Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۳۰ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۷ | 20/06/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

زمانی زگماگی

21/05/2018 | 23:55:05
+A
-A
نووسەر: ئالفۆنس دوودە وەرگێڕ: حسێن گوڵۆڵانی

وەرزی باران و حەقەپەڵەی پاییز بوو، بە چزووی سەرما گەڵای دارەکان وشک دەبوون و، دەوەرینە سەر زەوی. باڵندەکان پۆل پۆل لە ئاسمان باڵیان لێ دەدا و کۆچیان دەکرد. ئەمڕۆ دیسان وەکوو جاران درەنگ گەیشتبوومە قوتابخانە، قوتابخانە بێدەنگ و مەنگ بوو. بە ترس و لەرزەوە چوومە پۆله‌که‌مان و، ئیزنم خواست. مامۆستاکەمان لە کاتێکدا خەتکێشێکی پانی بە دەستەوە بوو، تەماشای سەر تا پێمی کرد و بە بەزەییەوە گوتی: «بڕۆ دانیشە، دیسان درەنگ هاتی».
لە کاتێکدا هه‌موو منداڵه‌کان سەریان بۆ لای من وەرگێڕابوو، بە شه‌رمه‌وه‌ چووم و لە سەر جێگای خۆم دانیشتم. سەر و سەکتی قوتابخانە تەواو گۆڕابوو، خەڵکی نێودێ، وەکوو شاگردەکان، لە سەر کورسییە به‌تاڵه‌کانی خوار قوتابخانە و، لە سەر عەرزی دانیشتبوون، تەنانەت پیرترین وەرزێری نێودێ و نامەبەرەکەش هاتبوون. من کە سەرم سووڕ مابوو، چاوم بە مۆلەق وێستا بوو، سەیری دەور و بەرمم کرد، منداڵان هەموو بێدەنگ بوون و، کەس قسەی نەدەکرد. لەو کاتەدا مامۆستا چووە پشت کورسییەکەی و کوتی: «منداڵاینه‌، ئەمڕۆ دوایین ڕۆژی قوتابخانه‌یه‌، بە دەستوورێ کە لەلایەن ستادی ئه‌ڕتەشی ئاڵمان بە ئێمە گەیشتووە، دەبێ لە سبەینێ ڕا بە جێی زمانی زگماگیی خۆمان، زمانی ئاڵمانی فێر بن و، بۆ ئەو مەبەستە سبەینێ مامۆستایەکی دیکەتان بە جێی من بۆ دێ».
ئەو قسانە و نێوچاوانی مۆنی مامۆستا، منی ڕاتڵه‌کاند و زانیم، کە هۆی ئەم کۆبوونەوەیە چیە. بەڵێ… ئەوانە، هاتبوون تاکوو لەگەڵ مامۆستای گونده‌که‌مان ماڵئاوایی بکەن. ئه‌من کە هەموو جارێک، لە ڕێزمانی زگماگیی خۆم تەمبەڵ بووم، ئەمجارەیان بە ڕۆیشتنی ئەو دەبوا له‌ بیر خۆمی به‌رمه‌وه‌. ئاخ که‌ چەندە دڵم کورکی ئەو ساتانە بوو کە بە جێی ‌ قوتابخانە و چوونه سه‌ر پۆل خلیسکێنم دەکرد و… بریا دیسان دەگەڕانەوه‌.
چاوم لە کتێبەکانم بڕیبوو، ئەو کتێبانەی کە لەوە پێش لێیان بێزار بووم، بەڵام ئێستاکە بوونەتە دۆستانی قەدیمی، ئەرێ لێم سوورە لە دووریی ئەو کتێبانە عەزابی ویژدان دەبینم. لە فیکر و هزردا نوقم ببووم کە لە پڕ بانگیان کردم، نۆبەی ئه‌من بوو تاکوو بۆ دوایین جار وانه‌که‌م لێ بپرسنه‌وه‌، بەڵام هیچم لە وانەی پێشوو لە بیر نەمابوو، لەو کاتەدا حازر بووم هەرچی هەمە بیدەم تاکوو ناوی بکەر بە جوانی پێناسه‌ کەم، بەڵام هەر لە سەرەتاوە بە جارێک لە هۆشم چوو و هەر وا بێدەنگ مامەوە. مامۆستا بە دەنگێکی بە سۆزەوە گوتی: «کوڕم، تەمبێت ناکەم، تۆم زۆر تەمبێ کردوە، هەر ڕۆژێک کە لە تەمەنمان ده‌ڕوا، بە خۆمان دەڵێین: جارێ زۆرمان ماوە و سبەینێ خه‌ریکی وانه‌کانمان ده‌بین. بەڵام دیتتان کە بە سبەینێ ناتوانین باوەڕ بکەین».
مامۆستا چاوێکی بە دەور و بەری قوتابخانەدا خشاند، دەتگوت نایهەوێ تەنانەت لە دیوارەکانی قوتابخانە، کە دڵی پێ بەستووە جیا بێتەوە. ئەو دیسان ڕووی کرده‌ من و بە سۆزەوە پێی گوتم: «بڕۆ ڕۆڵە دانیشە». چوومه‌وه‌ سه‌ر جێی خۆم و ئەویش کەمێک لە زمانی زگماگی دوا، لەوەی کە هەر چی دەیگوت لێی حاڵی بووین، سەرم سوڕ مابوو. قەدرم نەزانیبوو، پەشیمان بووم. بێدەنگییەک هه‌ر هه‌موو قوتابخانەی داگرتبوو، هەموو خەریکی نووسین بوون، بێجگە لە دەنگی خزینی پێنووس لە سەر لاپەڕەی تێنووس، دەنگێکی دی نەدەهات. چەند مێش و زەردەواڵەیەک لە کەلێنی چڕژاو و شکاوی پەنجێرەکەوە هاتبوونە ژوورێ، به‌ڵام بێجگە لە من کەس سەرنجی نەدانێ، هەموو تامەزرۆیانە خەریکی نووسینی دوایین سەرمەشق بوون کە مامۆستا بۆی دادابووین. لە سەربانی شیروانیی قوتابخانە، کۆترەکان گمەگمیان بوو، لە دڵه‌ خۆمدا گوتم: دەبێ لەوە بەولاوە کۆترەکانیش زمانی داگیرکەران بخوێنن!؟
جار نا جارێک سەرم لە سەر کاغەز هەڵدێنا و سەیری مامۆستام دەکرد کە لە سەر کورسییه‌که‌ی جووڵه‌ی له‌ خۆی بڕیوه‌ و لە شتەکانی دەوروبەری دەڕوانێ، دەتگوت دەیهەوێ پێش ڕۆیشتن هەموو شتێک لە خەزێنەی بیرەوەریدا بە یاد بسپێرێ. دوا وانه‌ی ئه‌مڕۆژه‌مان وانه‌ی مێژوو بوو. دوایەش قوتابییه‌ بچکۆلەکان، پێکەوە و بە دەنگی بڵیند، پیتەکانی ئەلف و بێیان بەخش دەکرد و دەبژارد. وەرزێرە پیرەکەی ناودێش لە کاتێکدا چاویلکە بن ئیستیکان و گەورەکانی لێ دابوو، لەگەڵ منداڵان پیتەکانی ئەلف و بێی دووپات دەکردنه‌وە و دەنگی لە بۆ لەدەستدانی زمانی زگماگی لە هەیبەتا دەلەرزی و، ئێمەی کرچ و کاڵ و تێنەگەیشتووش، بە دەنگی لەرزۆک و دڵپڕی ئەو، گریان و پێکەنینمان تێکەڵ ببوو. لە پڕ کاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆ دەهۆڵیان کوتا و دەنگی شەیپووری سەربازەکانی ئاڵمانی و کرپە کرپ و سیڕەی چەکمەکانیان، لە ژێر دەرکەی قوتابخانە هاته‌ گوێمان، مامۆستا ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا و هەستا سەر پێ، هیچ کاتێک ئەوم ئاوا سیس و خەمبار نەدیبوو، ئەو بە سۆزەوە گوتی: «ئازیزه‌کانم… ئه‌من… من…» شتێک ئازاری دەدا، چونکوو نەیتوانی قسەکانی تەواو بکا. له‌ حاڵیکدا چۆکی ده‌نووشتانه‌وه‌، بەرەو تەختە ڕەشەی قوتابخانە چوو، له‌ته‌ گەچێکی بە دەستەوە گرت و بە هه‌موو هێزییه‌وه‌ و بە پیتێکی قه‌ڵه‌و نووسیی: «هەر بمێنێ سەربەخۆیی و ئازادی».
لە ڕوومەتی چرژاوی فرمێسک هاتە خوارێ و بە ئاماژه‌ی دەستی تێیگه‌یاندین کە، دەرس و وانە تەواو بوو … بڕۆن، بڕۆن، بڕۆن.
( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)