Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۳۰ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 21/10/2018 | کاتژمێر:
جیهان

٢ شیركه‌تی دیكه‌ی‌ جیهانی‌ چالاكییه‌كانی‌ خۆیان له‌ ئێران ڕاگرت

02/06/2018 | 14:37:02
+A
-A

شیركه‌تی‌ بیناسازیی دایلیمی‌ كوره‌ی‌ باشوور و جێنراڵ ئه‌لكتریكی‌ ئه‌مریكا هاوكارییه‌كانی‌ خۆیان له‌گه‌ڵ كۆماری‌ ئیسلامیی ئێران ڕاگرت.
شیركه‌تی‌ دایلیم ئینداستریاڵی‌ كوره‌ی‌ باشوور كه‌ ساڵی‌ 1395 براوه‌ی‌ گرێبه‌ستی 4 ساڵه‌ به‌ بڕی 3/2 تریلیۆن و 9/1 میلیارد دۆلار بۆ په‌ره‌پێدانی‌ پاڵاوگه‌ی‌ ئیسفه‌هان هاتبووه‌ ئێران به‌ هۆی‌ كشانه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌رجام و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ گه‌مارۆكان بۆسه‌ر ئێران قه‌رارە تا كۆتایی مۆڵه‌تی‌ ئه‌مریكا هه‌موو چالاكییه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ ئێران كۆتایی پێ بێنێ.
یه‌كه‌م گرێبه‌ستی‌ ئه‌و شیركه‌ته‌ له‌ ئێران بۆ ساڵی‌ 1353 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌و شیركه‌ته‌ تا پێش ئه‌و گرێبه‌سته‌ بۆ په‌ره‌پێدانی‌ پاڵاوگه‌ی‌ ئیسفه‌هان به‌ ده‌یان پڕۆژه‌ی‌ بیناسازیی به‌ بڕی‌ 55/4 میلیارد دۆلار له‌ ئێران جێبه‌جێ بكا.
هه‌روه‌ها وال ئیستریت ژورناڵ له‌ ڕاپۆراتێكدا ده‌نووسێ: شیركه‌تی‌ ئه‌مریكایی جێنراڵ ئه‌لكتریكیش بڕیاری‌ كشانه‌وه‌ی‌ له‌ ئێران داوه‌ و به‌و زووانه‌ ئێران به‌جێ دێڵێ.
ئەو شیركه‌ته‌ جگه‌ له‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا به‌ ئێران فرۆشتووه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 3 مانگی‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2018 بڕی‌ 49/1 میلیۆن دۆلار سه‌فارشی كاڵای‌ له‌ ئێران وه‌رگرتووه‌.
وه‌زاره‌تی‌ خه‌زێنه‌داریی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ مۆڵه‌تی‌ هاوكاریی شركه‌تی‌ جێنراڵ ئه‌لكتریك له‌گه‌ڵ ئێران سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ نوامبەر كۆتایی پێدێ.
بیكێر هیوز، یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی‌ سه‌ره‌كیی شیركه‌تی‌ جێنراڵ له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: “ئێستا ئێمه‌ له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ داین كه‌ كۆتایی به‌ چالاكییه‌كانمان بێنین و به‌شێك له‌و گرێبه‌ستانه‌ی‌ كه‌ تا ئه‌و مۆڵه‌ت دیاركراوه‌ به‌سه‌ر نه‌چوون جێبه‌جێ بكه‌ین و كه‌لوپه‌له‌كانمان بۆ ئێران به‌رین و پێش ڕۆژی 4ی‌ نوامبەر هه‌موو كاره‌كانمان له‌ ئێران ته‌واو كردبێ.”
هه‌روه‌ها ناوبراو ده‌ڵێ: ئه‌و شیركه‌ته‌ پێڕه‌وی‌ له‌ قانوون و سیاسه‌تی‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ده‌كا.
شه‌پۆلی چوونه‌ده‌ری‌ شیركه‌ت و بانكه‌كانی‌ بیانی‌ له‌ ئێران له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ دۆناڵد ترامپ، سه‌ركۆماری‌ ئه‌مریكا ته‌نیا مۆڵه‌تی‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ گه‌مارۆكان بۆسه‌ر ئێران داوه‌ و هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناخی‌ جێبه‌جێ كردن. وڵاتانی‌ ئورووپایی به‌رجام و هه‌روه‌ها ڕووسیه‌ و چینیش دژی‌ ئه‌و بڕیاری‌ ترامپن.
ئه‌مریكا 3 بۆ 6 مانگی‌ دیكه‌ مۆڵه‌تی‌ به‌و شیركه‌ته‌ بیانیانه‌ داوه‌ كه‌ هه‌موو چالاكییه‌كانی‌ خۆیان له‌ ئێران ڕابگرن.
هه‌ندێك له‌ شیركه‌ته‌ گه‌وره‌كانی‌ وه‌ك تۆتاڵی‌ فه‌رانسه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ تا ئه‌و كاته‌ چالاكییه‌كانمان له‌ ئێران كۆتایی پێدێ. ئه‌و شیركه‌ته‌ ساڵی‌ ڕابردوو گرێبه‌ستی‌ 4 میلیارد و 800 هه‌زار دۆلاریی له‌گه‌ڵ ئێران ئیمزا كردووه‌ كه‌ له‌ مه‌یدانی‌ نه‌وتی‌ پارسی باشوور هاوكاریی ئێران بكا.
گه‌مارۆ نوێیه‌كانی‌ ئه‌مریكا دژی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی ئێران ته‌نانه‌ت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر شیركه‌ته‌ گه‌وره‌كانی‌ ئاسیاییش هه‌بووه‌ و شیركه‌تی‌ لووك ئۆیل، دووهه‌مین شیركه‌تی‌ نه‌وتی‌ ڕووسیه‌ و شیركه‌تی‌ ریلاینس بڕیاری‌ خۆیان سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌یان له‌ ئێران داوه‌.