ئێرانەوە بۆ تێکدانی وتووێژ.»
ــ عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی (ماموستا هەژار) لەسەر چۆنیەتیی پێویستبوونی قازی محەممەد بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی «ژێکاف» لە کتێبی چێشتی مجیوردا ئاوا دەنووسێ: «بە نەمانی توانای حکومەتی پەهلەوی لە موکریان، قازی محەممەد بۆ بەرگری لە شار لە بەرامبەر هێرشی هۆزەکانی دەوروبەر، خەڵکی هان دا بە کڕینی چەک هەتا شەوانە کێشک بدەن. ڕۆژانە ئەوانی لە جێگایەک کۆ دەکردەوە و ئامۆژگاریی دەکردن. شار بە تەواوی لە دەست ئەودا بوو. پێمان خۆش بوو قازی ببێتە هاوکارمان، بەڵام ئەو ئێمەی بە هیچ نەدەزانی و بەلایەوە کەمایەسی بوو لەگەڵ چەند ڕەش و ڕووتێکی بێ ناوونیشان زرمەزلیتانی بکا. ئێمەش هەستمان دەکرد کە عشایر و خەڵکی سەرناس چەتوونە هەتا نەزانن سەرۆکمان پێاوێکی زل و شیاوی حورمەتگرتنە بێنە گەڵمان. بەڵام قازی چۆن چارە بکەین؟ ڕاماندەسپاردە ئەندامان و لایەنگرانمان کە لە کۆبوونەوە بۆ وتاری قازی بتەکنەوە. تا وای لێهات کە قازی خۆی هەستی بەوە کرد حیزب بەهێزە و گاڵتەی پێ ناکرێ، ئەوسا داوامان لێ کرد کە بێتە نێو حیزبەوە. قەبوولی کرد و زۆر زوو بڕیار درا قازی سەرۆکی کۆمەڵە بێ. ئیتر زۆر لە ئاغا و پیاوماقوڵان کە بچووکیی «قازی»یان پێ شەرم نەبوو هاتنە نێو حیزبەوە. قازی ماڵەکەی قۆناغی میوانانی ڕووس بوو و توانی نێوان حیزب و ڕووسان خۆش بکا.»
ــ غەنی بلوریان لە کتێبی «ئاڵەکۆک»دا لەسەر ئەم سەروبەندە کە هەژار باسی دەکا، ئاوا دەنووسێ: «دوای چەککردنی شارەبانی و هەڵاتنی فەرماندار، خەڵکی و پیاوماقوولانی شار گەیشتنە ئەو ئاکامە کە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی شاری مەهاباد و چاوەدێریی بازاڕ و کوچەوکۆڵانەکانی شار، کەسێکی جێگای باوەڕ بۆ سەرپەرستیی شار دیاری بکەن، هەتا ئەویش چەند کەسێکی دیکە دەستنیشان بکا و بەرپرسیارەتیی شار وەئەستۆ بگرن. بۆ ئەو مەبەستە پیاوماقوولانی شار کە قازی محەممەدیش لە نێویاندا بوو لە شارەداریی شار کۆ بوونەوە. دوای باسێکی چەندسەعاتە گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە قازی محەممەد بە عینوانی بەرپرسیاری شار دەستنیشان بکەن و سەید خدر نیزامی بە عینوانی بەرپرسی ئەمنیەتی شار هەڵبژێرن. قازی محەممەد یەکەم کەسایەتیی شار بوو کە شایستەی بەڕێوەبردنی شاری هەبوو و خەڵکی مەهابادیش ئەوەیان بەباشی دەزانی.» ــ حەمەدەمین شێخولئیسلامی (مامۆستا هێمن) لە پێشەکیی «تاریک و ڕوون»دا ئاوا لە سەر کەسایەتیی پێشەوا دەدوێ: «من لەمێژ بوو پێشەوام دەناسی و لە ڕۆژی تەنگانەدا دیبووم. بە دەست و تفەنگی خۆی پێاوێکی زۆر ئازا بوو. پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان چەند جار عەشایر هاتنە سەر مەهاباد و پێشەوا بۆخۆی لە یەکەم سەنگەردا بۆ دیفاع ئامادە بوو. ئەدی چۆن بوو ئەوجار تەسلیم بوو؟ بۆخۆم لێم بیست گوتی لە سەرمانەوە ناچن و دەمانکوژن، بەڵام پێم خۆش نیە گەلەکەم بەجێ بێڵم و دەمەوی لە نێو ئەواندا بمرم.» ماموستا هێمن لە درێژەی ئەو بابەتەدا لەدەستدانی پێشەوا بە خەسارێکی گەورە دەزانی بۆ جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد و لە هەمان کاتدا بە زیانێکی گەورەی دادەنی بۆ جووڵانەوەی ئازادیخوازیی سەرانسەری ئێران: «ئەمن پێشەوام لە دڵەوە خۆش دەویست، بە ڕابەرێکی دڵسۆز و ژیرم دەزانی، بە کوردێکی پاک و چاکم دەناسی و بە موسلیحێکی یەکجار گەورە و مەزنم دەزانی. دەمزانی نەتەوەکەی خۆی چەند خۆش دەوێ و چەندەی پێخۆشە خزمەتی بکا، چەندە بە ئاواتەوە بوو کورد بگاتە ڕیزی نەتەوە بەختەوەرەکان. زۆرم هیوا پێی بوو گەلەکەمان بەپەلە بەرێتە پێش و وڵاتەکەمان زوو ئاوەدان بکاتەوە. لەو ماوە کورتەشدا دەزانین چەندی خزمەتی بەکەڵک کردن. بەڕاستی مەرگی پێشەوا نەک هەر بۆ نەتەوەی کورد بەڵکوو بۆ جووڵانەوەی ئازادیخوازی و دژی ئیمپریالیستیی سەرانسەری ئێران زیانێکی گەورە بووە . دەریایەک زانست و ئەدەب، دەریایەک فیکر و بیر بە دەستی زۆردارێکی سەرەرۆ و نەزان وشک کرا و لەنێو چوو.»
ــ لە کتێبی «کۆماری کوردستان ١٩٤٦»دا ویلیام ئیگلتن باسی وتوێژی قازی محەممەد و باقرۆف دەکا کە چۆن پێشەوا لە سەر مافی نەتەوایەتیی کورد سوور بووە: «قازی محەممەد لەگەڵ دەستەیەک لە ڕێبەرانی کۆمەڵەی (ژێکاف) لە سەرەتای مانگی حەوتی ساڵی ١٣٢٤ بە سەردانێکی ڕەسمی چوونە باکۆ و لە دانیشتن لەگەڵ باقرۆڤ، سکرتێری حیزبی کۆمۆنیست و سەرۆککۆماری ئازەربایجاندا باسیان لە پشتگیریی یەکیەتیی سۆڤیەت کرد بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئیران. لە وەڵامدا باقرۆڤ دوای باسێکی دورودرێژ باسی لەوە کرد کە تورکی ئازەربایجان یەکەم ئالاهەڵگرن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، لە بەر ئەوە پێویست نیە کوردەکان زۆر پەلە بکەن. باقرۆڤ دەڵێ: دڵنیاتان دەکەم هەر کاتێک ئازەربایجان خودموختار بوو، ئازادی و ڕزگاریی ئیوەشی تێدا دەستەبەر دەکرێ. قازی محەممەد یەکەمجار نەبوو دەیدی کە ڕووسەکان مەبەستیانە کێشەی کورد لەگەڵ خودموختاریی ئازەربایجان تێکەڵ بکەن، هەر بۆیە لە وەڵامی باقرۆڤدا دەڵێ: «خەڵکی کوردیش وەک خەڵکی ئازەربایجان بۆ وەدەستهێنانی مافی سروشتیی خۆی هەوڵ دەدا.»
ــ حوسێن مەدەنی لە کتێبی «کوردستان و ئیستراتیژیی دەوڵەتان»دا بەو جۆرە باس لە کەسایەتی وکاریگەریی پێشەوا دەکا لە سەر ئاشنابوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو دیاردە نوێیانە کە لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هاتبوونە کایەوە: «پێشەوا بۆ کورد ژیا و لە خزمەت ئامانجەکانی نەتەوەییدا هەرچی لە توانایدا بوو، کردی. پێکهێنەر و ڕێکخەر و پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان بوو. تەنیا لە سایەی کەسایەتی و بلیمەتیی پێشەوا قازیدا بوو کە کوردستان بۆ یەکەمجار بەو دیاردە نوێیانە دەڕازێندراوە و ڕێبازی ناسیونالیزمی کوردیی پڕ ڕێبوار دەکرد و کۆمەڵی ناتەبای کوردی تەبا دەکرد و لەژێر ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستاندا کۆی دەکردنەوە.»
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم نەخشی ئەو ڕێبەرە مەزنە لە بەرەوپێشچوونی خەباتی نەتەوایەتی و وەدێهێنانی ئامانجی لەمێژینەی کوردان کە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو، قەت لە بیر ناچێتەوە و بۆ هەتاهەتایە لە مێژووی نەتەوەی کورددا تۆمار کراوە و سەربەرز و درەوشاوە دەمێنێتەوە و کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان شانازیی پێوە دەکەن.
( لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)