وتەکانی شاعیر و نووسەری فارس “شەفیعی کەدکەنی” سەبارەت بە زمانی گەلانی ئێران کە ئەو بە زاراوە خۆجێیەکانی ئێران ناوی بردوەو بە بێڕێزییەوە لەسەریان دواوە، هەڵوێستی قەڵەمبەدەستان و چالاکانی ئەدەبیی کوردی لێکەوتەوە.
جێی ئاماژەیە ماوەیەک لەمەوپێش تۆمارە دەنگێکی حەوت خولەکی لە شەفیعی کەدکەنی لە کاتی وانە گوتنەوە لە زانستگای تاران لە رۆژی ١ی جۆزەردان بڵاوبۆوە کە تێدا بە نموونە هێنانەوە لە وڵاتی هێند و سیاسەتی زمانەوانی باس لە زمانی فارسی دەکا و ترسی خۆی لە گەشەی زمانەکانی گەلانی دیکەی ئێران نەشاردۆتەوە و بە مەترسییەوە باسی لێوەدەکا و بە پلانی وڵاتانی داگیرکەر، گرێداوەتەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە کە دەرخەری رۆانگەی شوونیستانەیە، بەشێک لە چالاکانی ئەدەبی و قەڵەمبەدەستانی کورد بە پشتبەستن بە مێژووی ئەدەبی کورد و بەڵگەی زانستی وڵامی ئەو نووسەرە فارسەیان داوەتەوە.
لە وڵامی نووسەری فارس شەفیعی کەدکەنی، دکتور ڕەهبەر مەحموودزادە مامۆستای زانکۆو خەڵکی شاری شنۆ، لە بابەتێک کە گۆڤاری “شی” بڵاوی کردۆتەوە بە وردی و بەشێوەی زانستی تواناییەکانی زمانی گەلانی ئێران بەتایبەتی زمانی کوردیی خستوتەڕوو.
ڕەهبەر مەحموودزادە لە بابەتەکێک لە ژێرناوی “لە شەفیعی کەدکەنیەوە تا مارتین هایدگر” بە شێوەی بەڵگەمەند باسی لە باڕست و تواناییەکانی زمانەکانی دیکە بە تایبەتی زمانی کوردی کردوەو کە سەرەڕای نەبوونی دەسەڵات و دامەزراوەی پێوەندیدار بە گەشەی زمانی کوردی، بەڵام ئێستاش یەکێک لە دەوڵەمەندترین زمانەکانە. ئەو هەڵوێست گرتنەی” شەفیعی کەدکەنی”ش بە ڕوانگەیەکی تۆخ سیاسی وپاوانخوازنە لە قەڵەم داوە، نەک وتەیەکی زانستیانە.
هەروەها لە درێژی بەرپەرچدانەوەی وتەکانی شەفیعی کەدکەنی بنکەی فەرهەنگی ئەدەبیی پڕشنگی گەلاوێژ(شنۆ) بەیاننامەیەکیا بڵاو کردووتەوە، لەو بەیاننامەیەدا هاتوو:
ئەم ڕۆژانە بێ ڕێزی کەسایەتییەکی بەناوبانگی فارس بە زمانی کوردی هەموو ڕایەڵه کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و هەستی بریندار کردووین. ئەوە جارێکی دیکە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە شۆونیزمی بەرچاوتەنگ چۆن دەڕوانێتە زمان، کلتور و مێژووی ڕەسەنی گەلانی دیکە، قسەکردن لە سەر زمان بوێری و زانستی خۆی دەوێ کە بەخۆشییەوە شەفیعی کەدکەنی و لاینگرانی نیانە-ئەوان بەو چەواشەکاریی و درۆیانە دەیانهەوێ کەمایەسی بنچ و ڕەگی زمانی سەقەت و نوێی فارسی پێ داپۆشن کە تژی-یە لە وشەگەلی عارەبی، کوردی و تورکی.
لە کۆتایی بەیاننامەی بنکەی فەرهەنگی و ئەدەبیی پرشنگی گەلاوێژ، بە خستنە بەرباسی زمانی کوردی و کەڵە نووسەرانی گەلی کورد لەو بارەوە هاتووە:
ئێمە لە بنکەی فەرهەنگی ئەدەبیی پرشنگی گەلاوێژ(شنۆ) وەک داکۆکی لە شۆناس و هوویەتی زمانی گەلەکەمان ئەو جۆرە قسە پڕوپووچانە کە پڕ بوون لە بێ ڕێزی کردن بە زمانێکی خاوەن دیرۆک مەحکوم دەکەین و داواکارین چیتر کەسانی نابەرپرس و نەزان بە مەبەستی تایبەت گەمە بە هەستی پاقژی گەلی ڕەسەنی کورد نەکەن.