Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۴ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۷ | 15/08/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

ڕەوت و قۆناغەکانی چیرۆکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی دووهەم و کۆتایی)

06/06/2018 | 02:35:20
+A
-A
کاوان محەممەدپوور

قۆناغی دووهەم: چیرۆکی مۆدێرن
قۆناغی دووهەمی ئەدەبی لە ڕوانگەی گۆڵدمەن، هەڵگری چەشنێکی دی لە پێناسەی کاراکتێرە. سیستەمی کاپیتالیزم لە قۆناغی دووهەمی خۆیدا شێوەی کارکردی ئابوورییەکەی لەسەر تاکەکەسی زەق نابێتەوە و چەشنێک لە تایبەتمەندی دەگرێتە بەر، واتە ئابوورییەک کە تایبەت کراوەتەوە بە گرووپ یان برەندێکی تایبەتەوە، ئیتر لە سیستەمی ئابووری ئەم قۆناغەدا، تۆ تاک نابینی، بەڵکوو لەگەڵ هەژمارەیەک ناو و گرووپ و برەندی ئابووری بەرەوڕووی، هەر بۆیە کاراکتێرێک کە لە چیرۆکی ئەو سەردەمەدا دەخوڵقێ بە ڕوانگەی گۆڵدمەن، وەک ئەوە دەچێ کە لە چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە ناهۆمێد بووە و نازانێ هۆی کێشەکان چین تا بە شوێنیان کەوێ و چارەیان بکا _چوون سیستەمی ئابووری برەند، گشت چەمکەکان دادەپۆشێ_ چەشنێک لە سەرگەردانی و نیگەرانی بە هۆی نەناسینی «هۆی کێشەکان» لە دەروونی ئەم کاراکتێر/مرۆڤە پێکدێ، بۆیە زیاتر لەوەی باسی کۆمەڵگە بکا، باس لە دەروونی خۆی دەکا، وەک ئەوەی کێشە و قەیرانەکە لە نێو خۆیدا بێ. بە وتەی گۆڵدمەن لێڕەدا چیرۆکی (دەروونناسانە) دێتە ئاراوە، چیرۆکێک کە کاراکتێرەکانی سەرقاڵیی یەکجار زۆریان لەگەڵ دەروونی خۆیانە و کەمتر وەهایە باسی جیهانی دەرەوە بکەن یان ئەگەر باسیشی بکەن، جیهانێکی تاریک و ڵێڵە و هەمیشە خەریکی ڕاکردن و دوورکەوتنەوە لەم جیهانەن. بۆیە زیاتر «مۆنۆلۆگ» ئەبیندرێ. فەزاسازی ئەم چەشنە چیرۆکە، فەزای سارد و سڕ و لێڵ و نامۆیە. ئەمە لایەنێک لە «چیرۆکی مۆدێڕنیستی»یە، واتە هاوتەریب لەگەڵ تاکبوون و خاوەن کێشە بوون _کە خسڵەتی بنەڕەتی چیرۆکە_ لایەنێکی دەروونناسانەش بۆ کاراکتێر دێتە ئاراوە. ئەم چەشنە کەسایەتییە، لە قۆناغی دووهەمی چیرۆکی ڕۆژهەڵاتدا بەدی دەکرێ. -هەڵبەت تەواو کۆ و گشت چیرۆکنووسەکان ناگرێتەوە، لەسەرەتا باسم کرد ڕەنگە گریمانەکەی گۆڵدمەن تەواو کۆ بۆ پێناسەکردنی چیرۆکی کوردی نەبێ بەڵام لایەنێکی زۆرمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.
قۆناغی دووهەمی چیرۆکی کوردی لە ساڵی 1993 دەست پێدەکا و تا نێوەڕاستەکانی دەیەی سەرەتای ساڵی 2000 درێژەی هەیە، دەتوانین دەسپێکی ئەم قۆناغە بە بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە چیرۆکی (زریکە)ی عەتا نەهایی ناودێر بکەین. عەتا نەهایی لەم کۆمەڵە چیرۆکە و دواتر کۆمەڵە چیرۆکی (تەنگانە)دا هەوڵی داوە لە فەزا و پێکهاتەی ساکاری قۆناغی یەکەم دەرباز بێ و شێوەیەکی نوێ لە گێڕانەوەی چیرۆکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستەبەر بکا. ئەم چیرۆکانەی عەتا نەهایی کە بە چەشنێک کاریگەریی ئەدەبی فارس، بەتایبەت (هووشەنگ گۆڵشیری)یان پێوە دیارە، بووژانەوەی چیرۆکی ڕۆژهەڵات لەو سەردەمە دایە. هەر لە قۆناغی دووەمدا، دوو ڕووداوی بەرچاومان هەیە کە جێگەی خۆیەتی باسی لێوە بکرێ. یەکیان دەگەڕێتەوە ساڵی 1996 لە شاری بۆکان، دەستەیەکی پێنج کەسی لە چیرۆکنووسانی گەنج، کە ئەزموونی خوێندنەوەی چیرۆکی مۆدێرنیستییان هەبوو و لەگەڵ شێوازی چیرۆکنووسیی جیهانی تاڕادەیەک ئاشنا بوون، کۆڕێک پێک دێنن بەناوی (کۆڕی خۆر). ئەم پێنج کەسە لە هەوڵی نوێکردنەوەی چیرۆک و دەربازبوون لە شێوە گێڕانەوەکانی قۆناغی یەکەم دان. ئەم پێنج کەسە کە هەموویان ئەزموونی چیرۆکنووسییان هەبوو، بریتین لە «بریا کاکەسووری، حەمەدئەمین شامحەممەدی، عەلی غوڵامعەلی، ڕەحیم عەبدولڕەحیم‌زادە و سولەیمان عەبدولڕەحیم‌زادە.» کۆڕی خۆر، دوو بوڵتێن لە چیرۆکی نوسه‌رانی نوێ بڵاو دەکەنەوە و لەسەر باسکردن لە چیرۆکی کوردی بەردەوام دەبن. بریا کاکەسووری یەکێک لە ئەندامانی سەرەکیی ئەم کۆڕە ساڵی 1998کۆمەڵە چیرۆکی «سیاسووت» بڵاو دەکاتەوە، حەمەدەمین شامحەممەدی هەر ئەو ساڵە کۆمەڵە چیرۆکی «قەڵا» بڵاو دەکاتەوە و کۆمەڵە چیرۆکی «چارەنووسی تاپۆکان»ی سولەیمان عەبدولڕەحیم‌زادەش هەر لەم خانەدا جێ دەگرێ. بەگشتی فەزای نوسینی ئەو دەستەیە فەزایەکە کە دێتە ژێرخانەی چیرۆکی مۆدێڕنیستی. پێکهاتە و فۆڕمی پێچەڵاوپێچەڵ، سەرەکیبوونی مۆنۆلۆگ بە جێگەی دیاڵۆگ، وەسفی دەروونناسیی کەسایەتییەکان، وەسفی زۆریی فەزای داستان و ڕەخنە لە جیهانی بێمانا و هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی مانا، تێمی سەرەکیی فۆڕم و پێکهاتەی ئەم چەشنە چیرۆکانە بوو. کاریگەریی کەسانێک وەکوو سادق هیدایەت، کافکا، سارتەر و سامۆئێل بێکێت بەسەر نووسراوەکانی ئەم دەستەیەوە دیارە.
ڕووداوی دووەمی قۆناغی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1998 کە کۆمەڵە چیرۆکی «مزگێنی»ی محەممەد ڕەمەزانی بڵاو دەبێتەوە. تەکنێکی نوسین و پێکهاتە و ڕاوێژی کاراکتێرەکانی ڕەمەزانی، چەشنێکی تایبەتە و لەسەر بەشێک لە چیرۆکنووسانی گەنجی ئەو سەردەمە کاریگەریی هەبوو. محەممەد ڕەمەزانی کە بەداخەوه جیا لەم کۆمەڵە چیرۆکە کاری دیکەی بڵاو نەکردوە، یەکێک لە باشترین چیرۆکنووسانی ئێمە بوو کە ئێستا دەستی کێشاوەتەوە و زیاتر سەرقاڵی کاری وەرگێڕانە. ئەگەر فەتاح ئەمیری لە قۆناغی یەکەمدا لەژێر کاریگەریی ئەدەبیاتی «دەوڵەت ئابادی»دا بوو و عەتا نەهایی لە کۆمەڵە چیرۆکی «تەنگانە»دا لەژێر کاریگەریی گۆڵشیری، ئەوە محەممەد ڕەمەزانی لە «مزگێنی»دا هەوڵی سەربەخۆیی زیاتر دەدا کە لەم کاریگەرییەی چیرۆکی فارس کە ساڵانێک بوو لەگەڵمان بوو دەرباز بێ، بۆیە زیاتر پێکهاتە و فۆرمی نووسراوەکانی ڕەمەزانی بە چیرۆکی بیانی نزیکترە تا چیرۆکی فارسی. لە نێوەڕۆکیشدا هەوڵی ئەوەی داوە مۆرکی کوردیی پێوە دیار بێ.
قۆناغی دووەم بەدڵخۆشییەوە بەرهەمی زۆری تێدا چاپ بوو و ئیتر ئەو وەستان و بێدەنگییەی قۆناغی یەکەم بۆ هەمیشە نەما. هەر لەم قۆناغەدا، ناسر وەحیدی لە پێشدا ساڵی 1995 کۆمەڵە چیرۆکی «خەوەڕاو» بڵاو دەکاتەوە و پاشان کۆمەڵە چیرۆکی «هاوار» و «خەونەکانی ئیقلیمی با» لە ساڵی 1997دا دەنوسێ. ڕۆمانی «شاربەدەر»ی حوسێن شێربەگی لە ساڵی 1998 بڵاو دەبێتەوە و دوو ڕۆمانی «بڵیند و نەوی»ی خاتوو نەسرین جەعفەری و «هەزار ئەشکەوتی» عومەر مەولوودی لەو ساڵەدا چاپ دەبن. هەڵبەت ئەم دوو ڕۆمانە، «بڵیند و نەوی» و «هەزار ئەشکەوت» هەرچەند بەپێی ساڵی چاپ لەنێو قۆناغی دووەم دان، بەڵام لەڕووی پێکهاتە و دەربڕینەوە زیاتر لە چوارچێوە و تایبەتمەندیی ڕۆمانی قۆناغی یەکەمدا پۆلێن دەکرێن. دەبێ ئاماژە بکەم، ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە مانای کەموکۆڕی بۆ ئەم دوو بەرهەمە نییە، بەڵکوو مەبەستم لە پێکهاتە و شێوە داڕشنی فەزای ئەم دوو ڕۆمانەیە، یانی وەک کارەکانی دی کاریگەریی چیرۆکی مۆدێڕنیستییان پێوە دیار نیە.

قۆناغی سێهەم: فرە ژانر و پێکهاتە
قۆناغی سێیەم‌، کە لە ساڵی (2006)ەوە دەستی پێکردووە تا ئێستاش بەردەوامە، لەم قۆناغەدا لەگەڵ شێوازێکی جیاواز لە پێکهاتەی گێڕانەوە و نێوەڕۆک و لەحن بەرەوڕوو دەبینەوە، بەڵام بەگشتی ئەم قۆناغە لە پێکهاتەی ساکاری قۆناغی یەکەم و جیهانی تەم و لێڵی قۆناغی دووەمدا لە زۆربەری بەرهەمەکان دەرباز بووە و نوسه‌رەکان هەوڵی ئەوەیان داوە ئاوڕێکی نوێ لە سووژەکانی کۆمەڵگەی کوردی بدەنەوە، هەر لە پێناو ئەم مەبەستەشدا «فرەگوتاری، کاراکتێری جیاواز لە گشت چینەکانی کۆمەڵگە و چەند ڕەهەندی خوێندنەوەمان» هەیە. بۆ نموونە هەندێ نوسه‌ر سەرنجی تایبەتیان بە توانستە گێڕانەوەییەکانی ئەدەبی زارەکیی کوردی داوە، وەکوو عەتا نەهایی لە ڕۆمانی «گوڵی شۆڕان»دا کە تێمی چیرۆکەکەی لە بەیتی «لاس و خەزاڵ» وەرگرتووە و لەنێو چیرۆکێکی ئەمرۆییدا دایدەڕێژێتەوە، واتە کەڵکوەرگرتن لە فۆلکلۆری کوردی بۆ بەرهەمهێنانی چیرۆکی مۆدێڕن، یان سەید قادر هیدایەتی لە ڕاوێژی مەزهەبی و خانەقایی کە لە مەحفیلی دەروێشانەی کوردیدا ئەبیسترێ، بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی «تۆقی عەزازیل» کەڵک وەردەگرێ و لە ڕۆمانی «گابۆڕ»دا تەکنیکێکی تایبەت لە بەکارهێنانی کەرەستەی «گێڕەوە» نیشان ئەدا کە لە جێگەی خۆیدا بێ وێنەیە. جیاواز لەم بەرهەمانە ئەتوانین بە سێ کۆمەڵە چیرۆکی بریا کاکەسووری بە ناوەکانی «تابووتی تەمەن»، «سەفەرنامەی دۆزەخ» و «مەرگەژین» ئاماژە بکەین کە لە بەرهەمە بەرچاوەکانی کورتە چیرۆکی ئێمەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەکێکی دیکە لە باشترین بەرهەمەکانی ئەو ساڵانەی دوای کۆمەڵە چیرۆکی «پاشای تەنیایی»یە لە نوسینی عەلی غوڵامعەلی، ئەم بەرهەمە بە باشی توانیویەتی فۆڕمی کورتە چیرۆک بە پێکهاتەی بەهێز و زمانێکی سرنجڕاکێش نیشان بدا. کۆمەڵە چیرۆکەکانی «پیاوێکی ڕیش خەنەیی»ی عەزیز مەحموودپووریش یەکێک لە بەرهەمە باشەکانی کورتە چیرۆکی ئێمە لە قۆناغی سێیەمدا.
لە قۆناغی سێیەمی ڕەوتی چیرۆکنووسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەوە خاڵەی جێگەی تێڕامانە، ئەوەیە کە هەمانە بە بنزاراوەیەکی تایبەت چیرۆکی نووسیوە، وەک سەراجەددین بەناگەر، چیرۆکنووسی سنەیی لە کۆمەڵە چیرۆکی «چاوشارەکێ» و ڕۆمانی «قولولولوو»دا کە بە بنزاراوەی ئەردەڵانی دایڕشتووە. فەروخ نێعمەتپوور لە زمانێکی فەلسەفی بۆ گێڕانەوەکانی سوود وەردەگرێ، بەتایبەت لە ڕۆمانی «باڵندەی بریندار، ماسیی سەرسام.» یەکێکی دیکە لە ڕۆماننووسە باشەکانمان «شارام قەوامی»یە کە سێ ڕۆمانی بەناوەکانی «سوەیلا»، «بیربا» و «پاڵتاوشۆڕ» هەیە و کۆمەڵە چیرۆکێک بە ناوی «مێژووییترین زامی دایکم» کە لە بەرهەمەکانی پێشوویەتی. قەوامی یەکێ لە باشترین نوسه‌رانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە زانستێکی تایبەتی لەسەر پێکهاتەی چیرۆک و ڕۆمان هەیە و ئەم زانیارییەش لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. کامڕان حامیدی لە سێ ڕۆمانی «زینوی بەتەم»، «گۆمی بەردەلانکێ» و «مان و نەمان» ڕەهەندەێکی جیاوازی لە ڕۆمانی مێژوویی بۆ ڕۆژهەڵات خوڵقاندووە. بریا کاکەسووری لە ڕۆمانی «چریکە و تاریکستانی ساڵە سپییەکان»دا لە تەکنیکی «مێتافیکشێن» بۆ گێڕانەوە سوودی گرتوە. مەنسوور حامیدی لە ڕۆمانی «دوورە دەراوی سوورە چۆم»دا هەوڵێکی شایانی بۆ ڕۆمانی پۆست مۆدێڕن داوە.
لە کۆتاییدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەکی گشتی بە نوسه‌رە گەنجەکان بکەم، کە لە ڕاستیدا دڵخۆشیی داهاتووی چیرۆکی کوردین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەک لەو کەسانە عەلی حوسێنی لە سەقز بە ڕۆمانی «کەتنگە» و «سەفەرەکانی شەوبا»یە کە ئەم دوایین ڕۆمانەی ساڵی 2017 بڵاوکردەوە. ڕزگار لوتفی بەرگی یەکەمی ڕۆمانی «نیشتمان» و سێ کۆمەڵە چیرۆکی تا ئێستا بڵاو کردۆتەوە. خاتوو شەپۆل مەجیدپوور بە کۆمەڵە چیرۆکی «ئەو نامانەی هەرگیز نەخوێندارنەوە» لە پێشدا وەکوو دەنگێکی نوێی چیرۆکنووسی ژنان خۆی ناساند و لەم دواییانەدا سێ نۆڤێڵتی لە کتێبکدا بە ناوی «حکوومەت نیزامی» و چیرۆکێکی درێژ بەناوی «ملوانکەکانی دایکم» کە چیرۆکێکە بۆ منداڵان و ڕەخنە لە تەڵاق و جیایی خێزانەکان دەگرێ، بڵاو کردۆتەوە. خانمی پەری کەریمی‌نیا یەکێ لەو نوسه‌رە پڕ کارانەیە کە تا ئێستاکە ڕۆمانی «هەموو ڕێگاكان دەچنەوە قڕەجار» و سێ کۆمەڵە چیرۆکی «کێ لە من و ڤیرجینیا وۆڵف دەترسێ»، «قاوەکان خراپ سەفەر دەکەن» و «قەست و نییەتمە هەنارێک بسمیل بکەم»ی بڵاوکردۆتەوە. سەدیق ڕەسووڵی کۆمەڵە چیرۆکی «سەیدەوان»ی لە چاپ داوە کە چیرۆکی سرنجڕاکێشی تێدان. هێمن عەبدوڵاپوور لەو گەنجە چیرۆکنووسانەیە کە داهاتوویەکی باشی بۆ پێشبینی دەکرێ. هێمن ساڵی 2012 کۆمەڵە چیرۆکی «دەنگەدەنگی بێدەنگی» و ساڵی 2017 کۆمەڵە چیرۆکی «با زۆر شت لەگەڵ خۆی نابا»ی بڵاو کردۆتەوە. هیوا قارەمانی ساڵی 2017 کۆمەڵە چیرۆکێکی بەناوی «نیار» بڵاو کردۆتەوە کە زمانی گێڕانەوەیەکی تایبەتی هەیە. خانم چنوور سەعیدی لە سنە دوو کۆمەڵە مینیماڵی بەناوی «هەناسەی پێخەفە داخراوەکانی ئەبەدی» و «تەنیا خەمی گوڵە مێخەکەکانمە» تا ئێستا بڵاو کردۆتەوە. خانم سارا سادق‌زادە ساڵی 2016 ڕۆمانی «ئاسمانێکی بێ مەودا» و کۆمەڵە چیرۆکی «ئەم چیرۆکانە زۆر ژنانەن» بڵاو کردەوە.
بێگومان چیرۆکنووسانی‌ دیکەش هەن کە دەرفەتی ئاماژە پێدانیان لەم وتارە کورتەدا نیە و ڕەنگە شێوەیەکی تایبەتیان بۆ گێڕانەوە _لانیکەم لە چیرۆکی ڕۆژهەڵاتدا- پێ بێ. ڕەخنە و خوێندنەوەی چیرۆکی هەر یەک لەو نوسرانەی لەم وتارەدا باسمان کرد وتار و دەرفەتێکی تایبەتی دەوێ و ڕەنگە نەتوانین بە وردی ئاماژە بە گشت لایەن و ڕەهەندەکانی گێڕانەوەی تاکەتاکەی ئەمانە بکەین.
* لە فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە
( لە ژمارەی ٧٢٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)