ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ڕوانسەر، وێڕای هەڕەشەلێکردن لە چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە فشاریان خستووتە سەر ئەو چالاکانە کە لە چالاکیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆ ببوێرن.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ڕوانسەر فشاری زیاتری خستووتە سەر چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە و هەڕەشەی لێیان کردووە، کە چیدیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی نەکەن.
یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری ڕوانسەر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ڕوانسەر چالاکانی مەدەنیی ئەو شارەی بانگ کردووە ، ئەوانی خستووتە ژێر فشار و تەنانەت هەڕەشەی دەسبەسەرکرانیان لێ کراوە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی بکەن.
بە پێی قسەکانی ئەو هاووڵاتییە ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ڕوانسەر هەڕەشەی لە چالاکانی مەدەنیی کردەوە، لە ئەگەری لەبەرچاو نەگرتنی هۆشدارەکانی ئەو ئیدارەیە، لەگەڵ سزای قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.
هەروەها ئەو چالاکە مەدەنییە دەڵێ: ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ کونتڕۆڵکردن و پێکهێنانی کەشوهەوای ئەمنیەتی لە شاری ڕوانسەر لە حاڵی سازکردنی بینایەک بۆ سپای پاسدارانن.
ئەو چالاکە مەدەنییە لە کۆتاییدا سەرەڕای باس لە فشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە و سازکردنی بەربەست بۆ چالاکییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتی: چالاکانی مەدەنیی لەو پێوەندییەدا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی.