Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۳ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 13/11/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

ڕەوت و قۆناغەکانی چیرۆکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (2-1)

22/05/2018 | 00:02:23
+A
-A
کاروان محەممەد پوور

پێشەکی
بێگومان یەکێک لە دژوارترین تەوەرەکانی ئەدەبیاتی کوردی، باسکردن لە ئەدەبی گێڕانەوەیی یا هەمان «ئەدەبیاتی داستانی مۆدێڕنە». ئەم دژوارییە بەتایبەت لە نێو ئەدەبیاتی داستانی کوردستانی ئێران زیاتر زەق دەبێتەوە. ڕەنگە هۆی ئەم دژوارییەش بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەداخەوە تا ئەمڕۆکە کتێب یان توێژینەوەیەکی شیاومان لەسەر ئەم بەشەی ئەدەبیات نەبووه و تەنانەت مێژووی ئاسایی ئەم ڕەوتە ئەدەبییەش واتە ئەدەبی داستانی مۆدێڕن پێناسە نەکراوە. دووهەم؛ لە ساڵانی پێشوودا بەشێک لە کتێبە داستانییەکانی نوسهرانی ڕۆژهەڵات، لەو باشووری کوردستان چاپ دەبوون و زۆر بە دەگمەن بەدەستی خوێنەری نێو ئێران دەگەیشتن. هەر بۆیە بەشێک لەو کتێبانە ئێستاکەش لەنێو خەڵک نەناسراون. سێهەم، گوتاری زاڵی ڕۆشنبیری کوردی بە گشتی و بەتایبەت ئەدەبیاتی کوردی هەمیشە گوتارێکی «شێعری» بووە، ئەم گوتارە دەرفەتی خۆدەرخستنی بە «نەسر» و بەتایبەت ئەدەبی داستانی نەداوە، دیارە گوتاری زاڵ هەمیشە بێ ئەوەی بە شێوەی ئاسایی هەستی پێبکرێ، خۆی مانا و ڕەوتی فیکری بە شێوەی هێژمۆنی لەسەر نوسهر و خوێنەرەکانی دەسەپێنێ، ئەوەی کە ئەم گوتارە لە مێژووی ئەدەبی کورددا بوونی هەیە جیگەی ڕەخنە نیە، بەڵام نەبوونی هیچ دیالەکتیکێک لە گوتارگەلی جیاواز و بەردەوامبوونی گوتاری شێعری لە گشت ئاستە ڕۆشنبیرییەکانی کورد خۆی لە خۆیدا جێگەی ڕامان و سهرنجی تایبەتە. لە لایەکی دیکهوه خۆی بەگوتاربوونی چەمکێکی تایبەت هەرگیز بەومانایە نیە کە تەنیا و تەنیا ئەو چەمکە بوونی هەیە. بەڵکوو بەو واتایەیە کە سیستەمی گشتی لە ژێر کاریگەریی ئەم چەمکە دایە.
بەڵام لەمەڕ ئەدەبی داستانی مۆدێڕن لە کوردستانی ئێران، ئەتوانین لە چەند ڕوانگەوە پێناسەیەک بۆ پۆلێنکردنی ئەم ڕەوتە بکەین، وەکوو باس کردن لە شێوەی بەکارهێنانی تەکنیکگەلی گێڕانەوە و پەرژانەسەر زانستی گێڕانەوەناسیی، یان باسێک لە سەر نیشانەناسیی گێڕانەوەیی و هێنانەئارای بابەتی مۆدێلی گێڕانەوە و پلۆت (گەڵاڵە)، بێگومان ئەم پێناسانە زۆرن و بەپێی مێتۆد و قوتابخانەی زانستی جیاوازن. بەڵام من لەو وتارەدا، بەکورتی لە ڕوانگەی “کۆمەڵناسیی ئەدبی”یەوە و بە گریمانەی (لوسین گۆڵدمەن) (سێ قۆناغ بۆ چیرۆکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکەم. دیارە گۆڵدمەن وەکوو مارکسیستێک، ئەدەبیات لەمەڕ شێوەی هەڵسوکەوت و کاریگەریەکانی کاپیتالیزم ئەخوێنێتەوە، لە گریمانەی گۆڵدمەن خاڵی بەرچاو شوناس و کەسیەتی (کاراکتهر)ه. هەڵبەت بەر لەوەی باسی ئەم سێ قۆناغە بکەم، دەبێ ئاماژەیەک بەوە بدەم کە گریمانەکەی گۆڵدمەن بەشێوەی ڕێک و بێ دەستکاری ئەم مێژوویە پیناسە ناکا. ئەمەش کێشەیەکە کە گشت ڕوانگە و گریمانەی زانستی مرۆیی رۆژئاوایی بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی_رۆژهەڵاتی جیهان_ دەگرێتەوە ئەم تەوەرە، باسێکی درێژخایەنە لەسەر فەلسفەی مێتۆد(Philosophical methodology) و فەلسەفەی گریمانەیی(Theoretical philosophy)زانست، کە دێتە سەر ئەو گرفتە کە گشت گریمانەکانی ئەدەبی ڕۆژئاوا پاڵپشتی مێژوویی لەسەر ڕەوتی ئەدەبیی خۆیانەوە هەیە، واتە ئەگەر فڵانە بیرمەند گریمانەیەک دەردەبرێ جیا لە پاڵپشتی زانستی و فەلسەفی، پاڵپشتێکی دیکهی هەیە کە لەسەر مێژووی ئەدەبی و ئەزموونەکانی ئەدەبی خۆیانەوە زەق دەبێتەوە. ئێمەش ڕەنگە بتوانین بەتایبەت لە مۆدێلی گێڕانەوەدا و چۆنیەتی نواندنی پلۆت و چۆنیەتیی فەزاسازی و بەکارهێنانی تەکنیکەکانی گێڕانەوە وەها گریمانەیەک تایبەت بە خۆمان پێک بێنین، هەڵبەت کارێکی زۆر ئەستهمە و پێویستیی بە ئارشیڤسازی و مێژوونوسینەوە هەیە و دەبێ چەندین توێژەر و ئاکادێمیای لە پشت بێ.
بەگشتی دەتوانین ڕەوتی چیرۆکی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە سێ قۆناغ دابەش بکەین، هەڵبەت ئەگەر زیاتر ورد ببینەوە، ئەم قۆناغانە _بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا -هەرکامە بۆخۆیان بە چەند بەش پۆلێن دەکرێن، نابێت لەیادمان بچێ کە چیرۆک پرۆژەیەکی ناتەواوە و لە هەر سەردەمانێک خۆی بە شێوەیەک بەرهەم دێنێ، بۆیە لەم پۆلێنکردنەدا لەگەڵ چیرۆک و ڕۆمانگەلێک بەرەوڕوو دەبینەوە کە ڕەنگە بەپێی ساڵی نوسینیان لە ڕیزی دەستە و قۆناغی دووەم یان سێیەمدا بن، بەڵام لەڕووی پێکهاتەی گێڕانەوەیی و زمان و نێوەرۆکی چیرۆک، بکەونەوە قۆناغی پێش، یان دوای خۆی.

قۆناغی یەکەم: ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی
لوسین گۆڵدمەن بۆ ئەدەبی ڕۆژئاوا-هەڵبەت تا سەردەمانی خۆی- سێ قۆناغ پێناسە دەکا. گشت ئەم سێ قۆناغە لەمەڕ چەمکەکانی کاپیتالیزم و هەڵسووکەوتی ئابووری ئەو و کاریگەریی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری لەسەر مێشکی مرۆڤ دەگرێتەوە. گۆڵدمەن پێی وایە سەردەمی یەکەمی سەرمایەداری، ئابوورییهک پێک دێنێ کە مرۆڤ بۆ لای تاکەکەسی و (فەردییەت) ئەبا. شێوەی خۆجێی ئابووری و ئابووریی ئازاد، کاریگەریی حکوومەت کەمڕەنگ دەکاتەوە و ئیتر مرۆڤ خۆی وەک تاکێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت ئابووری بەرەوروو دەبێتەوە. وەها چەشنێک لە کارکردی سەرمایەداری، مرۆڤێک پێک دێنێ کە هەست دەکا ئیتر تەنیا و تەنیا خۆیەتی و دەبێت خۆی خۆی ڕزگار بکا، واتە هیچ خوایەک و هیچ حکوومەتێک نیە کە ڕزگاری بکا. بۆیە کاراکتێرێک کە لە ئەدەبیات بەرهەم دێ، کەسایەتییەکە بە کێشەگەلی تاکەکەسی و ئەم کێشانەش گشتیان لە نێو کۆمەڵگادا دەبینێتەوە و لە هەوڵی وڵام دانەوە یان چارەسەریان دێت. لێڕەدایە کە بە پێناسەی گۆڵدمەن، «مرۆڤی خاوەن کێشه«خۆ دەنوێنێ. مرۆڤێک کە کێشەی هەیە و لە حەولی چارەیەک بۆ کێشەکانییەتی. گۆڵدمەن دەڵێ: «ئەم کاراکتێرە/مرۆڤە، دەستپێکی ژانرێکی مۆدێڕن بە ناوی ڕۆمانە». فەزای وەها چیرۆکێک، چەشنێکە لە ڕیالیسمی کۆمەڵایەتی. لە ئەدەبی جیهانیدا ڕۆمانەکانی باڵزاک و تۆلۆستۆی و لەم خانەیەدا جێ دەگرن.
بەم پێیە، قۆناغی یەکەمی چیرۆکی کوردی لە ئێران لە ساڵی 1942 تاوهكوو ساڵی 1993 دەگرێتەوە، واتە قۆناغی دامەزراندن. جێگەی ئاماژەیە کە لە مێژووی ئەدەبی جیهانیدا، ڕۆمان پێش کورتە چیرۆک سەرهەڵ دەدا، بەڵام لە مێژووی ئەدەبی کوردی _لە گشت ناوچەکانی_ ئەم ڕەوتە بەپێچەوانەیە. هۆی بە پێچەوانەبوونی ڕەنگە لایەنی زۆر بگرێتەوە کە لەم وتارەدا دەرفەتی باسکردنی نییە.
قۆناغی یەکەمی چیرۆکی ڕۆژهەڵات بە نوسینی کورتە چیرۆکی (پێکەنینی گەدا)ی حەسەن قزڵجی دەست پێ دەکا. لەم قۆناغەدا کەمترین چیرۆکی کوردی تێدا دەنووسرێ. لە پاش نوسینی (پێکەنینی گەدا) و بڵاوبوونەوەی لە یەکێک لە گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە ئیتر تا ساڵی 1980 هیچ چیرۆک و ڕۆمانی بڵاوکراوەمان نیە. هەڵبەت لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، ڕەحیم قازی لە دەرەوەی وڵات یەکەمین ڕۆمانی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی (پێشمەرگە) دەنووسێ و 1961ی زایینی بڵاوی دەکاتەوە، ئیتر جیاواز لەم دوو کارە، هیچ کارێکمان نیە و بێدەنگییەکی سارد و سڕ بەسەر فەزای چیرۆکی کوردیدا سێبەر دەکێشێ. ئەم بێدەنگییە لە ساڵی (1980) بە نوسینی کۆمەڵە چیرۆکی (ئاشەوان)ی مستەفا ئیلخانیزادە و دواتر نۆڤێلێتی تەنزی (باقەبێن)ی ئەحمەد قازی لە ساڵی (1981) و، (بووکی گۆڕستانی کۆن)ی مەلا کەریم ڕاوچی لە ساڵی (1989) دەشکێ، بەڵام هیچ یەک لەم چیرۆکانە ئەوەندە ئاستی پێکهاتەی داستانی و گێڕانەوەیان لەسەرێ نیە کە وەکوو دەقێکی شیاوی چیرۆک چاو لێ بکرێن و کەموکۆڕیی بنەڕەتیان تێدایە، واتە هیچکام لەو سێ کارە نەیانتوانی لێهاتوویی حەسەن قزڵجی لە گێرانەوەدا بقۆزنەوە سەر چیرۆکی خۆیان و لانیکەم بتوانن لە ئەزموونی قزڵجی، یان تەنانەت ڕەحیم قازی بەهرە وەربگرن. هەر لە قۆناغی یەکەمدا بەشێکمان هەیە کە وا باشە ناوی بنێینە بەشی دووەمی قۆناغی یەکەم، ئەویش لەبەر بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی «هاوارەبەرە»ی فەتاح ئەمیرییە له ساڵی (1991ی زایینی). ئەم ڕۆمانە بە بەراوردی سێ کاری پێشوو پێکهاتەی داستانیی شیاوتری هەیە و هۆمێدمان پێ دەدا کە توانستەکانی چیرۆکی خۆمان دەربخەین. فەتاح ئەمیری دواتر لە ساڵی (1993ی زایینی) ڕۆمانی (میرزا) لە درێژەی هاوارەبەرەدا دەنووسێ. دەتوانین تەوابوونی ئەم قۆناغە بە نوسینی ئەم ڕۆمانە ناوزەد بکەین.
قۆناغی یەکەم لەڕووی پێکهاتەی گێڕانەوەوە، پێکهاتێکی هێڵی و یەک ڕەهەندی هەیە، کاراکتێرەکانی، کەسایەتیی ساکارن و نوسهر هەوڵی دەروونناسانەی بۆ پێکهێنانی کەسایەتی نیە و زیاترین نێوەرۆکی چیرۆک، ڕەخنە لە کۆمەڵگەی نەخوێندەوار و فێئۆدالیزم و دەربەگایەتیی کوردستانە. بەگشتی ئەم قۆناغەی لەژێر چەمکی (ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی) دەتوانین پێناسەی بکەین. تەنانەت سووژەی چیرۆکی ئەو سەردەمانە هەر سووژەی واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی بوو و کەسەکان و ڕووداوەکان زۆر جار کەس و ڕووداوی ڕاستەکی بوون. کاراکتێر، کەسیەتێکی خاوەن کێشەیە کە لە حەولی چارەسەری گرفتەکانی کۆمەڵگه دایە و خۆ وەکوو ڕەخنەگرێک لەمەڕ ژیانی واقیع پێناسە دەکا. وەک ئەوەی ئاماژەمان دا، لەم قۆناغەدا جیاواز لە (پێکەنینی گەدا) و ڕۆمانی (پێشمەرگە)، تەنیا کاری بەرچاو لەڕووی پێکهاتەی چیرۆک دوو ڕۆمانی فەتاح ئەمیرییە کە کاریگەریی ڕۆمانەکانی (مەحموود دەوڵەتئابادی)، بەتایبەت ڕۆمانی (کەلیدەر) و (جێگای بەتاڵی سلووچ)یان بەسەرەوە دیارە. ئەم قۆناغە ئەگەرچی لە پێکهاتەی داستاندا بەهێز نیە، بەڵام لەڕووی داڕشتن و زمانی کوردییەوە شتێکی بێ وێنەیە، واتە گشت چیرۆکنووسانی ئەم قۆناغە کوردیزانێکی لێهاتوو بوون و زمانی کوردییان بە جوانترین شێوە لە کارەکانیاندا نواندووە.
* لە فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە
( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)