Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۳۰ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۷ | 20/06/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

قازی محەممەد، قۆناغەکانی دروستبوونی ڕێبەرێکی کاریزما (بەشی دووهەم)

21/05/2018 | 23:33:13
+A
-A
عومەر باڵەکی

ئەوانەی قازی محەممەدیان لە نزیکەوە دیوە چ کوردستانی و چ غیرە کورد هەموویان لە سەر ئەوە کۆکن کە پێشەوا وتاربێژێکی بە توانا بووە و وتارەکانی لە ڕستەی کورت کورتدا ده‌کرد و بە هەڵوێستەیەکی کورت ئیدامەی دەدا. لەو بارەوە هەموو کات پێشەوا لە دوای وتاردانیدا لە نیزیکانی خۆی دەپرسی کە وتارەکەی چۆن بووه‌. لەو بارەوە خه‌لیل فتاحی قازی لە کتێبی «مێژووی بنەماڵەی قازی»دا بیرەوەرییه‌ک دەگێڕێتەوە و دەڵێ: «قازی محەممەد نیازی هەبوو بۆ چەند ڕۆژێک شار بەجێ بهێڵێ بە مەبەستی بەشداریکردن لە زماوەندی ڕه‌حیم ئاغا، کوڕی سه‌یفولقوزات لە ئاوایی گوێگجه‌لی. بۆیه‌ بۆ ئارامیی شار لە دوای خۆی لە بەردەرگای شارەوانی قسەی بۆ خەڵک کرد و خەڵکی هان دا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و، تەشویقی کردن بە یەکیەتی و برایەتی . دوای قسەکانی پێشەوا خەڵک بە چەپڵەلیدان و «بژی قازی محەممەد» کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە هێنا و دوای ئەوە پێشەوا بە هاوڕێیەتیی میرزا مەناف کەریمی و میرزا عەلی ڕه‌یحانی و چەند کەسی دیکە بەرەو گوندی گوێگجه‌لی مەهابادیان جێ هیشت. لە ڕێگادا قازی محەممەد لە میرزا مه‌ناف کریمی کە لە نزیکی بوو، پرسی: نەزەرت لە سەر وتارەکە چ بوو؟ میرزا مەناف دەستی کرد بە پێداهەڵگووتن بە قازی محەممەد کە کەس ناتوانی وەک ئەو ڕەوانبێژ بێ. لە دواییدا ڕووی لە من کرد کە لە پشتی ماشینەکە دانیشتبووم گوتی فڵانی ئه‌دی لە سەر ئەو بابەتە نەزەری ئیوە چیە؟ گوتم ئەگەر ئیزنم بدەی بێ پێداهەڵگوتن نەزەری خۆم دەردەبرم. فەرمووی بیڵێ. گوتم جەنابی پێشەوا وشەکان زۆر دووپات دەکەیەوە و بێ په‌ردە و زۆر بە زمانی عامیانە قسە دەکەی. پێشەوا فەرمووی سەبارەت بە ئیرادی یەکەم هەوڵ دەدەم لە قسەکردندا دووپاتکردنەوەم زۆر کەم بکەمەوە و بەڵام سەبارەت بە ئیرادی دووهەمت، من لە قسەکردن بۆ خەڵک مەبەستم ئەوەیە کە هەموو چین و توێژەکانی بەشدار لە کۆبوونەوە لە قسەکانم تێبگەن. بەڵام هەوڵ دەدەم لە قسەکردنەکانی دواییدا نەزەراتەکەت وەبەر چاو بگرم.»
ـــ ڕەحمان قازی لە کتێبی «ڕۆژگاری ونبوو»دا دەڵێ: «قازی محەممەد لە لای مامۆستا عبدولڕەحمان گیو و میسدال خانم فێری زمانی ئینگلیزی و، لای کەسێکی دی بە ناوی میرزا سمایل فێری زمانی ڕووسی بووە. هەر کات زانیبای کەسێک وشەیەک ڕووسی یا ئینگلیزی یا ئەلمانی دەزانێ هیچ سڵی نەدەکرد و یەکسەر دەچوو بۆ لای و داوای دەکرد فێری بکا. کتێبی وشەناسیی هەر سێ زمانی پەیدا کردبوو و بەردەوام دەیخوێندنەوە. هەر وەها ئەوکات کە ڕووسەکان لە ساڵی ١٩١٥ تا ساڵی ١٩١٧ دەسەڵاتیان بەسەر مەهاباددا هەبوو، قازی محەممەد هەوڵی دا زمانی ڕووسی فێر ببێ و بەم شێوەیە قازی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا توانی جیا لە زمانی زگماکیی خۆی، زمانه‌کانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و ڕووسی و تورکی فێر ببێ.
پێشەوا بێجگە لەو تایبەتمەندییانە کە لە سەرەوە باسمان کردن کەسێکی کۆمەڵایەتی و تێکەڵاو بە خەڵک بووە و هەموو کات ویستوویەتی کۆمەڵگه‌ی کوردەواری لە قافڵەی پێشکەوتن بە جێ نەمێنێ و بە کردار و بە گوفتار ئەو هەوڵەی داوە. لە کتێبی «پێشەوای ڕابوون»، بیرەوەرییەکانی سەعید هومایووندا هاتووە: «هەر پێشهاتێک لە ساڵەکانی ١٣٠٠-١٣٢٠ی هەتاویدا لە مەهاباد و موکریاندا ڕووی دابا، قازی محەممەد و ئەبوولقاسم سەدر قازیی برای، دەبوونە دەمڕاستی خەڵک و تەواوی کاروباری کۆمەلایەتی، فەرهەنگی و ئیداری بە ڕێنوێنی و ئاگاداریی ئەوان جێبەجێ دەکرا. ساڵی ١٣٠٧هەتاوی کە بۆ یەکەم جار کۆمەڵەی شێروخورشیدی سوور لە مەهاباد دامەزرا قازی محەممەد پارچە زەوییەکی پێشکەش کردن کە دواتر نەخۆشخانەیەکی لێ سازکرا… قازی محەممەد بە ویستی خۆی لە سەرەتای دامەزرانی کۆمەڵەی شێروخۆرشیدی سوورەوە هەتا سالی ١٣٢١ی هەتاوی سەرۆکایەتیی ئەو کۆمەڵەیه‌ی وەئەستۆ گرت و وێڕای کاروبارەکانی دیکەی ئەو خزمەتە ئینسانییەی بە جێ دەگەیاند.»
ــ نه‌جه‌فقولی پسیان، هەواڵنێری ئەو کاتی ڕۆژنامەی «ئیتلاعات» کە لەو کاتدا لە نیزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکانی کوردستان بووە، لە کتێبی «لە مەهابادی خوێناوییەوە هەتا لێوارەکانی ئەرەس» له‌باره‌ی پێشەوا ئاوا دەنووسێ: «قازی محەممەد لە کاتی دەسەڵاتداره‌تیی خۆی لە مەهاباد بە شێوەیەکی تایبەت هەڵسوکەوتی دەکرد. بەوجۆرە ئیزنی نەدا لە شار قەتل و تاڵان و برۆ ڕوو بدا و ماڵی خەڵک بە تاڵان بچێ. لە دەورەی دوو ساڵ کە قازی محەممەد فەرمانڕەوا بوو تەنیا یەک کەس لە خەڵکی شار کوژرا، هەر بۆیە خەڵک هۆگرییه‌کی تایبەتیان بە قازی محەممەد پەیدا کردبوو.»
ــ حه‌میدڕەزا جه‌لالی‌پور لە کتێبی «قازی محەممەد لە نیوان ساڵەکانی ١٣٢٠- ١٣٢٤» دا له‌باره‌ی پێشەوا ئاوا دەنووسێ: «… لە هەلومەرجێکی ئاوادا کە قازی محەممەد بە عینوانی ماموستایەکی ئایینی کە باوکی قازی شار بوو، قۆڵی هیمەتی بۆ بەرێوەبەری و چارەسەری کێشه‌کانی خەڵکی شار هەڵماڵێ. ئەو لەو کاتەدا هێندێک لە خەڵکی شاری ئامادە کرد و بە داردەست و چەکی جۆراوجۆر چەکداری کردن هەتا لە بەرامبەر دزی و تاڵان و برۆ و دەستدرێژیدا پارێزگاری لە شار بکەن. ناوبراو هەروەها مەسەلەی خواردەمەنیی خەڵکی لەگەڵ کارمەندانی خۆجێی چارەسەر دەکرد و بە کردنەوەی مه‌حکەمەیەک و بەڕێوەبردنی ئەو مه‌حکه‌مەیە لەلایەن خۆیەوە چارەسەری کێشەکانی خەڵک دەکرد. هەر بەو کار و کردەوانە بوو کە قازی محەممەد جیێ خۆی لە دلی خەڵکدا کردبۆوە و لەلایەن ئەو خەڵکەوە نازناوی «پێشەوا»ی پێ به‌خشرا.»
ــ سەبارەت بە دڵسۆزیی پێشەوا بۆ خوێندنی منداڵانی مەهاباد و هەبوونی خویندنگا لەو شارەدا مەناف کەریمی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان دەڵێ: «لە بیرمە لە دوای ڕووخانی حکوومەتی دیکتاتۆریی ڕەزاشا و داخرانی قوتابخانەکان، بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان قازی محەممەد زۆری زەحمەت کیشا. لەگەڵ چەند مامۆستایەک سەبارەت بە کردنەوەی قوتابخانەکان قسەی کرد و فەرمووی ئێوە دەرگای قوتابخانەکان بکەنەوە و بە منداڵانی ئەو نەتەوە بێبەشە وانە بڵێن، ئه‌گه‌ر بە فرۆشتنی ئەم بەڕەیە (دەستی لە سەر ئەو بەڕە دانا کە لە سەری دانیشتبوو) بێت ناهێڵم ئێوە بێ مووچە بن.»
زۆربەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە کاری دادوەری و قەزاوەت بۆ بنەماڵەی قازی محەممەد سەرچاوەی داهات نەبووە، بەڵکوو کاری دادوەرییان تەنیا بۆ ڕاپەراندنی کاری خەڵک و پاداشی ئاخرەت کردووە و بژیوی ژیانیان لە ڕێگای داهاتی ئەو گوندانەوه‌ کە لە ناوچەی بۆکان هەیانبوو، دابین دەکرد.
ــ ویلیام ئیگلتون جونیر لە کتێبی «جمهوریی کوردستان» له‌باره‌ی کەسایەتیی پێشەوا و سووربوونی لە سەر بریار بەو جۆرە دەدەوێ:
«بە پێچەوانەی هێندێک قازی، هەر کاتێک قازی محەممەد لە سەر مەسەلەیەک دوای لێکۆلینەوەی ورد و پێویست بڕیاری دەدا، ئەو بڕیارە کۆتایی بوو و ئیمکانی نەبوو ئاڵوگۆڕی تێدا پێک بێ.» ناوبراو لە درێژەی بابەتەکەیدا دەنووسی: «ڕوخساری بەشێوەیەک بوو هەر کەس ئەوی دیتبایە مەجبوور دەبوو لە بەرامبەریدا ڕێز بنوێنێ… قازی وتاربێژ وسوخه‌نڕانیکی بەتوانا بوو، لە قسەکردندا عادەت و خووی وابوو ڕستەی کورت بە کار بێنێ و ئەو ڕستە کورتانە هێزێکی سەیریان تێدا بوو کە کاریان لە بیسەر دەکرد، لە نێوان هەر سێ چوار وشەدا هەڵوێستەیەکی دەکرد…»
ــ حوسێن فردوست کە دۆستی نزیکی شا بوو و لە منداڵییەوە هاوڕێ و هاوپۆلیی بوو، لە کتێبی بیرەوەریی خۆیدا بە ناوی (ظهور و سقوط پهلوی) بەو شێوەیە باس لە خۆشەویستیی پێشەوا و پێگەی دێموکرات دەکا لە نێو خەڵکی کوردستاندا: «… دوای ئەوە کە تەورێز و مەهاباد لەلایەن ئەرتەشی پاشایەتی گیرانەوە و هەر دوو حکومەتی ئازه‌ربایجان و کوردستان ڕووخان، بە شا گوترابوو کە بە هۆی ئێعدامی قازی محەممەد خەڵکی مەهاباد پێشوازیت لێ ناکەن. هەر بۆیە محەممەدڕەزا ڕۆژێک بە منی گوت سواری ماشێن بە و بێ ئیسکۆرت و پارێزەر بەرەو مەهاباد وەڕێ کەوتین و بە چەندین کیلومیترمان بڕی هەتا گەیشتینە مەهاباد. هەر دووکمان جلی نیزامیمان لەبەر بوو، لە نێو شار لە ماشێنەکە دابەزین و بە پێی پیادە شەقام و کۆڵانەکانی شارمان پێوا. هیچ کەس بە دەرەوە نەبوو، کەس پێشوازیی لێ نەکردین و تەنانەت فەرمانداریش نەهات بۆ پێشوازیمان. بەڵام خەڵک لە پشتی پەنجەرەوە ته‌ماشایان دەکردین. خۆمان گەیاندە پادگان، هەموو سەربازەکان لە حاڵی پشووداندا بوون و بێجگە لە ئەفسەرێک هیچ کەس ئیمەی نەناسییەوە، بەڵام ئەو ئەفسەرە محەممەدڕەزای ناسییەوە و ئیحترامی نیزامیی دانا و دەستووری دا ئەفراد بۆ سان دیتن ئامادە بن؛ بەڵام محەممەدڕەزا ئیزنی نەدا و گوتی پێویست نیە…. کاتێک دەمانهەویست بگەڕێینەوە لە مەیدانێکی بچووک و چۆڵدا دیتمان دارێک چەقێندراوە. محەممەدڕەزا بەمنی گوت ئەگەر هاتین ئێرە هیچ دارێکی لێ نەبوو و ئەو دارە لە ماوە کورتەدا چەقێندەراوە. ئێرە ئەو شوێنەیە کە قازی محەممەدی لێ ئیعدام کراوە. دوای لێکۆڵینەوە و به‌دواداچوون دەرکەوت لەو ماوە کورتەدا چەند مەهابادی ئەو کارەیان کردووە. ئەوە وەزعی پێشوازیی خەڵکی مەهاباد بوو لە شا و جیاوازیی هەبوو لەگەڵ پێشوازیی خەڵکی تەورێز کە لە شایان کرد.»
ــ ئارچی ڕوزڤێلت لە میدل ئیست جورنال ١٩٤٧ ئاوا لە سەر کەسایەتیی قازی محەممەد دەنووسێ: «قازی محەممەد پیاوێکی زۆر بە دین و سادە و بێ فیز و دەعی بوو، نە جگەره‌ی دەکێشا و نە مه‌شڕووبی دەخواردەوە. وێنەکەی خۆی کە لە پشت میزی کارکردنەکەی و بە دیوارەکەوە لە سەرووی نەخشەی جوغرافیایی دنیا هەڵواسرابوو، ڕەنگدانەوەی دەقاودەقی خۆی بوو، لەم وێنەیەدا پیاوێکی لاوازی ڕەنگ زەردی سیمای زاهیدانەی قژ کورتی ڕیش کۆرپە دەبینرێ کە شتێکی تێدایە کە کار زۆر لە بینەر دەکا، ئەویش پڕشنگی نیگایەتی. بەڵام لە پاڵ ئەم تایبەتمەندییانەوە، پیاوێکی ئاقڵ و بە فیکر و میانەڕەو بوو.»
درێژەی هەیە…
( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)