Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۴ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۷ | 15/08/2018 | کاتژمێر:
کوردستان

ئاسۆ حەسەن‌زادە: ڕێژیمی ئێران، خەڵکی ئەو وڵاتەی بە بارمتە گرتووە

30/05/2018 | 17:31:18
+A
-A

دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە جێگرسکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و وتەبێژی دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبە، لە وتووێژێک لە گەڵ بەشی ئینگلیزی “ڕووداو” سەبارەت بە پرسی بەرجام و لێکەوتەکانی بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئامریکا لەو ڕێککەوتنە ڕوابۆچوونی خۆی و خوێندنەوەی حیزبی باس کرد.
ئاسۆ حەسەن ‌زادە لە سەرەتای قسەکانی سەبارەت بە کشانەوەی ئامریکا لە رێککەوتنی بەرجام گوتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی بڕیارێکە لە پێوەندی لە گەڵ ڕێژیمێک وا ئێمە بە دژی خەبات دەکەین سروشتی‌ترین هەڵوێست بۆ ئێمە ئەوەیە پێشوازی لەو بڕیارە بکەین وئەو بۆچوونە باوە کە کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی بە پێچەوانەی قانوونی نێونەتەوەیی دەزانن،ئەمن لەو باوەڕەدام کە ئە بڕیارە شتێک نیە جگە لە ئەنجامی مەنتقیی کار و کردەوەکانی ئێران.
دوکتور ئاسۆ لە درێژەی قسەکانی ئاماژەیە بە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا داوە بە نیسبەت کۆماری ئیسلامی و، هەڵسەنگاندنی بۆ کردوەو لە پێوەندی لەگەڵ بەرجام ڕایگەیاند؛ کەموکۆڕیی هەرە بنەڕەتیی “بەرجام” ئەوە بوو کە بە پێچەوانەی ناوەکەی “جامع” نەبوو و تەنیا گەشەپێدانی ناوەکیی بوو ، دەزانین کە باڵی هەرە توندڕەوی ڕێژیمی ئێران، بە توندی موخالف بوو کە پرسەکانی دیکە بخرێنە بازنەی دانوستانەکانەوە.
جێگری سکرتێری گشتیی حدک، بە باس کردن لە گەمارۆەکان و ستراتێژی ئیدارەی تڕامپ لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی و ڕەفتاری ئەو ڕێژیمە لە گەڵ خەڵکی خۆی و کاریگەریی سزا و گەمارۆەکانی ئامریکا بە سەر ئێران لەو بارەوە گوتی: کەس ناتوانی حاشا لەوە بکا کە سزا ئابوورییەکان لە پێشدا زیان بە خەڵک دەگەیەنن ، بە تایبەتی چین و توێژە هەرە بێ‌دەرتانەکان کە دەبێ ڕێژیمی ئێران لەوبارەوە لۆمە بکرێ و، جێگەی داخە کە خەڵکی وڵاتێکی دەوڵەمەند وەکوو ئێران بەمجۆرە لە لایەن حکومەتی خۆدی ئەو وڵاتەوە بە بارمتە گیراوە.
لە بەشێکی دیکە لە وتووێژی دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە لەگەڵ بەشی ئینگلیزی “رووداو” بە لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی سیاسی ئێستاکەی ئێران و خەباتی گەلی کورد لەو بارەوە هاتووە: بۆ ئەم قوناغە کە لە پێشمانە، لە گەڵ ئەوە‌دا کە ئەولەوییەتمان ڕێکخستنی خەڵک لە ناوخۆیە، هیچ کام لە شێوە مەشرووعەکانی خەبات بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەلا نانین و، خۆمان بۆ ئەوکاتە ئامادە دەکەین کە بارودۆخی نێوخۆیی و هەلومەرجی نێونەتەوەیی کۆمەک بە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکەن.
دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە لە کۆتایی قسەکانی‌دا بە باس کردن لە باشترین شێوەی ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و گوزینەکانی بەردەستی ئامریکا و یەکیەتیی ئەرووپا لەو بارەو ڕاوبۆچوونی خۆی باس کردوە کە، باشترین ستراتێژی بۆ ئامریکا لە بەرامبەر ئێراندا ئەوەیە ڕێگایەکی سێیەم هەیە کە هەق وایە تاقی بکرێتەوە، ئەویش بریتی‌یە لە بەشدارکردنی بە کردەوە و کارکردن لەگەڵ ئەو هێزانە، وا لایەنگری گۆڕانن لە ئێران، هاوکات لەگەڵ مێکانیزمێک بۆ پێشگرتنی ڕێژیم لە سەرکوتی خوێناویی بزووتنەوەی ئاشتیخوازانەی خەڵک، ئێمە ئامادەین لە دۆزینەوەی ئەو ڕێکارانەی هەم لە باری قانوونی و سیاسییەوە پەسندن و هەم لە گەڵ واقعییەتی ئەمرۆ و داهاتووی ئێران گونجاون، بزووتنەوەی کورد دەتوانێ لەو پێوەندییە‌دا هاوکار و هاوپەێمانێکی باش و دەرفەتێکی بە سوود بێ.