بەپێی هەواڵێك کە بە ماڵپەڕی “کوردستانو کورد” گەیشتووە بەرپرسی بەندیخانەی شاری زەنجان “سادقیفەڕ” بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان مەرەخەسی ناداتە زیندانییە کوردەکان.
بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستانو کورد، سەرۆکی دەزگای دادی شاری زەنجان، بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان بڕیاری مەرەخەسی بە دانانی بارمتە داوەو ، لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی زەنجانەوە چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەدا زیندانییە کوردەکان لەپەراوێزخراونو ئیزنی مەرەخەسییان پێ نەدراوە، بە پاساوی ئەوەی کە ئەوان خۆجێی نین و خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی ئێرانن.
لە لایەکی دیکەشەوە هەمان زیندانییان کاتێک کە داوای ئاڵوگۆڕی زیندانەکەیان دەکەن کە بچنەوە زیندانی شاری خۆیانو لەوێ ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕێنن هەموو کات بە حوکمی “سادقیفەڕ” بەرپرسی زیندانی ناوەندیی شاری زەنجان ڕەت دەکرێتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا زیندانییە کوردەکانی بەندیخانەی شاری زەنجان بۆ دیتنی بنەماڵەکانیان لە گوشاردانو پێیان ڕاگەیاندوون کە بە دوومانگ جاریک ڕێگە بە بنەماڵەکانیان دەدرێ کە بێن سەردانی زیندانییەکان بکەنو چاویان پێ بکەوێ.
هەڵاواردنی سیستەماتیکی کوردەکان لە ئێران بەشێوەیەکی داڕێژراو بەڕێوەدەچێو لە تەواوی بووارەکاندا کوردەکان لە پەراوێز دەخرێنو ڕێگەیان پێ نادرێ وەکوو هاووڵاتییەکی پلەیەک لە مافە سەرەتاییەکانیان بەهرەمەند بن.